مانگرتنی کارمەندانی پزیشکی سوریا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمکردنەوەی مووچە
دوێنێ دووشەممە 16ی شوبات، کۆمەڵێک پزیشکی زنجیرەی نەخۆشخانەکانی ئەلمەواسات لە دیمەشق (پایتەختی سوریا) لەگەڵ کارمەندانی دیکەی پزیشکی، لەوانە پەرستار و فیزیۆتراپیست، مانیان گرت و لە گۆڕەپانی نەخۆشخانەکە دانیشتن، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیاری حکومەت بۆ کەمکردنەوەی مووچەی کارمەندانی پزیشکی.
بەشداربووانی دانیشتنەکە ناڕەزایی توندی خۆیان لە بڕیارەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند، مووچەی نوێ لەگەڵ بارودۆخی ژیانی ئێستا و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیاندا ناگونجێت.
جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەو مووچەیەی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی ئێستا بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەکان دایانناوە لەگەڵ ئاستی بەرپرسیارێتی کارمەندانی پزیشکی ناگونجێت.
خۆپیشاندەران داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە بڕیارەکەدا بچنەوە و بارودۆخی کارمەندانی چاودێری تەندروستی باشتر بکەن، هۆشداریشیان دا کە تێکچوونی ئاستی ژیانی کارمەندان کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالیتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەبێت کە پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل
