ئیدریس بارزانی پەیكەرسازی گەوهەری كوردایەتی لەناو بەردەڵانی مێژوودا
«ئەو كەسەی ئامادە نەبێت لە پێناوی بەدیهێنانی ئازادییدا ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، ڕەنگە وەك كەسێكی ئاسایی دانی پێدا بنرێت، بەڵام هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستەی وەك خود-هۆشیارییەکی سەربەخۆ بناسرێت. مرۆڤی ڕاستەقینە ئەو كاتە لەدایك دەبێت كە بیسەلمێنێت شتێك هەیە لە ژیانی فیزیكی گرنگترە كە ئەویش شكۆ و ئازادییە. بۆ ئەوەی مرۆڤ بیسەلمێنێت سەربەخۆیە، دەبێت ئامادەبێت ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە؛ هەر بۆیە ئەگەر لە مردن بترسین و تەسلیم بین دەبینە كۆیلە، بەڵام ئەگەر ئامادەبین سەركێشی بكەین و بەرەنگار بینەوە، دەبینە سەردار و سەروەر. بۆ ئەوەی بگەینە ئازادی دەبێت هەموو ئەو كۆت و بەندانە ڕەت بكەینەوە كە ڕۆژگار دەیخاتە بەردەممان، ئەگەر كەوتینە بەردەم دوو بژاردەی ‹كۆیلە بوون یان مردن›، ئەوا مرۆڤی ڕاستەقینە ئامادەیە مردن هەڵبژێرێت نەك كۆیلە بوون.»
هیگڵ: كتێبی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح
كاتێك ئیدریس بارزانی وەك «دەقێكی كراوە» بۆ ئێستا دەخوێننەوە، مانای ئەوەیە ئێمە لە كاتی خوێندنەوەی ئەو دەقەدا لەوە دادەبڕێین ئەو دەقە چۆن نووسراوە یان كێ نووسیوویەتی ، بەڵكو ئەو چێژەی كە دەقەكە لەناو درزەكانی مێژوودا دروست دەكاتەوە وەك بروسكەیەك دەمانلەرزێنێت. ئەم دەقە كە لەناو ساتە هەستیار و مێژووییە سەختەكان و دڕندەیی دوژمنان و پەرتەوازەیی نێو ماڵی كورد بەرهەم هاتووە، چیتر نووسەری ئەم دەقە سەركردەیەكی جێگیر نییە، بەڵكو دەبێتە ئەو مرۆڤە باڵایەی لەناو حەسرەتی پەرتەوازەیی ماڵی كورد و، ورەی پۆڵاینی بەرگری لە بوونی كورد، بەدوای ڕێگەچارەیەك بگەڕێت؛ دەبێتە ئەو پەیكەرسازەی لەناو بەردەڵانی مێژوودا گەوهەری كوردبوون و كوردایەتی و نەفرەتكردن لە پەرتەوازەیی دادەتاشێت.
لەناو ئەم دەقەدا، ئیرادەی ئیدریس بارزانی وەك پڕۆژەیەك خۆی وێنا دەكات. سارتەر گوتەنی «مرۆڤی كامڵبووی تەواو» The most complete man» بەرجەستە دەبێت و خۆی دەبێتە ئەو پڕۆژەیەی كە خۆی بڕیار لە جێبەجێكردنی دەدات ، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئیرادەی ئیدریس بارزانی تەنیا خواستێكی سادە نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكە لە دووڕیانی «بەرگری نیشتمانی و نەفرەتی پەرتەوازەیی». سەنتەری گرتووە و، ئامانجی ئەوەیە سەنگەرەكانی بەرگری نەتەوەیی پتەوتر بكات و پەرتەوازەیی لە ڕیشەوە لەناو مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا هەڵبكێشێت. كەواتە ئەگەر مێژوو فەرزی بكات كە گەورەترین ئەركی مرۆڤ تێكۆشانە بۆ گەیشتن بە ئازادی، ئەوا مێژوو لەسەر ئیدریس بارزانی فەرز كردبوو كە دەبێت لە یەك كاتدا لە دوو بەرەدا تێبكۆشێت: بەرەیەك بۆ تێكشكاندنی دوژمن، بەرەیەكیش بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد. بۆیە لەژێر باری ئەم دوو ئەركە تراژیدییەدا، بەشی سەرەكی بەرپرسیاریەتی ئایندەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانی خستە سەر شانی خۆی. كاتێك گەیشتە ئەو قەناعەتەی كورد بەبێ یەكڕیزی و یەكسەنگەری هیچ ئاكامێكی نابێت، بژاردەیەكی ڕادیكاڵانەی هەڵبژارد و بڕیاریدا بە هەر نرخێك بێت دەبێت ماڵی كورد ڕێكبخرێتەوە و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان جارێكی دیكە ناكۆكییەكانیان وەلانێن و پێكەوە بەرنامەیەك بۆ چارەنووسی گەشی بزووتنەوەکە دابڕێژنەوە.
