حه‌لبوسی به لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا ده‌چێته‌وه
(*)
حوكمڕانی له‌م ناوچه‌یه، به‌تایبه‌تریش له عێراق به‌هۆی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی و ڕووه سایكۆلۆژێكهی كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی له ژێر كاریگه‌ری كلتوری (پیاوی به‌هێز) و چاندنی وێنه‌ی دیكتاتۆرییهتیهتی له ناخی سه‌ركرده‌كانیدا چاندووه، ڕاسته‌وخۆ ئه‌م كلتوره كاریگه‌ری خراپی له ڕه‌فتاری سیاسی ئه‌و سه‌ركردانه دروستكردووه، به‌هۆی بۆشایی سه‌ركردایه‌تیه‌وه ده‌ستیان به‌كاری سیاسی كردووه و پێگه‌یان بۆ خۆیان و حزبه‌كانیان دروستكردووه، له‌م نموونه‌یه له عێراق، به‌ڕێز (محه‌مه‌د حه‌لبوسی)یه، كه بووه‌ته ئایكۆنێكی سیاسی سووننه و ده‌یه‌وێ به لاپه‌ڕه تاڵه‌كانی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سووننه‌دا بچێته‌وه.قۆناغی دوایی سه‌دام حوسێن له 2003ـه‌وه، كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووننه له‌پاڵ پێكهاته‌ی مه‌زهه‌بی شیعه و كورد ده‌ركه‌وتنه‌وه، كه ڕاده‌ی هه‌ستی مهزههبگهرییان له‌ژێر كاریگه‌ری ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی سووننی به‌م ڕاده‌یه‌ی ئێستا نه‌بوو، به‌ڵام خاوه‌ن زمانێكی به‌رزی سیاسی بوون له‌وانه(عه‌دنان پاچه‌چی، تاریق هاشمی، ساڵح موتڵه‌گ، رافع عیساوی، ئوسامه نوجه‌یفی) كه نوێنه‌رایه‌تی سووننه مه‌زهه‌بی عه‌ره‌بی عێراقیان ده‌كرد، ده‌یانتوانی هاوسه‌نگی له سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كان رابگرن، هه‌میشه له ته‌نگانه‌كانیان پشتیان به كورد ده‌به‌ست، چونكه ده‌یانزانی به‌م ئالیه‌تی حكومڕانیه نوێیه زۆرینه نین و ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی ته‌واو بكه‌ن و ببن به به‌شدار له بڕیاری سیاسی.
كورد له دوای ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌ی له‌گه‌ڵ حكومڕانی سووننه مه‌زهه‌ب كه(ئه‌نفال و كیمیباران) و هه‌موو جۆره ڕووبهڕبوونهوهیهكی جینۆسایدی به‌رێكرد، هه‌رگیز ده‌ستی له‌و لاپه‌ڕه كۆنانه نه‌دا و وه‌ك پره‌نسیپێك هه‌میشه له وجودیه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد و به‌تایبه‌تی سه‌رۆك مسعود بارزانی ڕهنگیداتهوه(كورد كێشه‌ی له‌گه‌ڵ پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌كان نییه) به‌ڵكو كێشه و ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌قڵیه‌تی حكومڕانانی ئه‌و لایه‌نانه هه‌یه، بووه په‌ناگه و له‌شه‌ڕی مه‌زهه‌بی دوای 2003ـه‌وه تاكو هاتنی گرووپی توندڕه‌وی (داعش) زۆرترین سووننه‌كان هه‌رێمی كوردستانیان وه‌ك نه‌وایه‌كی ئارام بینی و باوه‌شی برایه‌تی كورد و هه‌ستكردن به لێقه‌وماویی كرده وهڵامدهرهوهییهك بۆ هه‌موو دنیا كه ئێمه گه‌لێكین (ئاشتیخوازین).
به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبوسی ڤێرژنێكی نوێی سیاسی سووننه بوو له عێراق، هه‌موو خوێندنه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه بوون بۆ كه‌سایه‌تی ئه‌م ئایكۆنه نوێیه‌ی سووننه كه ده‌بێته فریادڕه‌سێك هه‌م بۆ سووننه‌كان هه‌م ده‌توانێت زمانێكی نوێی سیاسی بهێنته ناو مملانێی سیاسی قوڵ له عێراق، كورد پێش مه‌زهه‌ب و ته‌نانه‌ت خودی لایه‌نه سووننیه‌كان پاڵپشتی حه‌لبوسی بوون و له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌كانی هاتنه ناو حكومڕانی(ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران – سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه 2018- 2023) كه دواتر به‌هۆی كۆمه‌ڵێك پێشێلكاری و بوونی كه‌یسێك كه تایبه‌ت بوو به ده‌ستێوه‌ردان له‌دوورخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێك له پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه، دیسان له‌وێدا به‌هۆی ئه‌م سه‌ره‌ڕۆیی و خۆپه‌رستی و وێناكردنی خۆی وه‌ك تاك سه‌ركرده‌ی سیاسی سوونه كورد پشتی تێكرد.
