نەتەوەی بێ‌دەوڵەت لە سیستەمی دەوڵەتاندا

نەتەوەی بێ‌دەوڵەت لە سیستەمی دەوڵەتاندا

 

 

سیاسەتی نێودەوڵەتی لە بنەڕەتدا لەسەر پاراستنی هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندی دەوڵەتان دامەزراوە، نە لەسەر بنەمای دادپەروەری نەتەوەیی یان مافی گەلانی بێ‌دەوڵەت.
بەم پێوانەیە، مێژووی نەتەوەی کورد دەتوانرێت وەک نموونەیەکی دیار لە نادادپەروەرییە ستراتیژییەکان لێکبدرێتەوە، نادادپەروەرییه‌ك کە هەڵەی تاکەکان نیه‌، بەڵکو بەبنه‌مای سیستەمی جیهانی پەیوەستە.

١. چەقابەستویی سنوورەکان و نەزمی نێودەوڵەتی

لە تیۆرییەکانی زانستی سیاسیدا، چەقابەستویی سنوورەکان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی, دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەم بنەمایە وەک ڕێنماییەکی گشتی جێگیرکرا بۆ ئەوەی گۆڕانکارییە سنوورییەکان سنووردار بکرێن، چونکە گۆڕینی سنوورەکان دەتوانێت ببێتە هۆی تێكدانی هاوسه‌نگی سیاسی و شکانیی نەزمی جیهانی.

لەم چوارچێوەیەدا، سیستەمی نێودەوڵەتی زیاتر گرنگی بە پاراستنی نەزم دەدات تا بە چارەسەری نادادپەروەرییە مێژووییەکان.
بۆیە، پاراستنی سنووری دەوڵەتانی وەک (عێراق، تورکیا، سوریا و ئێران)، لە زۆربەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا، لە مافی نەتەوەیی کورد گرنگتر هەژمار دەکرێت.

٢. سنووری ئەخلاق لە سیاسەتی نێودەوڵەتی

یەکێک لە بنەڕەتی‌ترین ڕاستییەکان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەوەیە, کە ئەخلاق سنووردارە و بەرژەوەندی بێ سنوور.
بەم مانایە، شتێک نییە بە ناوی «برايەتی گەلان» بە مانای ئەخلاقیی ڕاستەقینە, ئەمە واتای ڕەتکردنەوەی ئاشتی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی ئەوەیە کە بڕیارە ستراتیژییەکان لەسەر بەرژەوەندی دامەزراوه‌، نەك لەسەر هەست یان ئایدیالیسم.

نوام چۆمسکی, ئەم دۆخە بە شێوەیەکی ڕوون دەخاتەڕوو کاتێک دەڵێت ( نەتەوەی کورد تەنها لەو کاتانەدا پشتگیری دەکرێت کە قوربانی دەدات، بەڵام کاتێک داوای مافی سیاسی و یاسایی دەکات، وەک بارێکی نائاسایی لەسەر سیستەمی دەوڵەتان دەبینرێت) ئەم ڕوانینە ڕەهەندی ئەخلاقیی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ئاشکرایی پیشان دەدات.

جواهر لال نێهرو لە کتێبی «کورتەی مێژووی جیهان» دا، لەسەر شۆڕشەکانی کورد لە تورکیا دەڵێت:
«سەیرە کە نەتەوەیەکی وەک تورکەکان، کە خۆیان ژێردەست بوون و بۆ ئازادی جەنگان، ئێستا ئازادی لە نەتەوەیەکی تر وەک (کورد) زۆر دەکەن»

٣. دەوڵەتی هەشارەکە و لۆژیکی هێز

لە سیاسەتی هێزدا، چەمکی دەوڵەتی هەشارەکە بەکاردێت بۆ ئەو نەتەوانەی کە ڕێگەیان پێدەدرێت تەنها ئەوەندە بەهێزبن کە بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، نە ئەوەندەی کە ببنە دەوڵەت یان هاوسەنگی ناوچەکان بگۆڕن.
لەم ڕوانگەیەوە، نەتەوەی کورد وەک ئامرازێکی ستراتیژی بەکاردێت، نە وەک بابەتی ماف و یاسای نێودەوڵەتی.

٤. هێمای پڕۆکروست و دۆخی کورد

هێمای قه‌روێڵه‌كه‌ی پڕۆکروست لە ئەفسانەی یۆنانییدا، وەک وێنەیەکی فکری بۆ فشاری نادادپەروەرانە بەکاردێت.

کورد وەک قه‌ڕوێڵه‌كه‌ی (پڕۆگڕوست) لێهاتووە،
ئەگەر قاچی لە قه‌روێڵه‌كه‌ درێژتربێت داوای ماف بکات قاچی دەبڕنەوە،
ئەگەر قاچی لە قه‌روێڵه‌كه‌ کورتتر بێت ئەوەندە ڕای دەکێشن تا هەردوو قاچی لە حەوزێنەوە دەرده‌چێت!
ئەگەر بەشداری پیلانی گڵاوی دەوڵەتانی زلهێز ناكەیت, دەیان کڕوب و درۆن و مووشه‌ك به‌سه‌رتا ده‌بارێنن.
ئەگەرش بەشداری بکەیت و داوای مافت بکەیت فاجعەت پێده‌كه‌ن!

لە سەدەی بیست و یەکدا، سەرەڕای پاراستنی زمان، کەلتور و مێژووی کورد، مەترسییەکی قووڵ هەیە کە پەیوەندی بە لاوازی بڕیارسازی نه‌ته‌وه‌ی هەیە, ئەم تەنها بە هۆی هێزە دەرەکییەکان نییە، بەڵکو بەهۆی دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە مێژووییەکانه كه‌به‌رده‌وام دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌‌!

ئەگەر تێگەیشتن لە لۆژیكی سیاسەتی نێودەوڵەتی و دروستکردنی بیرێکی سەربەخۆی نه‌ته‌وه‌ی جێگیرببێت، ئەوا دەتوانرێت قه‌ڕوێڵه‌كه‌ی پڕۆکروست بشکێنرێت، نەوەک نەتەوەیەک هەمیشە لەسەری قه‌روێڵه‌كه‌ی پرۆكروست ڕابکێشرێت یان قاچه‌كانی ببڕدرێت.

Top