73 ساڵ خەباتی بێ وچانی قوتابیان و لاوان بەرزدەنرخێندرێت

73 ساڵ خەباتی بێ وچانی قوتابیان و لاوان بەرزدەنرخێندرێت

 

 

لە كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كە لە ٢٦ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە كەركووك بەسترا، وەك زەروورەتێكی شۆڕش و خەباتی مەدەنی، هەر دوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی كوردستان، لەسەر دەستی باوكی ڕۆحیی نەتەوەیی كورد بارزانی نەمر دامەزران، كە ئەو كات و تا ئێستاش لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و لە ناو قوتابیان و لاوان جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە و حەماسەتێكی نەتەوایەتی بەرزی هەیە، ئەو كات پێویست بوو ڕێكخراوێك دابمەزرێت بۆ ئەوەی قوتابیان و لاوان لە چوارچێوەی ئەو ڕێكخراوەدا هێز و توانای خۆیان دەربخەن. لە ساڵی 1999، پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 18ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەستنیشان كردووە.

15ـی ئایاری 2025، كۆنگرەی یەكگرتنەوەی هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو، هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، یەكیانگرت و ناوەكەی گۆڕدرا بۆ ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان. لەم سۆنگەیەوە بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان ڕوانگەی خۆیان لەسەر ئەو ڕۆژە پیرۆزە دەخەنەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شڤان عەبدولڕەحمان ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان،

١٨ی شوبات ساڵیادی دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، جگە لەو مێژووە پڕشنگدارەی (٧٣)ساڵی ڕابردووی، هەمیشەش ناوەندێكی پڕ وزە بووە بۆ پێگەیاندنی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لای قوتابیان و لاواندا، لەوێشەوە بۆ پێگەیاندنی سەدان و هەزاران سەركردە و كادری بە ئەزموون بۆ ناو كایەی سیاسی و ڕێكخراوەیی و دامەزراوەیی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا بگرە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا تاوەكو سەرۆكی وڵات.

یەكێتییەكەمان هەمیشە پێشەنگ بووە لە كار و خەباتی مەدەنییانە و هەر كاتێكیش پێویست بوو بێت وەكو پیشمەرگە و كارەكتەرێكی سیاسی سەری ڕم و شوورای پۆڵاین بوون بۆ بەرگری كردن لە خاك و نیشتمان، ئامانجی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان بەپێی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی كە لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە كاری ڕێكخراوەییدا دەگوزەرێت، ئەوەیە بەشێك بین بۆ بە دەستهێنانی سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانی، لە ڕێگەی كاری ڕێكخراوەییەوە خزمەتی پێویست و سەردەمیانە بە قوتابیان و لاوانی كوردستان بكەین.

لە ئێستادا بە هۆی پیشكەوتن و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیاوە پێویستە ئاستی كلتوور و فەرهەنگی نیشتمانی لای قوتابیان و لاوان هاوشانی پەروەردە و فێربوونی زانستی پەرەی پێ بدرێت، پێویستە پێشكەوتنەكانی سەردەم و تەكنەلۆژیا وەكو ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی نەتەوەیی و زیاتر ئاشناكردنی كورد بە جیهانی دەرەوە بەكاربهێندرێت و قوتابیان و لاوانی كورد بەشێك بن لەو گۆڕانكاریانەی لە جیهاندا ڕوو دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتییەكەمان ئامادەی هەموو كارئاسانییەكە بۆ قوتابیان و لاوان كە بتوانن دەستكەوتی زانست و فێربوون و نیشتیمانپەروەری بە دەستبهێنن.

پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی سەرجەم قوتابیان و لاوان و ئەندام و كادیرانی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان دەكەم بە بۆنەی یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنییەوە و بە كاری پێكەوەیی ئامانجە بەهاكانی مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەری و خوداناسی دەكەین بە ڕێبازێك و كوردستانی پێ ئاوەدان دەكەینەوە».

زەھرە چەتۆ ئەندامی پێشوی سكرتاریەتی یەكیتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەمان پرس گوتی: «لە یادی٧٣ ‌ساڵەی ‌دامەزراندنی ‌یەكێتیی ‌قوتابیان و لاوانی ‌دیموكراتی كوردستاندا، ‌پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی ‌سەرجەم ‌لاوانی ‌كوردستان ‌و ‌ئەندام ‌و ‌لایەنگرانمان ‌دەكەین لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، ‌بەم ‌بۆنەیەوە ‌یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، جەخت ‌لەسەر بەرجەستەكردنی ‌ماف ‌و ‌داخوازییەكانی ‌لاوان ‌دەكاتەوە و ‌بەردەوام ‌دەبێت ‌لە ‌خەبات ‌و ‌تێكۆشان ‌بۆ دەستەبەركردنی ‌مافی ‌سەربەخۆیی ‌خەڵكی ‌كوردستان ‌و سەری ‌ڕێز ‌و ‌نەوازش ‌بۆ ‌شەهیدانی ‌كوردستان دادەنەوێنین، لەهەمان كاتدا سڵاو‌ دەنێرێن بۆ هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان‌ و تەواوی هێزە ئەمنییەكانی تر و قوربانیدان ‌و‌ شەونخونیان ‌بەرزدەنرخێنین.