خەونی پشتەوەی ئەو بژاردە ڕادیكاڵە، لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی ١٩٨٦ و بە یەک دوو مانگ پێش جەستەئاوابوونی لێمان، بە ئیمزاكردنی ڕێككەوتنامەی ئاشتی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی، ڕاستەوخۆ و بە كردەیی لەناو سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەرەی كوردستانی لەدایك بوو و هاتە دی. بەڵام كۆچی ئیدریس بارزانی و هەڵمەتە بەدناوەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی تەواوی كوردستان بوونە هۆكاری ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨ بە فەرمی بەرەی كوردستانی ڕابگەیەنرێت. ئەمەش ئەو شكۆیەی كە ڕۆڵان بارت لەسەر چێژی دەق هەڵوەستەی لەسەر دەكات و پێمان دەڵێت: «چێژی گەورەیی دەق ئەوەیە لە غیابی نووسەرەكەیدا بە شکۆتر دەردەكەوێت». هەر بۆیە ئەو دەقەی بووە چوارچێوەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، بە غیابی ئیدریس بارزانی وەك دەقێكی زیندوو تۆوی چاند كە لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ لەناو ئیرادەی ڕاپەڕیوویی گەلی كوردستاندا بەرجەستە بوو و پارچەیەكی كوردستان بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بە ئازادی گەیشت و، هەر لەسەر ئەم بەشە ئازادەش دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ یەكەم جار لەمێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان پەرلەمان و حكومەتی كوردستان دامەزران.
دوانەی «بەرگری نیشتمانی و نەفرەت لە پەرتەوازەیی» دوو كۆدی ئاڵۆزی ناو ئەم دەقەن؛ هەر بۆیە كاتێك دەمانەوێت ئەم دەقە دووبارە بخوێنینەوە، ئەوا بەبێ كردنەوەی ئەم دوو كۆدە لە شكۆی ئەو ئیرادەیە تێناگەین كە دەقە خودی ئیرادەكەی كردووەتە پڕۆژەیەك بۆ ئەوەی لە یەك كاتدا دوو گرفتی گەورە و ئاڵۆزی دژبەیەك چارەسەر بكات. بەڵام كاتێك پاسوۆردی یەكێك لە كۆدەكانمان لێ بزر دەبێت و ناتوانین كۆدێكیان بكەینەوە، ئەوا لەناو دەقەکەدا ون دەبین و ناتوانین ئێستامانی پێ بخوێنینەوە، یان دەستەوەستان دەبین لەوەی كۆمەڵێك پەراوێز بۆ دەقەكە زیاد بكەین و ئێمەش وەك ئیدریس بارزانی ببینە خاوەنی ئەو دەقە پڕشکۆیە. ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر ئێستا ئیدریس بارزانی لەناوماندا بووایە و جارێكی دیكە ئەو دەقەی بخوێندایەوە، حەتمەن بە ئەسڵی دەقەكە ڕازی نەدەبوو و بەپێی بارودۆخ و سەردەمی ئێستا دووبارە دایدەڕشتەوە و لەوانەیە چەند بەشێكی تازەشی بۆ زیاد بكردایە؛ بەڵام لەبەر ئەوەی پاسوۆردی كۆدی «نەفرەت لە پەرتەوازەیی»مان ون کردووە، ئەوا خودی ئەو پەرتەوازەیەی ئێستای نێوماڵی كورد بووەتە خۆرە و لوولەی تفەنگی ئازادی ئێمەی داخوراندووە.
