ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بۆ (گوڵان): پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قوشتەپە ٩٥٪ی تەواو بووە و تەنیا هەندێک گرفتی تەکنیکی ماوە.
پڕۆژەیەکی ستراتیژیی هاوشێوەی قوشتەپە بۆ قەزای خەبات و سنوورەکەی جێبەجێ دەکرێت و ئێستا لە قۆناغی تەندەریندایە.
پارێزگای هەولێر ژمارەیەکی زۆر قەزا و ناحیە و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و گوندی لە سنوورەکەیدا هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەمدا، بە بڕیار و جەختکردنەوەی سەرۆکی حکومەت، چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەرەوە جێبەجێ کردووە. بۆ تیشکخستنە سەر ئەم پڕۆژانە، ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، بۆ (گوڵان) دوا:
• پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بەیەكێك لە پرۆژە گەورەكانی ئاو دادەنرێت ئایا دەكرێت بزانین ئەم پرۆژەیە گەیشتووەتە چ قۆناغێک؟
- ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە؛ ناوچەی قوشتەپە لە مێژوودا بەردەوام کێشەی کەمئاوی هەبووە. لە سایەی پشتیوانی و بڕیارە حەکیمانەکانی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت کە ئێستا ٩٥٪ی کارەکانی تەواو بووە و ئەو ٥٪ـەی کە ماوە تەنیا هەندێک کاری تەکنیکییە. بڕی ٢٢٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و سەنتەری قەزای قوشتەپە و ٧٢ گوندی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن، ئەمەش بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی داهاتوو کێشەی ئاوی خواردنەوەیان چارەسەر دەکات.
• ئایا بڕیارە هاوشێوەی پڕۆژەی قوشتەپە، پڕۆژە بۆ قەزاکانی دیکەی وەک خەبات جێبەجێ بکرێت؟
- هەر لە کابینەی نۆیەمدا، ڕێزدار سەرۆکی حکومەت بڕیاری داوە پڕۆژەیەکی هاوشێوەی پڕۆژە ستراتیژییەکەی قوشتەپە لە قەزای خەبات دروست بکرێت. ئەم پڕۆژەیە دوو هێندەی پڕۆژەی قوشتەپە سوودی دەبێت، چونکە سوود لە ئاوی زێی گەورە وەردەگرێت و سەنتەری قەزای خەبات، کەورەگۆسک، کانی قرژاڵە، دارە شەکران و تەواوی گوندەکانی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن. بەمەش کێشەی کەمئاوییان بۆ چەندین ساڵ بە یەکجاری چارەسەر دەبێت. ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغی تەندەرین و ڕاگەیاندندایە و پێشبینی دەکرێت تێچووەکەی نێوان ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دینار بێت.
• پڕۆژەی ئاوی قەندیل کە ئاو بۆ شەقڵاوە، پیرمام و چەندین شوێنی دیکە دابین دەکات، بەچی گەیشت؟
- پڕۆژەی ئاوی قەندیل ئاوی خواردنەوە بۆ شەقڵاوە، پیرمام، کۆڕێ و مەلا ئۆمەر دابین دەکات. لە ساڵی ٢٠٢٥دا هێڵێکی ئاومان لەو پڕۆژەیەوە ڕاکێشا بۆ ناوچەی زرارەتی کە چوار گوندی گەورە (وەک باوەخەلان و زەرگەزەوی) لێی سوودمەند بوون. ئەو گوندانە بەرفراوانن و هەر یەکێکیان نزیکەی ٥٠٠ ماڵی لێیە؛ ئەوان پێشتر بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرا، بەڵام ئێستا کێشەکەیان بنبڕ بووە. پڕۆژەی ئاوی قەندیل لە ساڵی ٢٠٠٨ جێبەجێ کراوە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە بڕیارە پڕۆژەکە بەرفراوان بکرێت. لە ئێستادا تواناکەی ٣ هەزار مەتر سێجایە لە کاتژمێرێکدا و بڕیارە بۆ ٥ هەزار مەتر سێجا بەرز بکرێتەوە تاوەکو بەبێ گرفت ئاو بۆ هەموو ناوچەکان دابین بکات.
