لە "نا"یەکەی بارزانییەوە بۆ "نا"یەکەی مەزڵوم عەبدی: چەسپاندنی شکۆی نەتەوەیی
(*)
لە فەرهەنگی سیاسیی نەتەوە بندەستەکاندا، وشەی "نا" تەنیا دەربڕینی ڕەتکردنەوەیەکی سادە نییە، بەڵکوو مانیفێستی ئیرادەیەکی پۆڵایینە کە لە قووڵایی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانەوە سەرچاوە دەگرێت. مێژوو لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان خەریکی دووبارەکردنەوەی خۆیەتی؛ ئەو هەڵوێستە مەردانەیەی جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی بەرانبەر تۆم باراک و پیلانەکانی جۆلانی نواندی، هەمان ئەو ڕەگ و ڕیشە نەتەوەییەی هەیە کە "نا"یەکی مێژوویی سەرۆک بارزانی بەرانبەر پۆڵ بریمەر هەیبوو.
ساڵی 2003، کاتێک پۆڵ بریمەر وەک حاکمی مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق ویستی ئیرادەی خۆی بەسەر کورددا بسەپێنێت، هەوڵێکی مەترسیداری دا بۆ بێبایەخکردنی هێزی پێشمەرگە. بریمەر بە عەقڵییەتێکی سەربازییەوە پێشمەرگەی بە "میلیشیا" ناوزەد کرد و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی دەرکرد. لەو چرکەساتەدا، سەرۆک بارزانی بە "نا"یەکی توند و بێ گەڕانەوە ڕووبەڕووی وەستایەوە و ڕایگەیاند کە پێشمەرگە ناسنامەی نەتەوەیەک و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە و هیچ کەس بۆی نییە دەستی بۆ ببات. ئەو هەڵوێستە تەنیا سەرکێشییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو قەڵغانێک بوو کە ئەمریکای ناچار کرد دان بنێت بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پیرۆزیی هێزی پێشمەرگەدا.
ئەمڕۆ جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی لە ڕۆژاوای کوردستان، لە بەردەم هەمان هاوکێشەی مێژووییدا وەستاوە. گوشارەکانی تۆم باراک و هەوڵە چەپەڵەکانی جۆلانی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و تێکدانی تاقیکردنەوەی سیاسیی ڕۆژاوا، پێویستی بە هەمان جۆرە ئیرادە هەبوو. "نا"یەکەی مەزڵوم عەبدی بەو مانا دێت کە کورد لە ڕۆژاوا ئامادە نییە ببێتە پاشکۆی ئەجێندای گرووپە توندڕەوەکان و بەرژەوەندیی کاتیی زلهێزەکان. ئەم هەڵوێستە درێژکراوەی ئەو عەقڵییەتەیە کە دەڵێت: "هاوپەیمانی پێویستە، بەڵام شکۆی خاک و ناسنامەی نەتەوەیی جێگەی سازش نییە."
هێز و قووەتی ئەم "نا"یانە لەوەدایە کە ڕەگێکی جەماوەریی قووڵیان هەیە. کاتێک سەرۆک بارزانی بەرانبەر بریمەر وەستا، گەلی کورد یەکدەنگ پشتیوانی بوو؛ ئێستاش کە جەنەراڵ مەزڵوم لە ڕۆژاوا بە هەمان نەفەس بەرگری دەکات، ئەرکی نەتەوەیی هەر کوردێکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ببێتە پشتیوانی. دەبێت تێبگەین کە شکستخواردنی هەر "نا"یەکی نەتەوەیی لە هەر بەشێکی کوردستان، دەبێتە دەروازەیەک بۆ داگیرکەران تا لە بەشەکانی تریش سووکایەتی بە ئیرادەی کورد بکەن.
لە کۆتاییدا، مێژوو تەنیا ڕووداوەکان تۆمار ناکات، بەڵکوو شکۆی ئەو سەرکردانە دەپارێزێت کە لە ساتە تەنگانەکاندا نەیانهێشت شکۆی نەتەوەکەیان بشکێت. ئەو سەرکردانەی وتیان: "نا بۆ داگیرکاری، نا بۆ پاشکۆیەتی، و بەڵێ بۆ کەرامەتی بەرز و سەربەخۆیی کوردستان."
(*)
/ماستەر لە یاسای گشتی

سەنار شێرۆكی