کوردایەتى و تەبایی بەهێزترین چەکە بەرامبەر ناحەزانى کوردوکوردستان
زیاتر لە سەد ساڵە داگیرکەران هەرەکە هەڵمەتى دژە کورد و کوردستان دێت ، بەهەموو چین و توێژەکانیانیانەوە پشتیوانى یەکتر دەکەن بۆ ئەوەى گەلى کورد لە سەر زێدى کۆمەڵکوژ و هەوڵى ڕێشەکێشکردنى دەدەن و دەستدرێژە دەکرێتە سەر مافە بنەڕەتی و مرۆڤایەتییەکانى گەلى کورد ، ئەو زێهینیەتە نەک لە ماوەکانى رابردوو کۆتایی پێنەهاتووە بەڵکو لەگەڵ گۆڕینى ڕژێمەکانیش ستەمکارییەکانیان درێژەى هەیە ؛ بەسەرنجدان بەڕووداو و پێشهاتەکانى حکوومەتى عەرەبى سووریا پێمان دەڵێن ئەوان درێژەپێدەرى سیاسەتێکى فاشیزمى نەتەوەیی عەرەبییە ، ڕەتکردنەوەى شوناسى نەتەوەیی و مێژوو و فەرهەنگى نەتەوەییە ؛ وەک چۆن لە ماوەى چەندین ساڵى رابردوو داگیرکەرانى کوردستان بەهەموو چەک و پیلانگێرییەک پێشێڵکارییان بەرامبەر گشت مافە نەتەوەییەکانى کوردوکوردستان لە سەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان ئەنجامداوە و بێ بەشیان کردوە ؛ ئەم سیاسەت و زێهینیەتە دڕندانەیە بەردەوامە و بەشێوەى بەرنامە دارێژراو گەلى کورد ڕووبەڕووى پەڵاماردان و سزاى قورس دەبێتەوە
ئەم سەر ئاستى ناوچەکەدا ئەو فشارى سەربازى و ئەمنى و ئابووریی و سیاسیانە لەسەر گەلى کورد لە ناوچەکە دا لەلایەن داگیرکەر و فاشیزمەکان بەردەوامە ، ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەنەک هەر دژى هەموو یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان بەڵکو هەموو بنەماکانى پێکەوەژیان پێشێڵ دەکات ؛ ئێستاش بەهەمان شێوە و جارێکى تر وێراى ڕووخانى ڕژێمى دیکتاتۆرى ئەسەدە , بەڵام دەسەڵاتى نوێى سووریا گەلى کوردى لە ماف و بڕیاردان و داهاتووى بە ئاشکرا دوور خستۆتەوە و ڕێگە نادات کورد لە نێوان پرۆسەى سیاسى و حکوومڕانى دا بەشدار بێت
لێرەدا گرنگە ئەو راستییە بزانین ، ئەوەى ئێستا گەلەکۆمەکى عەرەبى فاشیزمى دەیکات، عەرەبایەتى ، ئیتر هەر لەسەر ئاستى سووریا بێت ، یانیش عێراق و یانیش لوبنان ، چونکە کردەوەکانیان بەئاراستەى نکۆڵیکردن لە بوونى کورد و مافەرەوااکانێتى ؛ لە کاتێکدا گەلى کورد بەدرێژایی مێژووی دژایەتى هیچ گەل و نەتەوەیەکى نەکردووە ، شەڕى بەکەس نەفرۆشتووە وخاک و موڵکى هیچ گەلێکى دیکەى داگیرنەکردووە ، هەوڵى سڕینەوەى شوناسى هیچ گەلێکى دیکەى نەداو ە و نکۆڵى لێ نەکردووە ؛ تەنها بەرگرى لە خاک،ناسنامە و ئیرادەى خۆى کردووە ؛ بەڵام پێچەوانەکەى عەرەبى فاشیزمى هەردەم بە هەموو جۆرە چەکێک هێرشى کردۆتە سەر مافى گەل و نەتەوەکانى دیکە و داگیرى کردووون ، هوڵى سڕینەوەى شوناسى گەلانى دیکەى داوە؛ وەک چۆن لە عێراق دەیان ساڵە ستەم لە گەلى کورد دەکرێت و ماڵى وێران دەکرێت ؛ ئەوەتا بەهەمان شێوەى لە سووریا پەلامارى سەر شکۆ و شوناس و موڵک و مالى گەلى کورد دەدرێت ؛ ناکرێت ئاماژەى پێنەکەین ، کاتێک زیاتر لە هەزار ساڵە عەرەبى سوننە و عەرەبى شیعى ، شەڕى یەکتر دەکەن و ناکۆکیی زۆریان هەیە بە ئێستاشەوە ، کاتێک پرسەکە دێت سەر دۆزى کورد هەموویان دەبنە برای یەکتر بۆ ئەوەى دژایەتى کوردوکوردستان بکەن
شەڕى چەند رۆژى رابردوو هێزەکانى سوریاى دیموکرات ، گروپ ومیلیشیا تیرۆریستەکانى سەربە سووریاى عەرەبى و وڵاتان ،هەموو عەرەبەکان ئەو وڵاتە بوون بەیەک ، ئیتر پاساو تۆمەتى چەواشەکارانە و درۆیان بۆ کورد هەڵدەبەستن ،وەک چۆن دوێنى بە کوردیان دەگووت جنۆکە و ئەمڕۆش ئەو تیرۆریستانە بە گەلى کورد دەلێن کافر و بێ دین ، تەنها بۆ ئەوەى کورد بکوژن و ئیرادەى بشکێنن ؛ بەهەڵدانەوەى لاپەرەکانى مێژووى فاشیزمى عەرەبى تا سەدام و ڕژێمى بەعس و ئێستاشەوە هەموویان لەگەڵ داگیرکەرانى تورک،ئێران و فارس بۆ دژایەتیکردنى کورد بوون یەک ،چونکە باش دەزانن ئەگەر گەلى کورد خاون دەوڵەت ، چەک ، فرۆکە بووایە ئەوان بوێریان نەدەکرد هێرش و پەلامارى سەر کورد بکەن
گرنگ ئەوەیە گەلى کورد وێراى هەموو ئەو دژایەتیکردنانەى لەلایەن فاشیزمەکان و دوژمنانییەوە پەلامار دەدرێت ، بەڵام ئیرادەى پۆڵاینە و ناکەوێ؛ زۆریش گرنگە لە قۆناغى ئێستادا تەبا و یەکهەڵوێست بێت و ئەو قۆناغەش بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت ؛ لەوەش گرنگتر ئەوەیە عەرەب لە پێناو دین شەڕ ناکات بەڵکو بۆ داگیرکردنى خاکى گەل و نەتەوەیەکانى دیکەیە، گەلى کوردیش هەر بە ئاشتیخوازى و لۆژیک و خۆڕاگرى سەردەکەوێ ودەگاتە ئامانجەکانى

رێبوار حەمەلاو شوانی