کۆبانێ لە پەیامی سەرۆک بارزانیدا

کۆبانێ لە پەیامی سەرۆک بارزانیدا


لە یازدەیەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، کۆبانێ پێگەیەکی شایستە لە گوتاری سەرۆک بارزانی و یادگەی گشتی نەتەوەی کورددا داگیر دەکات. سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا بەو بۆنەیەوە، نەتەوەی کورد و جیهان وەبیر دەهێنێتەوە کە داستانی کۆبانێ تەنیا ڕووداوێکی ڕاگوزەری سەربازی نەبوو، بەڵکو خاڵێکی وەچەرخانی گەورە بوو لە مێژووی گەلی کورددا؛ ئەو داستانەی تێیدا کورد بە نوێنەرایەتیی هەموو ئازادیخوازانی جیهان ڕووبەڕووی تیرۆر بووەوە و بە کردەیی نیشانی دا کە یەکگرتوویی کورد دەتوانێت بەرەنگاری هەموو ئالنگارییەکان ببێتەوە.
ئێستا کە ڕۆژئاوای کوردستان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لەژێر هەڕەشەی ئەو گرووپانەدایە کە درێژکراوەی فکر و باوەڕی داعشن، کۆبانێ وەک سیمبوڵ و دەستەواژەیەکی سیاسیی زیندوو دەردەکەوێتەوە. لەم قۆناغەی دووبارە داڕشتنەوەی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا، تەنیا یەکگرتوویی، بڕیاری ژیرانە و پێداچوونەوە بە پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، دەبنە هۆکاری سەرکەوتنی دووبارەی ڕۆژئاوای کوردستان. ئەو سەرکەوتنەی یازدە ساڵ لەمەوبەر وەدی هات، تەنیا سەرکەوتنی شارێک نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی ئیرادەیەکی گشتی بوو کە سەلماندی کورد چیتر قبوڵ ناکات لە پەراوێزی هاوکێشەکاندا بێت.
وەبیرهێنانەوەی کۆبانێ لەم کاتەدا، بانگەوازێکی ڕوونی سەرۆک بارزانییە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی ڕۆژئاوا بە وردی و واقیعیانە دۆخەکە بخوێنێتەوە و ئەزموون لە ڕابردوو وەربگرێت. وەک چۆن داستانی کۆبانێ بەرهەمی یەکگرتوویی و هاوکاریی "پێشمەرگە و شەڕڤانان" بوو، ئێستاش پێویستە ئەو هەماهەنگییە ببێتە پێوەرێکی سیاسی و ئەخلاقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی کە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردیان خستووەتە بەردەم شەڕی مان و نەمانەوە.

۲۰۲٦

کۆبانێ لە پەیامی سەرۆک بارزانیدا
Top