ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێز؛ خەونێکی بەدینەهاتوو
هەر لە سەرەتاکانی دابەشکردنی کوردستان و دەستپێکردنی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی باشووری کوردستان، هەمیشە دوژمنان بۆ لێدان لە دۆزی ڕەوای کورد بە بیانووی ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێز، لەم بەشەی کوردستان بە دەیان جۆر وەسیلەیان بەکار هێناوە بۆ درزخستنە نێو یەکڕیزیی ئەم گەلە و بە دەیان پاساوی جۆراوجۆر کێشەیان لە بەردەمدا دروست کردووە و نەیانھێشتووە کورد بگات بە ئامانجە لەمێژینەکەی، کە ئەویش سەربەخۆیی و سەقامگیرییەکی سەرتاسەرییە.
ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، سەرەتای ئەم هەنگاوە لەلایەن کۆمەڵێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەوکاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتیی (ئیبراهیم ئەحمەد)، ئەندامی ئەوکاتی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەو وەختیش پاساوەکانی هەمان ئەو پاساو و بیانووانە بوون کە دەسەڵات و سەرکردایەتیی شۆڕش هەموو لەلایەن بارزانیی نەمرەوە قۆرخ کراوە و ئەم سەرکردایەتییە خێڵەکییە و ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە و پێویستە هاوسەنگی بۆ سەرکردایەتیی شۆڕش بگەڕێتەوە، بۆ ئەمەش لە ساڵی ١٩٦٤ درزیان خستە نێو سەرکردایەتی و دەستیان کرد بە هاوکاری لەگەڵ رژێمی بەعس بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە سەرکردایەتیی بارزانیی باوک، بەڵام دەرەنجام چی بوو، ڕێککەوتننامەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ی لەگەڵ بارزانیی باوک و گەڕانەوەی جیاوازەکان بۆ باوەشی شۆڕش و داننان بە هەڵەکەیانی لێ کەوتەوە.
لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی ١٩٩١ و سەرکەوتنی گەلی کورد و ئازادبوونی شارەکانی کوردستان لەسەر دەستی جەماوەر و بەرەی کوردستانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کوردستان، زۆری نەخایاند ئەوکاتیش یەکێتیی نیشتیمانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی بە بیانووی بوونی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا ڕەت کردەوە، دواتر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بە بیانووی گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز لە کوردستان زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم رووبەڕووی شەڕێکی نەویستراو کرانەوە بە هاوکاریی وڵاتانی هەرێمی، بەڵام دووبارە دەرەنجامی ئەم هەوڵە چی بوو، پێکهێنانی کابینەی حکوومەتێکی یەکگرتوو بە سەرۆکایەتیی نەوەیەکی بارزانیی باوک کە ئەوان لە ڕابردوودا ویستیان بە هەموو شێوەیەک لە سەرکردایەتیی شۆڕش دووری بخەنەوە.
ئەگەر دووبارە سەیری رووداوەکان بکەینەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ یەکێتیی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵێکی لەو جۆرەیان دایەوە و ساڵی ٢٠١٤ ڕێککەوتننامەی دەباشانیان واژۆ کرد، کە هەمان مەبەستیان هەبوو، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە هەڵوەشانەوە و جارێکی تریش لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ئەوسای عێراق بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەورەترین هەڵەی مێژووییان ئەنجام دا و سوپا و حەشدی شەعبییان هەتا سەر سنووری هەولێر هێنا، هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵکو لە دوای ئەم هەنگاوە بەردەوام بوون و ئەم جارەیان لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەیان بڕیاری دژی قەوارەی هەرێمیان دەرکرد، تا گەیشتن بە ئاستێک داوا لە بەغدا بکەن بەردەوامی بدات بە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی باڵانسی هێز راست بکەنەوە، دەرەنجام بەدەستهێنانی سەروو ملیۆنێک دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە کۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
لە دوای ئەنجامدانی کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەمان سیناریۆ بەردەوامی هەیە و بە موماتەڵەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەخوازن بگەن بەو ئامانجە بەدینەهاتووەی ڕابردوو و راستکردنەوەی باڵانسی هێز دەستی پێکردەوە، بە شێوەیەک سەرەتا داواکاری ناواقیعی لە بەرکەوتەی حکوومەت، دواتر ئەو هەنگاوەی بەغدا لە دیاریکردنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێستاش لە دوای نەگەیشتن بەو ئامانجە، دەست کرا بە دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی، کە ئەمەش بە مەبەستی فشار خستنە سەریان بۆ تەسلیمبوون بە ئیرادەی یەکێتیی نیشتیمانی، دیارە لە کۆتا کات (نەوەی نوێ) ئەم هەنگاوەی ناوە کە بە ئینتیدابی سیاسیی ئەم جوڵانەوەیە هەژمار دەکرێت، لەلایەکی ترەوە فشارەکان لەسەر (ڕەوتی هەڵوێست) زیادیان کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ فشارەکان لە بەرامبەر (بەرەی گەل)، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەم هەنگاوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەست کراوە دەکات بۆ هاوڕێیانی هەمان هەنگاو بۆ دروستکردنی زۆرینەی ناو پەرلەمان بنێت، کە لە رۆژانی داهاتوودا ئەمە ڕوونتر دەبێت.

محەمەد عەلی