نێچیرڤان بارزانی؛ نژیاروانی ئاشتی لە ناوەندی بڕیاری جیهانیدا.
بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٦٢ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، تەنها ئامادەییەکی پرۆتۆکۆڵی ڕواڵەتی نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لە "دیپلۆماسی پێگەیشتوو" کە تێیدا هەرێمی کوردستان وەک جەمسەرێکی سەقامگیریی و کلیلی ستراتیژی بۆ چارەسەر لە ناو جەرگەی ناوچەیەکی پڕ لە تەقینەوەدا دەردەکەوێت. ئەم ئامادەییە چڕە، بەرجەستە کردن و ڕەنگدانەوەی ئەو کارێزما سیاسییەیە کە نێچیرڤان بارزانی وەک "ئەندازیاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم" پێی ناسراوە؛ ئەو سەرکردەیەی کە توانیویەتی لە ڕێگەی "هێزی نەرم" و دیالۆگی سازێنەرەوە، کوردستان بکاتە خاڵی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان و متمانەی بڕیاربەدەستانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە بەدەستبهێنێت.
ئەم ڕاستییە سیاسییە، لە زنجیرە دیدارە ستراتیژییەکانی سەرۆکی هەرێمدا لەگەڵ لوتکەی بڕیاربەدەستانی ئەڵمانیا وەک وڵاتی خانەخوێ و چەقی بڕیاری ئەوروپا، هەروەها فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بەریتانیا بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە؛ ئەم کۆبوونەوە ئاستبەرزانە لەپاڵ گفتوگۆ چڕەکان لەگەڵ سەرکردە کاریگەرەکانی ناوچەکە، گەواهیدەرێکی حاشاهەڵنەگری ئەو پێگە سەنگین و قورساییە سیاسییە تایبەتەیە کە نێچیرڤان بارزانی لە ناوەندە هەرە هەستیارەکانی بڕیاری جیهانیدا چەسپاندوویەتی.
لە کاتێکدا جیهان لەبەردەم چەمکی (Zeitenwende) یان وەرچەرخانی مێژوویی دایە، سەرۆکی هەرێم بە نوێنەرایەتی قەوارەیەک کە سەلماندوویەتی هاوبەشێکی جێی متمانەی جیهانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی پێکەوەژیان، لەگەڵ لوتکەی بڕیار بەدەستانی جیهان کۆدەبێتەوە تاوەکو مۆدێلێکی نوێ لە "دیپلۆماسی هاوسەنگ" بخاتە ڕوو؛ مۆدێلێک کە تێیدا کوردستان نەبێتە بەشێک لە جەنگە هەرێمییەکان، بەڵکو ببێتە پردێکی متمانەپێکراو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئەمنی و مرۆییەکان.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نیشاندانی دیپلۆماسییەکی هۆشیار و چالاک کە تێیدا هەرێم وەک کارەکتەرێکی بڕیاردەر لە گفتوگۆ جیهانییەکاندا دەردەکەوێت، هاوکات ڕەهەندێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ دەسەڵاتە بڕیاربەدەستەکانی جیهان کە ئاسۆیەکی قووڵتری بۆ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە. هەروەها ئەم ئامادەییە چڕە، چەسپاندنی ڕۆڵی کوردستان وەک هەڵگری پەیامی ئاشتی دووپات دەکاتەوە و هەرێم وەک جەمسەرێکی چارەسەرکەر نیشان دەدات کە دەتوانێت فاکتەری ئەمن و ئاسایش بێت بۆ هەموو ناوچەکە، ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە داڕشتنی بنەمایەکی پۆڵاین بۆ هەماهەنگیی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی درێژخایەندا.
ڕۆڵی کاریگەری نێچیرڤان بارزانی لەم کۆڕبەندەدا، تەنها گەیاندنی پەیام نییە، بەڵکو بەشدارییەکی کارایە لە داڕشتنی نەخشەی نوێی ئاسایشی ناوچەیی، کە تێیدا پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەڵایەکی دیموکراسی و سەقامگیری دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لە پەراوێزخستنی مافە نەتەوەییەکان لەناو هاوکێشە گەورەکاندا. ئەم گەشتە دیپلۆماسییە، دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە سیاسییە گەورەیەیە کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی کارای هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی ژیر و دیالۆگپارێز، مەحاڵ و ناتەواوە. ئەم سەنگە نێودەوڵەتییەی سەۆک نێچیرڤان بارزانی، تەنها دەستکەوتێکی دەرەکی نییە، بەڵکو گەورەترین زامنی سیاسییە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ماڵی کورد و تێپەڕاندنی بنبەستە ناوخۆییەکان، کە دەتوانێت متمانەی جیهان بکاتە هەوێنێک بۆ سەقامگیریی سیاسی و گوزەرانی هاوڵاتییان لە ناوخۆی هەرێمدا.
۱٤ـی شوباتی ۲۰۲٥

حهسیبه گهردی