سەرۆك بارزانی كاتێك باس لە لۆژیك و دانایی ئیدریس بارزانی دەكات، هەرگیز تەنیا وەك برایەك باسی ناكات، بەڵكو وەك دوو هەڤاڵی یەك ڕێباز و یەكسەنگەری كوردایەتی و، لەمەش زیاتر زۆر ڕاشكاوانە پێمان دەڵێت: «ئەگەر قەدەر بەدەستی مرۆڤ خۆی بووایە، لەوانەیە من ئەو قەدەرەم هەڵبژاردایە». ئەم پەیڤە بەرزانەی سەرۆك بارزانی كە وەك گاندی بۆ تاگۆری نووسیوە، بێجگە لە سەرۆك بارزانی هیچ كەسێكی دیكە نییە لەم جیهانەدا بتوانێت بەو ئاستە بەرزە پێناسەی ئیدریس بارزانیمان بۆ بكاتەوە، لەمەشدا ڕاستییەكی گەورەتر پشتڕاست دەكاتەوە كاتێك پێمان دەڵێت: «ئیدریس هەموو سیفەتەكانی جەنابی بارزانی تێدابوو».
سەرۆك بارزانی و ئیدریس بارزانی ، كە لە دوای گەڕانەوەی جەنابی مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٥٨ لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشووەوە بۆ نیشتمان، دوو قوتابی هەرە نزیكی بەردەستی جەنابی مستەفا بارزانی بوون و دواتریش وەك دوو پێشمەرگە لە بارەگای بارزانی لەبەردەستی جەنابی مستەفا بارزانی خەباتیان كردووە، و دوای نسكۆش هەر پێكەوە چوونە خزمەتی جەنابی مستەفا بارزانی و مۆڵەتی هەڵگیرسانەوەی شۆرشی گوڵانیان وەرگرت و تا ساڵی ١٩٨٧ هەریەكەیان تەواوكاری ئەوی دیكەیان بووبێت؛ ئەوا بێگومان هیچ كەسێك نییە هێندەی سەرۆك بارزانی لە ئیدریس بارزانی نزیك بووبێت. سەرۆك بارزانی تەواو لەوە دڵنیا بوو بە جەستەئاوابوونی ئیدریس بارزانی ئەوا ئەركەكەی ئەویش دەكەوێتە سەر شانی دەبێت شان بداتە بەر ئەركی ئەو ئەمانەتەی جەنابی مستەفا بارزانی خستیە سەر شانیان. بۆیە تەنیا سەرۆك بارزانی دەزانێت جەستەئاوابوونی ئیدریس بارزانی چ بۆشاییەكی دروستكرد، وەك لە كۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ش بینیمان، كاتێك سەرۆك بارزانی دوای 35 ساڵ لە جەستەئاوابوونی باسی دەكرد، هەستمان دەكرد هێشتا چلەی ماتەمی كاك ئیدریس تەواو نەبووە. ئەم سۆز و وەفایەی سەرۆك بارزانی بۆ هەڤاڵ و هاوسەنگەرەكانی بە هەمان ئاستی سۆز و وەفایە بۆ براكەی، لەوانەیە دیارترین نموونە مەراسیمی بەخاكسپاردنی د. ڕۆژ نوری شاوەیس بێت كە سەرۆك بارزانی بە فرمێسكی چاوەكانی سۆز و وەفای بەرزی نیشانی هەمووماندا؛ ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت لای سەرۆك بارزانی، ڕاستە ئیدریس بارزانی برایەتی، بەڵام ئەوەی لە برایەتییەكە گرنگترە ئەوەیە كە ماوەی نزیكەی ٤٠ ساڵ پێكەوە هاوخەباتی یەك ڕێباز و پێشمەرگەی ناو یەك سەنگەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بوون.
