فوتساڵی كچانی ڕواندز لە ئامادە باشیدان
فوتساڵی كچانی ڕواندز لە ئامادە باشیدان
قەزای ڕواندزی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران یەكێك لەو قەزایانەی كوردستانە كە خاوەن زۆرترین ژمارەی یاریزانە كچە لە یاری فوتساڵ، تیپی فوتساڵی یانەی ڕواندز بەردەوام لە ئامادەكاریدایە بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانێتیەكانی ناوەخۆ و دەرەوەی كوردستان، ئەم تیپە پڕ لە یاریزانە كچە بە سەرما و گەرما مەشقەكانیان ڕانەگرتووە سەرەڕای قەیرانی دارایی یانەكە ئامانجیان ئەوەیە بتوانن ئاست و ئەنجامی شایستە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق بەدەست بهێنن. لەم بارەشەوە مامۆستا هیوا عەبدوللا ڕاهێنەری تیپی فوتساڵی كچانی یانەی ڕواندز بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە وەكو تیپی فوتساڵی یانەی ڕواندز بەردەوام لە مەشقداین بۆ پاڵەوانێتیەكانی كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش، ڕۆژانە یەكە مەشقییەكانمان بە ڕێكوپێكی ئەنجام دەدەین، هەر چەندە ناوچەكەی ئێمە شاخاوییە و زۆرجاران بەفر دەبارێت و سەرما و سۆلە، بەڵام مەشقی خۆمان ڕانەگرتووە و چاومان لەوەیە زۆرترین كچە یاریزان لەم دەڤەرە دروست بكەین و شەڕی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەگەڵ یانەكانی تری كوردستان و عێراق بكەین، یانەكەمان خاوەنی زیتر لە 30 یاریزانی كچە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی كچە یاریزانمان زیاد دەبێت وئێمەش وەكو ڕاهێنەر ئەوەی لە توانامان بێت درێغی ناكەین بۆ ئەوەی بتوانین باشترین ئەنجامان هەبێت، ڕاستە تیپەكەمان گرفتی دارایی هەیە، بەڵام ئێمە ناوەستین و بەردەوام دەبین.
