نارین فەقێ بۆ گوڵان:هونەرمەند دەبێت پەیامەكەی مرۆڤدۆستی و پارێزەری مافەكانمان بێت

نارین فەقێ بۆ گوڵان:هونەرمەند دەبێت پەیامەكەی مرۆڤدۆستی و پارێزەری مافەكانمان بێت

نارین یەكێكە لە خانمە هونەرمەندە ناسراوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەمیشە خاوەن هەڵوێست بووە لە پرسە نەتەوەییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، سەبارەت بە گرنگی ڕۆڵی هونەرمەند لە پرسە نەتەوەییەكان ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ساز كرد.

*هەمیشە دەڵێین «خاكەكەمان داگیر كراوە»،بەڵام زمان و كەلتوورمان پارێزراو بووە بە بڕوای ئێوە، هونەر و ئەدەبیات چۆن ئەم ڕۆڵەیان گێڕاوە؟

-كاتێك خاك و دەسەڵاتی سیاسی لە نەتەوەیەك دەسەندرێتەوە، ئیتر «زمان» دەبێتە تاقە نیشتمانێك، كە مرۆڤ تێیدا بژی. نووسەرانی ئێمە تەنیا شیعریان نەنوسیووە، ئەوان بەو نووسینانە ڕێگرییان لەوە كرد كە زمانەكەمان لە ناو گێژەنی زمانە سەردەستەكانی ناوچەكەدا ون ببێت، ئەوە تەنیا هونەر نەبوو، بەڵكو جۆرێك بوو لە «بەرگرییەكی بێدەنگ». لە فۆلكلۆرەوە بگرە تا حەیران، لاوژە و مەتەڵەكان، ئەمانە هەموویان بوونە ئەو پردەی كە ناسنامەی ئێمەیان لە گوندەكانەوە بۆ شارەكان گواستەوە و ڕادەستی نەوەكانی ئەمڕۆیان كرد.

٭هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەكتان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دا، ئەم بیرۆكەیە چۆن درووست بوو؟

-لەو كاتانەی كە گەلی كوردستان لە هەموو پارچەكاندا تووشی كارەسات و نەهامەتی دەبوون، من وەك هونەرمەندێك كارێكی هونەریم وەك پشتیوانی و نیشاندانی هاوسۆزی بۆیان پێشكەش دەكرد، بەڵام ئەم جارەیان بارودۆخەكە زۆر لەوە قورستر بوو، بۆیە من و خێزانەكەم هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی هاوكاریمان بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد، ئەوانەی ئاوارەی شاری (دێرك) بووبوون كە زێدی خۆمە. بە هاوكاریی هەمووان بڕێكی زۆرمان لە هاوكارییەكان كۆكردەوە، وەك پارەی نەختینە، جلوبەرگ، خۆراك و پێداویستییە پزیشكییە گرنگەكان، توانیمان بیگەیەنینە ڕۆژئاوای كوردستان و بەسەر زیاتر لە (١٥٠) خێزاندا دابەشی بكەین، لە ڕۆژانی داهاتووشدا هەوڵ دەدەین هاوكاری زیاتر كۆ بكەینەوە.

نارین فەقێ بۆ گوڵان:هونەرمەند دەبێت پەیامەكەی مرۆڤدۆستی و پارێزەری مافەكانمان بێت

*تا چەند هونەر وەك بەڵگەیەكی مێژوویی ڕۆڵی بینیوە؟

-بێگومان وابووە، كاتێك داگیركەران ویستوویانە ناوی شارەكان بگۆڕن یان نكۆڵی لەبوونی كورد بكەن، تابلۆیەك كە جۆری جلوبەرگمان نیشان دەدات، یان گۆرانییەك كە ناوی چیا و ڕووبارەكانی كوردستانی تێدایە، دەبنە بەهێزترین بەڵگە بۆ ئەوەی بڵێین: ئێمە لێرە بووین. كاتێك شیعرێكی ئەحمەدی خانی یان مەلای جزیری دەخوێنیتەوە، تێدەگەیت كە ئەم گەلە بە سەدان ساڵە خاوەنی فەلسەفە و ڕوانگەی كۆمەڵایەتیی خۆیەتی، هونەر لێرەدا دەبێتە ئەرشیفێكی زیندوو كە هیچ هێزێك ناتوانێت لەناوی ببات.

*زۆر جار باس لە هاوسەنگیی نێوان ڕەسەنایەتی و مۆدێرنیتە دەكرێت، ئایا مرۆڤ دەتوانێت هەم كوردێكی ڕەسەن بێت و هەم بە شێوازێكی جیهانییش بیر بكاتەوە؟

-بێگومان، گرنگ ئەوەیە كە ئێمە ناوەڕۆكە ڕەسەنەكە بپارێزین، بەڵام بە زمان و شێوازی سەردەم پێشكەشی بكەین. بۆ نموونە: چی تێدایە ئەگەر مۆسیقای فۆلكلۆری ئێمە لە ناو شێوازێكی وەك ڕۆك یان جازدا ببیسترێت؟ یان چیرۆكە كۆنەكانمان بە ئەنیمەیشن و كایە ڤیدیۆییەكان نیشانی منداڵان بدرێن؟ زمانی ئێمە نابێت تەنیا ببێتە زمانی گریان و ڕابردوو، دەبێت ببێتە زمانی تەكنەلۆژیا و داهاتووش. كاتێك گەنجی ئێمە دەبینێت كە كلتوورەكەی لە جیهانی دیجیتاڵیدا شوێنی هەیە، ئیتر نەك هەر شەرمی لێ ناكات، بەڵكو بە شانازییەوە بڵاوی دەكاتەوە.

*چۆن هونەر دیواری ڕق دەڕووخێنێت بێ ئەوەی پاشەكشە لە مافە نەتەوەییەكانی خۆمان بكەین؟

-نووسەر و هونەرمەندی كورد دەتوانێت نیشانی بدات كە كێشەی ئێمە لەگەڵ گەلانی دراوسێ نییە، بەڵكو لەگەڵ ئەو عەقڵییەتە دیكتاتۆر و داگیركەرەیە كە مافی كەس ناناسێت. هونەرمەند دەبێت پەیامی مرۆڤدۆستی بدات، بەڵام لە هەمان كاتدا جەخت بكاتەوە كە ژیانی هاوبەش بەبێ ناسینی مافەكان، تەنیا جۆرێكی دیكەیە لە ژێردەستەیی. هونەر دەبێت ببێتە پردێك، بەڵام پردێكی وەها كە ئێمە بە سەربەرزی و بە پاراستنی كەرامەتی نەتەوەیی خۆمانەوە بەسەریدا تێپەڕین.

*ڕۆڵی ئافرەتی كورد لەم بوارەدا چۆن دەبینیت؟

-ئافرەتانمان لە دوو بەرەدا خەباتیان كردووە: بەرەیەك دژی داگیركەران و بەرەیەكیش دژی عەقڵییەتی باوكسالاریی كۆمەڵگە. ئافرەتە نووسەرەكانمان توانییان وێنەی ئافرەت لە قوربانییەكەوە بگۆڕن بۆ بڕیاردەر، سەلماندیان كە ئازادیی خاك بەبێ ئازادیی ئافرەت نابێت. درووشمی ژن، ژیان، ئازادی كە ئەمڕۆ جیهانی گرتووەتەوە، گەورەترین نموونەی ئەو كاریگەرییە قووڵە هونەری و فكرییەیە كە ژنی كورد خوڵقاندوویەتی.

*ئایا ئەركی هونەرمەندان لە دەرەوەی وڵات تەنیا هونەر بۆ هونەرە؟

-نەخێر، ئەركی ئەوان زۆر لەوە گەورەترە. ئەوان دەبێت ببنە دیپلۆماتی كلتووری، پێویستە بە زمانە جیهانییەكان كار بكەن بۆ ئەوەی پەیامەكەمان بگاتە مرۆڤەكایەتی، نەك تەنیا بۆ خۆمان بدوێین.

دەبێت لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا هونەرەكەیان وەك لۆبییەك بۆ ناساندنی دۆزی كورد بەكاربهێنن. ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە كە بە زمانێكی مۆدێرن و بە هونەرێكی بەرز، ڕاستییەكانی خۆمان بە جیهان بڵێین.

Top