کارمەند ڕواندزی بۆ گوڵان:ژینگەی شاخاویی و سرووشتی جوانی ڕواندز هەوێنی سەرەكیی ئیلهامە بۆ من
كارمەند ڕواندزی، وەك هونەرمەندێكی گەنج و بەهرەمەندی شاری ڕواندز، توانیویەتی پێگەیەكی دیار لە نێو كایەی هونەری كوردیدا بۆ خۆی دابین بكات. ئەو تەنیا گۆرانیبێژێك نییە، بەڵكو وەك مامۆستایەك لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، بناغەیەكی ئەكادیمی و زانستیی بۆ كارەكانی داناوە. ناسنامەی هونەریی ئەو بە گۆرانیی شاد، فۆلكلۆری و میللییەكانەوە گرێ دراوە، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی كە لە هەڵپەڕكێ و بۆنە جەماوەرییەكاندا دەگوترێنەوە، بەڵام تواناكانی ئەو تەنیا لەم چەشنانەدا قەتیس نەماون، بەڵكو لە گوتنی مەقام و بەستەی كوردییشدا شارەزاییەكی لێهاتووانەی هەیە و، بەردەوام لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و یوتیوبەوە بەرهەمە كلیپكراوەكانی دەگەیەنێتە جەماوەرەكەی.
لە دیدگەی كارمەندەوە، گەڕانەوە بۆ بنەماكانی هونەری فۆلكلۆر و گوتنەوەی بەرهەمە نەمرەكانی هونەرمەندە پێشەنگەكان، نەك هەر هەنگاوێكی پێویستە بۆ هەر هونەرمەندێكی نوێ، بەڵكو ئەركێكی ئەخلاقییشە بۆ زیندووكردنەوەی كەلەپووری مۆسیقای كوردی. ئەو پێی وایە ئەم ڕێگەیە كورتترین و ڕاستترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی هونەرمەند بە خێرایی بچێتە ناو دڵی خەڵك و، هاوكات تواناكانی خۆی لە ئەداكردنی گۆرانیدا تاقی بكاتەوە. هەرچەندە ئەو جیاوازییەكی زۆرباش لە نێوان سەركەوتنی بەرهەمە كۆنەكان و بەرهەمە تایبەتەكانی خۆیدا نابینێت، بەڵام ددان بەوەدا دەنێت كە جەماوەر ئارەزوویەكی زیاتریان بۆ گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان هەیە، ئەمەش پاڵنەرێكە بۆ ئەوەی بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە كار لەسەر هەردوو لایەنەكە بكات.
یەكێك لەو ئاستەنگانەی كە لە گوتنەوەی گۆرانییە كۆنەكاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە، خراپیی كوالێتی تۆماركردن، یان ناڕوونیی تێكستە ڕەسەنەكان بووە، لەم پێناوەدا، كارمەند بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ تێكستەكاندا كردووە، بە جۆرێك كە هەندێك جار گۆڕانكاریی تێدا كردوون بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕۆحی گۆرانییەكەدا بگونجێن و بە شێوازێكی سەردەمیانە بگەنە گوێگر، بێ ئەوەی زیان بە ڕەسەنایەتییەكەی بگەیەنێت.
لە كایەی نمایشە زیندووەكاندا (لایڤ موزیك)، كارمەند ڕواندزی زۆربەی كات بە تەنیا دەردەكەوێت، ئەمەش نەك لەبەر كەمبایەخكردنی هونەرمەندانی دیكە، چونكە ئەو ڕێزێكی زۆری بۆ هەموو دەنگ و جەماوەرێكی جیاواز هەیە، بەڵكو ئەمە زیاتر وەڵامدانەوەیەكە بۆ داخوازیی هەوادارەكانی كە دەیانەوێت بەو ستایلە تایبەتەی خۆی بیبینن. سەرقاڵبوونی بەردەوامی بەم لایڤ موزیكانەوە وای لێ كردووە كە ماوەی سێ ساڵ بێت نەپەرژێتە سەر سازكردنی ئاهەنگی تایبەت، سەرەڕای ئەوەشی كە داواكارییەكی زۆری لەسەرە.
بەشێكی گرنگی ناسنامەی دەنگی كارمەند، پەیوەستە بە فۆرمی «حەیران»ـەوە. ئەو حەیران وەك ڕەسەنترین فۆرمی هونەری كوردی دەبینێت كە هەر كەسێك ناتوانێت دەستی بۆ ببات، ئەم شارەزاییەی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و ئەو كاریگەرییە قووڵەی كە مامۆستا «حەسەن سیساوەیی» لەسەری دروستی كردووە. ئەو پێی وایە ژینگەی شاخاویی و سرووشتی جوانی ڕواندز، هەوێنی سەرەكیی ئیلهام و بەهرە دەنگییەكەیەتی، كە وای لێ كردووە بتوانێت بە هەموو ستایلەكان بچڕێت.
لە كۆتاییدا، كارمەند ڕواندزی گەیشتنی بەم ئاستە لە ناوبانگ و خۆشەویستیی خەڵك بە ڕێكەوتێكی جوان و پڕ بایەخ وەسف دەكات. ئەو بە شانازییەوە دەڕوانێتە ئەو پێگەیەی كە ئێستا هەیەتی و دڵخۆشە كە دەبینێت هەوادارانی زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی كارە نوێیەكانی دەكەن، ئەمەش بۆ ئەو گەورەترین دەستكەوتی هونەرییە.