له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2025ـی گشتی عێراق، به‌هه‌موو پێوه‌رێكی سیاسی و پابه‌ندبوون به گوتارێكی هاوسه‌نگی سیاسی چاوه‌ڕوان ده‌كرا حه‌لبووسی گوتارێكی جیاواز و زمانێكی سیاسی نوێتر كه به‌لای باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد بگۆڕێت، كه‌چی كه‌ڵكی له مێژووی هه‌ڵه وه‌رنه‌گرت، دیسان له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تیكردن و ڕكابه‌ری خۆی به ئیراده‌ی كورددا تاقیكرده‌وه، به‌ڕاده‌یه‌ك هاواری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق بوو كه عورفهن بۆ كورده كردبووه دروشمی سیاسی و میدیایی و زیاتریش له‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كێشه له‌سه‌ره‌كانی ده‌كرد و په‌نجه‌ی به‌رز و ڕاوه‌شاندنی زۆری كرد، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌ی بهرچاوخستنهوه كه نه‌وه‌ی نوێی سیاسی له عێراق به هۆی ئه‌و خێرا دهستگهیشتیان به سامانی گه‌وره و پاره‌ی خه‌یاڵی تووشی(خۆپه‌رستی) ده‌بن و وێنای خۆیان ده‌گۆڕن بۆ سه‌ر وێنه‌ی بیركردنه‌وه‌ی دیكتاتۆریانه، كه ئه‌مه ڕێك به باڵای به‌ڕێز حه‌لبوسیی دروسته.
هێشتا به‌ڕێز حه‌لبووسی له‌وه تێنه‌گه‌یشتووه هاوسه‌نگی له عێراقی نوێیدا بۆ سووننه زیاتر كورد گرنگتره، له ده‌ستنیشانكردنی(سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران) كورد به‌تایبه‌تیتر(كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان) ئه‌م په‌یامه‌یان به حه‌لبووسی گه‌یاند و بوونه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌میدا بۆ چوونه‌وه‌ی سه‌ر ئه‌و كورسیه‌ی كه به‌رده‌وام له ژێره‌وه پێشتر بۆ دژایه‌تیكردنی كورد به‌كاریده‌هێنا.
ناگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی پێش 2003، به‌ڵكو دوای ئه‌و قۆناغه چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی سووننه هاوشێوه‌ی ئه‌م ڕێچكه‌ی به‌ڕێز حه‌لبووسی دژایه‌تیكردنی كوردیان كردبووه دروشم، له‌وانه خانه‌واده‌ی (نوجه‌یفی) له مووسڵ، كه ده‌رگای لێقهوماوییان لێكرایه‌وه و پشتێكردنی شیعه‌كانیان بینی و ده‌رگا كراوه‌یی گه‌لی كوردستانیان بینی، جۆرێك په‌شیمان بوونه‌وه ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت خۆیان به هاوپه‌یمانی كورد ده‌زانن، نه‌ده‌كرا دوای ئه‌م هه‌موو لاپه‌ڕه كۆنانه‌ی ناكۆكی و مملانێی سیاسی به‌ڕێز حه‌لبووسی ته‌حه‌دایه‌ك بكات كه له زمانی سیاسی و ئه‌ته‌كێتی سیاسی نیشانده‌ری كه‌م ئه‌زموونی سیاسی و پێنه‌گه‌یشتووی ناوبراو ده‌ربخات و به هه‌ستێكی ڕك و كینه بڵێ(ڕوو له هه‌ولێر ناكه‌م).
هه‌ولێر ڕاسته له چوارچێوه‌ی عێراق و به‌پێی بریاری په‌رله‌مانی كوردستان پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه، به‌ڵام ناوه‌ندێكی گرنگی سیاسی و كاریگه‌ره نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه بووته ئه‌و ناوه‌نده‌ی كێشه گرنگه‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی نزیكترین نموونه(سوریا) له هه‌ولێر به هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌رێمایه‌تی چاره‌سه‌ر بدۆزێته‌وه و چاوه‌كان هه‌میشه له‌سه‌ر ڕۆڵ و كاریگه‌ری هه‌ولێر بێت، ئه‌ی چۆن سیاسیه‌كی وه‌ك حه‌لبووسی به‌مشێوازه دێته‌گۆ؟ ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تی سیاسی له عێراق بیه‌وێ قۆناغه‌كانی پێشتر تێپه‌ڕێنێت و له‌گه‌ڵ واقیعی گۆڕه‌پانه سیاسییه‌كه مامه‌ڵه بكات به‌م زمانه ڕه‌هاییه ده‌رگاكان له‌سه‌ر خۆی داناخات، له كاتێكدا ده‌زانێت هه‌ولێر تامه‌زرۆ نییه بۆ ڕاخستنی فه‌رشی سوور بۆ ئه‌وانه‌ی بهكینهوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات.
ئه‌گه‌ر جه‌نابی كاك محه‌مه‌د حه‌لبووسی ئه‌م خۆههڵكێشانهی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ناكۆكی و ململانێی هێزه ناوخۆییه‌كانی كوردستان و عێراق بونیادناوه، ئه‌وه ڕێك ئه‌و په‌نده ده‌یگرێته‌وه("تجري الرياح بما لا تشتهي السفنُ") (بایه‌كان به‌و ئاراسته‌ی هه‌ڵناكه‌ن كه كه‌شتییه‌كان ئاره‌زووی ده‌كه‌ن).
* توێژه‌ری مێژووی سیاسی

په‌رژین جه‌عفه‌ر حاجی ڕۆسته‌م