لەناو ئەم هەستە بەرزەی سەرۆك بارزانیدا جۆرێك لە سەرسامی بە ئیدریس بارزانی خۆی بەرجەستە دەكات، بەڵام سەرسامبوونێكی سادە نا، بەڵكو سەرسامبوون بەو مانایەی كە ژاك دێریدا سەرسامی خۆی بە ماندیلا بەرجەستە دەكات. ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر ماندیلا لەناو زینداندا یاساكانی سیستەمی ئاپارتایدی لێك جیاكردبێتەوە و لەناو دادگا خۆی كردبێتە دادوەر و دادوەرەكانی لەناو دادگا كردبێتە تاوانبار، ئەوا لە سەرسامی سەرۆك بارزانی بۆ ئیدریس بارزانی ئەو ئیرادەیە دەبینرێت كە چۆن ئیدریس بارزانی وەك هاوكارێكی دڵسۆز و پێكەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەناو ئەشكەوتی چیاكانەوە دوانەی «بەرگری نیشتمانی و نەفرەت لە پەرتەوازەیی»یان لێ جیاكردەوە و لەناو چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا «پەرتەوازەیی»یان كردە دوژمنی ژمارە یەك و سەرسەختی كوردایەتی، و داگیركارانی كردە دوژمنی لاوەكی و ژمارە دوو. سەرسامە بەوەی ئێستاش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان هیچ ڕێگەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە بێجگە لەوەی دەبێت هەموومان بەیەك دەنگ «نەفرەت لە پەرتەوازەیی» بكەین، وەك سەرۆك بارزانیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆماوە بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند: «ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی كێشەی كوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ سووریا بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەگەر مەبەستیان بێت تەعدا لە كورد بكەن و كورد نەمێنێت، ئەوا قبووڵی ناكەین و هەموومان دەبین بەیەك». لەمەش گرنگتر ئاوێزانبوونی ڕای گشتی هەر چوار پارچەی كوردستان لەگەڵ ئەم پەیامە نیشتمانییەی سەرۆك بارزانی، مانای ئەوەیە سەرۆك بارزانی ئێستاش هەمان پێشمەرگەكەی ساڵی ١٩٦٢ـە و بەڵێنی یەكەمی «نەفرەتكردنە لە پەرتەوازەیی» و بەڵێنی دووەمی بەرگریكردنە لە مافەكانی كوردی هەموو پارچەكان بە هەر خوێن و قوربانیدانێك بێت. ئەمەش ئەو هیوایە بوو كە ئیدریس بارزانی خەباتی بۆ كرد و گیانی لە پێناویدا كرد بە قوربانی.
ئەمڕۆ كە یادی 39یەمین جەستەئاوابوونی دەكەینەوە، زۆر گرنگە وەك دەقێكی كراوە ئیدریس بارزانی بۆ ئێستامان بخوێنینەوە. ڕاشكاوانەتر، چیتر بەدوای ئەوەدا نەگەڕێین ئەو مەبەستی چی بوو یان چۆن بڕیاریدا، بەڵكو دەبێت بەو شێوازە بیخوێنینەوە كە چۆن دەیوویست ئەركەكانی شۆڕش لەگەڵ سەرۆك بارزانی بەش بكات و هاوكارێكی بەوەفای ڕێبازی بارزانی بێت. ئەو ئەركەی هزر و عەقیدەی بارزان وەك ئەرك و ئەمانەت خستوویەتیە سەر شانی سەرۆك بارزانی و ئیدریس بارزانی، خستوویەتیە سەر شانی هەر پێشمەرگەیەك و شوێنكەوتووانی ئەم ڕێبازە؛ داوامان لێدەكات خیانەت لە ئەمانەت نەكەین و هەموومان وەك ئیدریس بارزانی هاوكاری سەرۆك بارزانی بكەین بۆ ئەوەی لەم هەورازە سەختە پێكەوە سەربكەوین و لەسەر لووتكەی چیا پێكەوە ئاهەنگی سەركەوتن و ئازادی بگێڕین.
بۆ ئێستا و ئەو قۆناغە هەستیارەی نەتەوەكەمانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەو دوژمنە سەرسەخت و دڕندەیەی لەناو هەر ماڵێكی كوردستاندا بوونی هەیە و بووەتە هەڕەشە لەسەر بوون و كەرامەتی نەتەوەییمان، «پەرتەوازەیی»یە. بۆیە ئیدریس بارزانی پێمان دەڵێت: «سەنگەری یەكەمتان نەفرەتكردن بێت لە پەرتەوازەیی و سەنگەری دووەمتان بەرگری نیشتمانی. ئەگەر لە سەنگەری یەكەم هاوكار و پشتیوانی سەرۆك بارزانی بن بۆ ‹نەفرەتكردن لە پەرتەوازەیی›، لە سەنگەری دووەمدا كە بەرگری نیشتمانییە، بە ڕێبەرایەتی سەرۆك بارزانی بە ئاسانی سەردەكەون».
