منی ئافرەت بۆ شەهید بوون ئامادەم پەلکەکانم سمبولی ئازایەتی ژنی کوردە

منی ئافرەت بۆ شەهید بوون ئامادەم پەلکەکانم سمبولی ئازایەتی ژنی کوردە

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هێرشی چەتەکانی داعشی عەرەبی دیمەنێک بەرچاوی لێڵ کردم کلی چاومی بەسەر ڕومەتەکانمدا هێنایە خوار کە بینیم پەلکی ڕەنگ زێڕی ژنە شەڕڤانێک لە دەستی جانەوەرێکی خوێن سارد و دوژمن بە کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاشقی کۆنەپەرستی تاریک پەرستی.
لە هەمان کاتدا ئاهێكم بە بەرخۆمدا هێنا کە دەبینم
ژن سەرکردایەتی شۆڕش و حوکمڕانی و بەڕێوبردن و دیپلۆماسی دەکات، ژن بەرخودان دەکات ژن شەهید دەبێ ژن پارێزەری خاک و نیشتمانە ژن شانبەشانی پیاوان لە سەنگەردا ڕاوەستاوە و سنگی ناوە بە شمشێری جەلادەکانی جۆلانەوە .
هەر بۆیە ئێستا ڕۆژئاوا، بە ئازایەتی ئەو ژنانەوە بووەتە نموونەی خۆڕاگری و هەموومان شانازی پێوە دەکەین.

گومان لەوەدا نییە شوێنی ژن لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئاوێنەیەکی ڕاستەقینەیە کە ڕاستیی ئەو کۆمەڵگەیە و ڕەوت و شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و ئاستی ژیاری تێدا ڕەنگ دەداتەوە، ئەمڕۆ بۆ هەموو گەلان ڕوون بووەوە کە ژنی کورد هەرکات مەترسی کەوتە سەرخاک و گەل ئارایشت و خانمی وەلاوە دەنێ و ڕەنگ و بەرگی تێکەڵی خاک دەکات و دەبێت بە قەڵغان بۆ ئازادی.

ژنی کور بە درێژایی مێژوو بە پایەی جیاجیادا تێپەڕیوە و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، لە هەندێ ناوچەدا ژن پێشڕەو و سەرکردە و قوربانیدەر بووە، نموونەی ئەو شێرە ژنانە ڕۆژئاوا چۆن دژی داگیرکەران دەجەنگن شوێن پنجەیان لە ئازادی و خۆڕاگری ڕۆژئاوا داناوە.

لەگەڵ ئەوەشدا بڕینی پەلکی( كەزی) ئافرەت و سوکایەتی کردن بە جەستەی نائومیدمان دەکات، لە وەی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەقڵێتی داعشی و دڕەندەیی چەکدارانی شەرع لە سوریا بەدی بێت .

ئەو ژنە شەڕڤانانە ڕاهێنراون تا پارێزگاری لە خۆیان و کەسوکاریان و ئەوانەی دەورووبەریان بکەن. هیچ یەکەیەکی کلتووری تیۆری شارستانی، لە پشت ئەم چالاکییە سەربازیانەوە نییە ،،جگە لە خۆپارێزی و نیشتمان پارێزی و بەرگرییەکی شەریفانە لە خاک .

ئارەزوو عەبدولخالق

Top