تاڵیبان و ئۆزبەکستان ٢٥ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە بەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار واژۆ دەکەن
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوبات ڕایگەیاند، بازرگانانی ئەفغانستان و ئۆزبەکستان لە کۆنفرانسی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتدا 25 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان بە بەهای زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار واژۆکرد.
وەزارەتەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنانە لە پارێزگای » سیر دەریای « ئۆزبەکستان واژۆکراون.
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ڕایگەیاندووە، ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنانە کەرتەکانی "بیناسازی، خۆراک، کشتوکاڵ، مۆبیلیات، جلوبەرگ و دەرمان" لەخۆدەگرێت.
نورەدین عەزیزی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەم ساڵانەی دواییدا گەشەسەندن و فراوانبوونی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبووەتەوە و توانای فراوانبوونی زیاتری هەیە.
وەزیری پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەشت بڕگە کاڵای ئەفغانستان و شەش بڕگە کاڵای ئۆزبەکستانیش ڕێککەوتنی بازرگانی ئیمتیازدار واژۆ کراوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان، ئارکینجۆن توردیمۆڤ، پارێزگاری » سیر دەریای « لە ئۆزبەکستان، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵاتیشی بە گەشەسەندن وەسف کردووە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دەرفەتە ئابووری و بازرگانییەکان داوای لە بازرگانانی ئەو دوو وڵاتە کرد کە باس لەو دەرفەتانە و داواکارییەکانیان و پێشنیارەکانیان بکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل
