18ی شوبات ، قەڵایەکی پۆڵایین بۆ زانست و ناسنامەی نەتەوەیی
٧٣ ساڵ لە لوتکەبوون و پێگەیاندنی نەوەیەک کە چەکی زانیاری و سەنگەری پاراستنی کوردستانیان پێکەوە کۆکردەوە.
کاتێک مێژووی پڕ لە شانازیی گەلی کورد هەڵدەدەینەوە، دەبینین لە هەناوی تاریکترین ساتەکاندا، کاتێک داگیرکەران بە سەد چاو تەماعیان لە خاک و نیشتمانمان بوو، تیشکێکی ڕووناکیی لە شێوەی ڕێکخراوێکی تۆکمە سەری هەڵدا. (١٨)ی شوباتی ١٩٥٣، تەنها ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان نەبوو، بەڵکو ڕۆژی بونیادنانی قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری بوو کە تیایدا (پێنووس) و (تفەنگ) بۆ یەک ئامانج تێهەڵکێش کران.
ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر ڕاسپاردەی ڕابەری نەتەوەییمان، (بارزانی نەمر) هاتە کایەوە، لە وەڵامی زەروورەتێکی مێژووییدا بوو بۆ کۆکردنەوەی وزەی گەنجان لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا. بارزانی نەمر بەو دیدگا قووڵەی کە بۆ داهاتووی نەتەوەکەی هەبوو، هەمیشە دەیفەرموو:
(قوتابیان سەرەڕمن لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێکدا)
ئەمە تەنها وتەیەکی سادە نەبوو، بەڵکو متمانەیەکی بێ سنوور بوو بەو نەوەیەی کە بڕیار بوو داهاتوو بونیاد بنێن. هەروەها جەنابی بارزانی نەمر لە پەیامێکی مێژووییدا بۆ گەنجان دەفەرموێت: (هیوای پاشەڕۆژی گەلەکەمان بەندە بە تێکۆشان و دڵسۆزی ئێوەی گە نجان و لاوانەوە.) ئەمە فەلسەفەی کارکردنی ڕێکخراوێکە کە زیاتر لە حەفتا ساڵە بێپسانەوە جڵەوی پێگەیاندنی کادیر و سەرکردەکانی گرتووەتە دەست.
ئەم ڕێکخراوە لە پێناو گەیشتن بەم ڕۆژە، کاروانێکی درێژ لە قوربانیی پێشکەش بە خاکی نیشتمان کردووە ئەو قوتابیانەی کە کورسیی خوێندنیان جێهێشت و ڕوویان کردە سەنگەرەکانی بەرگری، یان لە زیندانەکاندا لەژێر پەتی سێدارەدا سەریان بۆ داگیرکەر دانەنواند، تا ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان بە شەکاوەیی بمێنێتەوە. ئەوان سەلماندیان کە قوتابخانەی یەکێتیی قوتابیان و لاوان، نەوەیەک بەرهەم دەهێنێت کە مەرگی لە پێناو ئازادیدا بە شانازییەکی گەورە دەزانێت.
ئەمڕۆ کە لە ناو جەرگەی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و ناوچەکەداین، لە سەردەمی تەکنەلۆژیا، سیستەمە هۆشمەندەکان و جەنگی زانیاریدا، ئەرکی ئەم ڕێکخراوە قورستر دەبێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە قوتابیان و لاوانی کوردستان بە هەمان ڕۆحیەتی ساڵی ١٩٥٣، بەڵام بە ئامرازی نوێ و زانستی سەردەم، ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببنەوە و ببنە پارێزەری قەوارەی هەرێمی کوردستان.
١٨ی شوبات تەنها یادکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو دووپاتکردنەوەی بەڵێن و وەفادارییە بۆ بەردەوامی لەسەر ڕێبازی کوردایەتی و بارزانی. سڵاو لەو خەباتە بێوچانەی کە حەفتا و سێ ساڵە وەک مەشخەڵێک بۆ ڕێگای ئازادی و زانست ماوەتەوە.

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی