ستراتیژیی ژیری و پەیامی ئاشتی خوێندنەوەیەک بۆ ڕوانگەکەی بارزانی لە واشنتۆنی کوردستان
هەولێر وەک جاران ناوەندی بەیەکگەیشتنی عەقڵە درەوشاوەکان و بڕیاردەرە سیاسییەکانە و ئەمجارە لە یازدەیەمین کۆنگرەی تەندروستیی میزۆپۆتامیادا دیمەنێکی جیاوازتری نیشانی جیهاندا کە تێیدا پزیشکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆڕا لە ژێر چەتری زانست و نەتەوەدا کۆبوونەوە و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لەم ناوەندە زانستییەدا تەنها بۆ بەرزنرخاندنی پیشەی پیرۆزی پزیشکی نەبوو بەڵکو پەیامێکی سیاسی و نەتەوەیی قووڵ بوو کە ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوە و ناوچەکە کرا و لە وتارەکەیدا بارزانی وەک هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێزی میللەت لە زانست و یەکڕیزیدایە و داوای لە کوردانی تاراوگە کرد منداڵەکانیان بە زانست چەکدار بکەن و لە هەمان کاتدا ناسنامە و زمان و خاکیان لەبیر نەکەن چونکە ئیرادەی نەتەوەیی بە بێ بڕوابوون بە خۆ و زانست ناگاتە کەناری ئارامی.
لەم سەکۆیەدا بارزانی پەردەی لەسەر ترسێکی گەورە لادا کە لەم دواییانەدا بەرۆکی ناوچەکەی گرتبوو ئەویش کارەساتی شەڕی کورد و عەرەب بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان کە بە حیكمەت و دوورکەوتنەوە لە عاتیفەی ڕووت توانرا ڕێگری لەو ئاگرە تێکدەرە بکرێت و ئەوەی جێگەی سەرنج بوو گێڕانەوەی بارزانی بوو بۆ مێژووی کورد کە هیچ کات دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ و هەمیشە جیاوازی کردووە لە نێوان زۆرداران و گەلاندا و سوپاسگوزاریی ئەو بۆ یەکڕیزیی بێوێنەی خەڵکی کوردستان لەم قەیرانەدا ئەوە دەسەلمێنێت کە هەستی نەتەوەیی هێشتا گەورەترین سەرمایەی ئەم گەلەیە و ئەو کۆمەکە مرۆیی و تەندروستییانەی لە هەرێمەوە گەیشتنە ڕۆژئاوا وەک ئەرکێکی برایانە و مێژوویی وەسف کرا کە تیایدا هەموو دامودەزگاکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ڕۆڵی کاریگەریان گێڕا.
لە ڕوانگەی ئاشتییەوە بارزانی جارێکی تر پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان دووپات کردەوە و ئومێدی خواست کە دیالۆگ جێگەی هەموو ململانێیەکان بگرێتەوە چونکە شەڕ تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلان بەدواوەیە و سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و بەغداش بە ڕاشکاوی باسی لەو گرێکوێرە سیاسییانە کرد کە ڕێگرن لە پێکهێنانی حکومەتەکان بەڵام هیوای نەبڕی و جەختی لەسەر هەوڵە بەردەوامەکان کردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتایی وتارەکەی بارزانی وانەیەکی مێژوویی بوو بۆ هەمووان کە دەڵێت ئەگەر ئیرادەمان هەبێت و بڕوامان بە دۆزی میللەتەکەمان بێت هەمیشە دۆستمان دەبێت و بە پێچەوانەشەوە کەس ئامادە نییە دۆستایەتی گەلێکی بێ ئیرادە بکات و ئەمەش کورتەی ئەو فەلسەفەیەیە کە هەرێمی کوردستانی لە ناو جەرگەی ئاگردا بە سەقامگیری هێشتووەتەوە.

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی