بارزانى وئیدارەدان و هێزى نەرم لە ناوچەیەکى ئاڵۆزدا
بەو پێیەى هەڵکەوتەى جواگرافیایی کوردستان کەوتۆتە چەقى ئەو وڵاتە ستەمکارانەى نەتەوە و خاکى کوردستانیان بە حەز وویستى خۆیان لە نێو خۆیاندا لەت لەت و دابەش و بە زۆر پێوە لکاندەوە ، ئەو خاک و نیشتمانە ڕەسەنەى سەدان ساڵە ڕۆڵەکانى بە هەوڵ و ماندبوونى خۆیان ئاوەدانیان کردووە و کردوویانە بە دارستان و ئینجا بەهۆى زەوى و خاکە بە پیت وبەرەکەتى بەرهەمەکانى بۆخۆیان و دەروبەریان سوودى لێ وەردەگیرێت ؛ بەڵام جێگەى داخە فارس و عەرەب و تورکى بە چاوچنۆکى خۆیان دەیان ساڵە هەوڵى گۆڕینى شوناس و ڕەسەنایەتى کوردبوون و کوردستانیبوونى ئەم نیشتیمانى ناوى کوردستان و ئەو نەتەوە دێرینەى ناوى کورد دەدرێت و تا ئێستا هەڕەشە و هێرش بەردەوامە ، بەڵام گەلى کوردیش لە پێناو مانەوەى خۆی و ڕێگریکردن لە گۆڕینى خاوەندارێتى ئەم نەتەوە و نیشتیمان هەزاران ڕۆڵەى لەم پێناودا خوێن وگیانى بەخشیووە
بە پێى هەموو بەڵگە مێژوویی و جوگرافییەکان هەموو ئەو سنوورانەى ئێستا بە درۆ و سیناریۆى چەواشەکارانە و مێژوویی ساختەوە کێشراون ئاماژەن بە ڕەسانەیەتى خاکى کوردستان و هەموو ئەو جەنگ و ململانێیانەى دەیان ساڵە کۆتاییان نەهاتووە و گەلى کوردیش هەرگیز دەستپێشخەر نەبووە بەهۆى ئەو سنوور دەستکردانە و نکۆڵیکردن بووە لە کوردوکوردستان، لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانە بۆ تێگەیاندنى داگیرکەرانى عەرەب،فارس ، تورک ، لە جیاتى ئەوەى بە هەڵەکانیاندا بچنەوە ، بەڵام تائێستا وانەیان لە مێژوویی پڕ کارەسات و وێرانکارى بەهۆى جوگرافیا و نەتەوەیەک کە هیچ پەیوەندییەکى خوێنى و جوگرافى بەوانە نییە ، هۆکارن بۆ شەڕفرۆشى و شەهیدکردنى ڕۆڵەکانى ئەم نیشتیمانە لەسەر زێدى باب وباپیرانى ، ئەو شوێنە ستراتیژى و گرنگە هەمیشە بووتە کێشەیەکى گەورە بۆ گەلى کورد ، لە جیاتى ئەوەى هەمووان خێر و خۆشى ببینن و ڕەچاوى دراوسێتى و ڕەسەنایەتى یەکتر بگرین ، بەردەوام باجى کوردبوون و کوردستانیبوونمان دەدەینەوە
ئەوەى جێگەى سەرنجە خەبات و بەرخودانى مێژوویی و شۆڕشە راپەڕینەکانى گەلى کورد ، پیشانى داوە باشترین ڕێگەچارەسەرى بۆ پرسى نەتەوەکەمان بەتایبەتى لەم قۆناغەگرنگ و ستراتیژى مێژووى گەلەکەمان ، بەکارهێنانى دیپلۆماسى و هێزى نرمە ، چونکە ئەم هێزە نەرم وەک چەێکى ستراتیژییە بۆ بەدیهێنانى دەستکەوتە نەتەوەیی ونیشتیمانییەکانمان ، بۆیە بەکارهێنانى هێزى نەرم و پەرەپێدانى پەیوەندییە سیاسى و دیپلۆماسییەکان بۆ قۆناغێکى ئێستا باشترین و بەهێزترین چەکى کاریگەرە بەکاربهێنڕێت ، ئەوەتا چەند ساڵێکە سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى سەرۆک مسعود بارزانى، نێچیرڤان بارزانى ، سەرۆکى هەرێم ، مەسروور بارزانى ،سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، توانیویانە بەڕێگەى ئەو هێزە کاریگەرەوە نەک هەر سەنگ و پێگە و پەیوەندییەکانى گەلى کورد بەهێزتر بکەن ،بەڵکو وەک ئامرازێکى کاریگەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانى نەتەوەیی کورد لە هەر سێ پارچەکەى دیکەش بەتایبەت لە قۆناغە هەستیارەکاندا بەکارى دێنن