لەم‌ یادە‌ شكۆدارەی ١٨ی ‌شوبات ‌و‌ بەبۆنەی٧٣ هەمین‌ ساڵڕۆژی ‌دامەزراندنی،‌ دەمانەوێت ‌ئەوە‌ بخەینە‌ڕوو‌ كە ‌لاوانی ‌كوردستان ‌بە ‌هۆشیارییەوە، ‌نیشتمان ‌و ‌خاكی ‌خۆیان ‌خۆش ‌دەوێت ‌و ‌بەرگرییەكی ‌سەرسەختانەی‌ لێ‌ دەكەن ‌و ‌‌لەم ‌پێناوەیشدا ‌چەندین‌ قوربانیمان ‌داوە و بەردەوامیش دەبین تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی لاوانی كوردستان، هاوكات لەژێر ڕۆشنایی و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك (مەسعود بارزانی) كە هەموو هەوڵەكانی خۆی كۆكردۆتەوە لە پێناو ئاشتی و چەسپاندنی سەقامگیری زیاتر لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا، ئێمەی لاوانیش بە تامەزرۆییەوە لە هەنگاوەكانی جەنابیان دەڕوانین و ئومێدێكی زۆرمان هەیە لەسەردەستی جەنابیان ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر فەراهەمبكرێت بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان و وەكو لاوان لەو ڕێگایەدا ئامادەی گیانفیدا كردنین.

‌خوازیارین ‌لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی دەیەم سوود ‌لە ‌توانا ‌مرۆییەكانی ‌لاوان ‌وەربگیرێت ‌و ‌كار ‌بۆ بەگەڕخستنی ‌تواناكانیان‌ بكرێت بۆ ئەوەی لاوانی ئێمەش سوودمەندبن لە تەواوی كار و پڕۆژەكانی حكومەتی داهاتوو و هاوكاربن لەسەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و ئابووری و حكومڕانی وڵات.

دەخوازین ‌بەدواداچوونی‌ جدیش ‌لە مەڕ‌ كێشە‌ و‌ گرفتەكانی ‌لاوان ‌بكرێت، لە كۆتاییشدا سەری ‌ڕێز‌ و‌ نەوازش ‌‌بۆ‌ شەهیدانی‌ كوردستان ‌دادەنەوێنین سەرقافڵەی شەهیدان (بارزانی نەمر) و (كاك ئیدریسی) هەمیشە لە یاد، سڵاو‌ لە‌ پێشمەرگە ‌‌قارەمانەكانی‌ كوردستان بەرز و‌ پیرۆزبێت‌ ئە م یادە مەزنە».

دوریا شێروانی وەك قوتابییەكی قوتابخانەی رێكخراوی یەكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە ئەزموون و سوودبینینی لەو ڕێكخراوە دەڵێت: «لە یادی دامەزراندنی قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندەها سەركردەی بوێر و لێهاتوو بەتوانا پیرۆزبایی لە هەڵگرانی مەشخەڵی ڕێ ڕووناككەرەوەی ڕێگە تاریكەكان و پرسە نیشتمانییەكان و پەیڕەوانی ڕێ و ڕێبازی پیرۆز دەكەم، گومانی تێدانییە یەكێتیی قوتابیان و لاوانی كوردستان دەستپێكی گرینگ بوون بۆ هەموو ئەوانەی كە ویستی خودپێگەیاندن لە پێناو خزمەتكردنی نیشتمان و درێژەدان بە ڕێ و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی لە دڵ و بیر و باوەڕیاندا هەبوو، وەك قوتابییەكی قوتابخانەی كوردستان یان نەمانی پارتی و بارزانی و كادری پێشووی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بۆ من جێی فەخر و شانازییەكی نەبڕاوەیە و بەهەمان نەفەس و بیر و باوەڕی ئەوسامەوە لە شوێن و قۆناغی جیاواز بەردەوامم و وەك هەمیشە بەفەخرەوە پەیڕەوی وتەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەم بەوپەڕی ئەمەكداری و دڵسۆزییەوە كە فەرمووی (ئێوەی پارتی بۆ ئەوە درووست بوون خزمەتی خاك و وڵات بكەن ) هەركەسێكیش كە بیەوێت پارتی پەیڕەوێكی ڕاست بێت دەبێت ئەم وتەیەی جەنابی سەرۆك بارزانی مەشخەڵی دەستی و سەرمەشقی كاروانی خزمەت و كاركردنی ژیانی بێت .

ئەم قوتابخانەیە ناوەندێكی گرینگ بوو بۆ هەر تاكێك كە تێیدا دەستبەكار بووبێت لە دۆزینەوەی بەهرە و تواناكانی و لە خوودپێگەیاندن و ڕێنونێیكردنی تاكەكانی كۆمەڵگە و خزمەت و خەبات و شۆڕشە مەزنەكان و پێشخستنی كۆمەڵگە، هیوام وایە ئەم ڕێچكەیە درێژەی پێبدرێت و وەك گشت قۆناغەكانی ڕابردوو لەم قۆناغەش سەری ڕم و شورەی پۆڵایین بن لە پڕۆسەی پێشخستنی وڵات و نیشتمانسازی».

