بایەخی تەندروستیی پرۆتینی پەتاتەی شیرین
پەتاتەی شیرین Sweet potato خۆراكێكی نیشاستەییە، بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، ماددەی خۆراكیی گرنگ و پێویست لەخۆدەگرێت لە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان، سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، هەروەها دەوڵەمەندە بە پرۆتین، كە بە ئاسانی هەرس دەكرێت و جێگرەوەیەكی باشە بۆ پرۆتینی ئاژەڵی. پرۆتینی پەتاتەی شیرین لە خودی پەتاتەی وشككراو و گەڵاكانییەوە وەردەگیرێت و بەوە ناسراوە كە بایەخی تەندروستیی بەرزی هەیە و، زۆر پەسەند دەكرێت لە لایەن كەسانی پابەند بە خۆراكیی ڕووەكییەوە. پرۆتینی پەتاتەی شیرین Sweet potato protein هاوكات لەگەڵ ماددەی دژەئۆكسانەكان گەلێك ترشە ئەمینە پێویستەكان لەخۆدەگرێت. پوختەی پرۆتینی پەتاتەی شیرین بە شێوەی ئارد یان پاودەری چڕ لە بازاڕەكاندا هەیە. سوودە تەندروستییەكانی پرۆتینی پەتاتەی شیرین: هاندانی گەشەی ماسوولكەكان، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، باشتركردنی تەندروستیی ڕیخۆڵە، هەروەها دابینكردنی ڕێژەیەكی باشی ماددە دژەئۆكسانەكان، كە لەش لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و شێرپەنجە دەپارێزن.