بە هەڵوەستەکردن لەسەر دیدارو کۆبوونەوەکانى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەیان سەرکردە و وەزیرانى دەرەوە و بەرگرى و شاندى وڵاتانى زڵهێز جیهان و ئەورووپا ، هەموویان ئاماژەن بە دروستکردنى پەیوەندى بەهێز لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و جیهان ئەویش لە پێناو بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان ، ئەو هەنگاوە و بەرهەمى هێزى نەرم و دیپلۆمایش بەکردەوە دەستکەوتى گرنگ وستراتیژى هەبوو، ئەم جۆرە دیپلۆماسییە بەهێزتر ئامرازى هێزى نەرمە بۆ پتەمکردنى پەیوەندییەکان و هەروەها بەرژوەندییە ستراتیژییەکان لە سەر ئاستى ناوچەى و نێودەوڵەتی و دانانى گاریگەرى لەسەر سەرکردەکانى جیهان ، بەتایبەت بۆ ئێمەى گەلى کورد، وەک نەتەوەیەکى رەسەن و دواى دەیان ساڵ خەبات و ماڵوێرانى ، گەیشتن بە ئامانج و مافەرەواکانمان بەڕێگەى هێزى نەرم و دیپلۆماسییەوە ، سەرکەوتنە بەسەر هەموو ئەو پیلانگێرییانە دا
بۆیە، زۆر ئەو وڵاتانەى لە رووى دانیشتیوان و قەبارەوە بە قەد خاکى کوردستان و بەتایبەتى هەرێمى کوردستان نین ، بەڵام توانیویانە بە شێوەیەکى باش گەشە بکەن و پێشکەوتن بەخۆیانەوە ببینن لە رووى ئابوورى و تەکنۆلۆژیا و پشت بەستن بەخۆیانەوە ، بۆیە ، ئەمڕۆ بەشداریکردنى کوردستان بە هێزى نەرم و دیپلۆماسى لە کۆڕبەند و کۆنفرانسیە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستى ناوچەکە ونێودەوڵەتییدا و بەتایبەتى بەشداریکردن هەرێمى کوردستان و نێچیرڤان بارزانى ، لە کۆنفرانسى ئاسایشى میونیش ، سەبارەت بە هەرێمى کوردستان و ئینجا دۆزى کورد لە رۆژئاواو باکورى کوردستان ، هەنگاوێکى ستراتیژى و گرنگە بۆ بەدەستهێنانى ڕێگە چارەیەکى باش بۆ گەلى کورد و هێنانەدى پاڵپشتى بەهێز وڕێگریکردن لە هەموو ئەو هەڕەشە ومەترسییانەى رووبەرووى دۆزى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان بەهۆى داگیرکەرانى کوردستان دەبێتەوە
بەدڵنییاییەوە ، ئەو سیاسەت و هێزى نەرمەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهان پیادەى دەکات ، لە کاتێکدا ناوچەکە وجیهان بەکۆمەڵێک ئاڵنگارى و ململانێی قورسدا تێدەپەڕێت و دیداروکۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانى ناوچەکە و جیهان ، لەلایەک هەڵگرتنى ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییە ، لەلایەکى دیکەشەوە ، هەڵگرتنى دۆزى رەوای نەتەوەیەک لە ناوچەیەکەدا کە هەمیشە لە ژێر پەلاماردان و ستەمکارى بووە ، بۆ بەکارهێنانى هێزى نەرم و دیپلۆماسى بۆ گەلى کورد ، بەهێزکردنى پەیوەندییەکان و گەیاندنى دەنگى گەلى کورد ، دروستکردنى پردى متمانە و لێکتێگەیشتن لەنێوان گەلى کورد وهەموو نەتەوە وگەلانى دیکەى ناوچەکە و جیهاندا

رێبوار حەمەلاو شوانی