نەوزاد عەزیز بەرپرسی ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی لاوانـی دیـانـا‏، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «18ی شوباتی ١٩٥٣ ئەو ساتە مێژووییەیە كە یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان لەساتە بڕیار و ڕاسپاردەی جەنابی بارزانی نەمر دامەزراوە، دروستبوون و دەركەوتنی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان لەساتە وەختێك بوو كە ئەم توێژە گرنگانەی كۆمەڵگە لە بەگەڕخستنی توانا مەعریفی و زانستییەكانیان پێویستی زۆریان بە ڕابەرایەتیكردنی ڕێكخراوەیی بوو، هەمیش وەك شێوازی تازەی خەبات بۆ ڕزگاری كوردستان ئەویش خەباتی جەماوەری و مەدەنی بوو، منیش لەم سونگەیەوە لە سەرەتای تەمەنی گەنجێتی حەز و خۆلیای زۆرم هەبوو تاوەكو كار لەسەر پەرەپێدان و پێگەیاندنی خۆم بكەم، بەڵام ڕێگەیەكی وام شك نەدەبرد كە ئاسۆیەكی ڕوون بێت لە بەردەم حەز و ئامانجەكانم، بەڵام سوپاس بۆ خوا یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان دەرفەتێكی زێڕین و وەرچەرخانێك بوو لە بەرنامەڕێژكردنی فكری و جەستەیی، دنیابینێكی بەرفراوانی بەڕوومدا دروستكرد بەتایبەت لە شێوازی بیركردنەوە و چۆنیەتی مامەڵەكردن و ڕەفتاركردن لەگەڵ كۆمەڵگە و پرسە نیشتمانییەكان و زاڵبوون بەسەر ترسی كۆمەڵایەتی، هەر لەو چوارچێوەی كە تێدا دامەزراوە وا دەكات كە مرۆڤ هەست بە بەرپرسیارێتی بكات لە بەرامبەر پرس و ڕووداوە نیشتمانییەكان و ئینتیمای بە وەفا بوون بەرامبەر ئەو هەڤاڵانەی كە لە ڕۆژانی كاركردن پێكەوە كاریان كردووە.

من نامەوێت لە ڕۆڵی زانكۆ و پەیمانگەكان كەمبكەمەوە، بەڵام ئەوەی لە قۆتابخانەی یەكێتیی قوتابیان و لاوان فێردەبین جیاوازییەكەی لەوەدایە كە ئیلهامی لە فەلسەفە و هەستی نەتەوەیی وەرگرتووە و بووەتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم ڕەنگە جیاوازەكان بە بێ جیاوازی ئایدیا و سیاسەت و بیركردنەوە، مەگەر لەگەڵ ئازادی و باوەڕنەبوون بە كورد و خاك نەگونجاوبێت، لە سەرەتای دروستبوونی ئەم ڕێكخراوە تاوەكو ئێستا سەدان لاو و قوتابی لە ڕێزەكانی ئەم ڕێكخراوە گیانی خۆیان كردووەتە قوربانی بوونەتە قەڵغان بۆ پاراستنی كوردستان هەر لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و خەباتی پێشمەرگایەتی و ڕاپەڕین تاوەكو ئەمڕۆ ناوەندی پێگەیاندنی هەزاران ڕۆلەی بەوەفا و سەدان سەركردەی بەتوانا بووە كە ئێستا لە نێو ئۆرگانەكانی حزب و حكومەت خزمەت بە كوردستان دەكەن.

یەكێتیی قوتابیان و لاوان لە هەموو بارودۆخە جیاوازەكان هێز و توانای تازە بوونە بۆ شوڕش و بزوتنەوە ڕزگاریخوازە یەك لەدوای یەكەكانە و هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ئاشنایەتی و تێكەڵبوونی تۆكمە لەگەڵ دنیای دەرەوەدا دروست بكات، لەم یادەدا بە بڕوایەكی زۆرەوە بۆ قۆناغی ئێستا بە دڵسۆزی و بەرپرسیارانەوە دەبێت لە ئاست چاوەڕوانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و پاراستنی مافەكانی قوتابیان و لاوان بین، ئەویش بە پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و بەرەوپێشبردنی توانا و داهێنانەكانیان لە پێشخستنی وڵات.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد و تەواوی شەهیدانی یەكێتیی قوتابیان و لاوان».

 

73 ساڵ خەباتی بێ وچانی قوتابیان و لاوان بەرزدەنرخێندرێت
73 ساڵ خەباتی بێ وچانی قوتابیان و لاوان بەرزدەنرخێندرێت
73 ساڵ خەباتی بێ وچانی قوتابیان و لاوان بەرزدەنرخێندرێت
73 ساڵ خەباتی بێ وچانی قوتابیان و لاوان بەرزدەنرخێندرێت
73 ساڵ خەباتی بێ وچانی قوتابیان و لاوان بەرزدەنرخێندرێت
Top