یاسا، جیابوونەوە بەهۆی ناكۆكی
گریمان كاتێ ژن داوای جیابوونەوەی لە مێردەكەی كردووە بەهۆی ناكۆكی، لەیەكەم دانیشتنی دادگاییشدا مێردەكەی دەڵێت وایە ناكۆكین و منیش جیا دەبمەوە، ئایا دادگا یەكسەر جیایان دەكاتەوە؟ جیابوونەوە بە هۆكاری نەگونجان، یان زیانگەیاندن و دانپێدانانی هەردولا و ویستنی جیابوونەوە نابێتە مانای ئەوەی كە كە دادگا یەكسەر ئەم بڕیارە بدات و كۆتایی بەو هاوسەرگیرییە بهێنێت، لە بەرئەوەی بەپێی ماددەی 41 لە یاسای باری كەسێتی، گەر بۆ دادگاش دەركەوت كە هۆكاری جیابوونەوە هەیە و ناكۆكی هەیە، جا بە ددانپێدانانی هەردوولا بێت، یان سەلماندنی بە شاهید، دادگا ناتوانێت یەكسەر بڕیاری جیابوونەوە بدات تا ئەو ڕێو شوێنانە نەگرێتەبەر كە لە بڕگەی دووی ماددەكەدا هاتووە، كە خۆی لە ناردنی لایەنەكان بۆ توێژەری كۆمەڵایەتی و دانانی ناوبژیوان لە خزمانی هەردوولا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن ژن و پیاوەكە ئاشت بكەنەوە. كەواتە ویستنی جیابوونەوە با بە ئارەزوی هەردوو لا بێت و ددان بە هۆكارەكاندا بنێن، مادام تەڵاق و تەڵاقی ڕێككەوتن «خلع» لە نێوانیاندا ڕووی نەداوە، دادگا ناچارە بەو ڕێوشوێنانەدا بڕوات كە بۆی دیاریكراوە. بەپێی یاسا لە داوای جیابوونەوە ئەگەر هاتو ژن و پیاوەكە نەیانویست ئەم ڕێكارانە بكەن و ئەو ماوە زۆرە چاوەڕێ بكەن، ئەوا دەتوانن واز لە داوای جیاكردنەوەكە بهێنن، یان هەر لە ناو داواكەدا داوای پەسەندكرنی تەڵاقی دەرەكی بكەن و لە دەرەوەی دادگا تەڵاقدان ئەنجام بدەن و بە یەك دانیشتن دادگا بۆیان تەواو بكات.
