شیکردنەوەی یاسایی بۆ بڕیارەکانی پەڕڵەمان و ئەرکی میدیا
سیستەمی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەکان و پاراستنی هێما نەتەوەییەکان بوونیاد نراوە. ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان بڕیارە یاساییەکانی پەڕڵەمان و سنووری ئازادییەکانی ڕاگەیاندن. لێرەدا، شیکارییەکی ورد بۆ ڕەهەندە یاساییەکانی بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ١٩٩٧ و لێکەوتەکانی سەرپێچیکردنی ئەو بڕیارە لە لایەن دەزگا میدیاییەکانەوە دەخەینە ڕوو.
١. بنەمای یاسادانان و ڕەوایی بڕیارەکان: دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢، خاوەن دەسەڵاتێکی فراوانە بۆ دەرکردنی یاسا و بڕیارەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی. بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ١٩٩٧ی پەڕڵەمان، سەبارەت بە هەڵواسینی وێنەی "بارزانیی نەمر" لە دامودەزگاکانی حکومەت، تەنیا ڕێکارێکی تەشریفاتی نییە؛ بەڵکوو بڕیارێکی یاساییە و پشتئەستوورە بە ماددەی (٥٦) لە یاسای پەڕڵەمان ئەم بڕیارە وەک هێمایەک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و ناسنامەی نیشتمانیی هەرێم دەرچووە و سیفەتی "نەزمی گشتی وەرگرتووە.
٢. مەودای پابەندبوون بە بڕیارەکان: هێزی پابەندکەری بڕیارەکانی پەڕڵەمان هەموو کایەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگرێتەوە، بە جۆرێک کە ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپێردراوی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنیان. ئەم پابەندییە تەنیا لە چوارچێوەی هەڵواسینی فیزیکیی وێنەکەدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دەبێتە "پابەندییەکی نەرێنی" بۆ هەموو دەزگاکان کە نابێت هیچ کارێک ئەنجام بدەن ببێتە هۆی بێڕێزیکردن یان تێکدانی مەبەستی ئەو بڕیارە.
٣. شیکاریی یاسایی سەرپێچییەکە: ئەو کارەی کەناڵی (NRT) ئەنجامی دا بە تەڵخکردنی (Blur) وێنەی بارزانیی نەمر لە کاتی ڕووماڵکردنی سەردانێکی فەرمیدا، وەک "شێواندنی بەمەبەست" پۆلێن دەکرێت. ئەم هەڵسوکەوتە نەک تەنیا لادانە لە ئیتیکی پیشەیی، بەڵکوو پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ١٩٩٧ە؛ چونکە تەڵخکردنی وێنەیەک کە پارێزبەندیی یاسایی هەیە، وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی فەرمی هەژمار دەکرێت.
٤. کاریگەرییەکانی سەرپێچییەکە: کاریگەرییەکانی ئەم کارە دەبنە هۆی تێکدانی ئارامیی کۆمەڵایەتی. لە ڕووی یاساییەوە، ئەمە دەکرێت وەک "سووکایەتیکردن بە هێماکانی دەوڵەت" لێک بدرێتەوە، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار دەکات ڕێکاری توند بۆ پاراستنی شکۆی دامەزراوە دەستوورییەکان بگرنە بەر .
٥. پاساوی داخستنی نووسینگەکان: بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵەکە وەک "سزایەکی کارگێڕی دێت بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامیی سەرپێچییەکە. کاتێک بابەتەکە پەیوەست دەبێت بە ئاساییشی نەتەوەیی، دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ پاراستنی نەزمی گشتی پەنا بۆ ئەم ڕێکارە دەبات تاوەکوو دڵنیایی بدات کە بڕیارەکانی پەڕڵەمان پارێزراون بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە داواکاری گشتی ئەو بابەتەی جوڵاندووە و لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ١٩٩٧ی پەڕڵەمان، بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی لە لایەن دادگاوە دەرچووە.

سەنار شێرۆكی