مەترسیی ڕاماڵینی بەفر لەسەر دڵ
لەوانەیە كە ڕاماڵینی بەفر لە وەرزی زستاندا كارێكی ئاسان و ئاسایی بێتە بەرچاو، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستیی دڵ لە كۆمەڵەی ئەمریكیی تایبەت بە دڵ AHA هوشداری دەردەن سەبارەت بە جووڵە و خۆماندووكردنی زۆر و لەناكاو لە كەشی بەفراوی و زۆر سارددا، چونكە لەوانەیە كە تووشی نۆرەیەكی لەناكاوی دڵ، یان وەستانی دڵ Cardiac arrest ببنەوە، بەتایبەتی بەساڵاچووان و كەسانی كەم جووڵە. ژمارەی لێدانەكانی دڵ لەماوەی تەنیا دوو خولەك لە ڕماڵینی بەفر بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبنەوە، هەروەها ڕاماڵینی بەفر بە ئەستووری 15-20 سانتیمەتر هۆكارە بۆ ناوە ناوە قەتیسبوونی خۆنەویستانەی هەناسە، ئەمەش ژمارەی لێدانەكانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەكات. جگە لە جووڵە و ماندووبوونی پەیوەست بە ڕاماڵینی بەفر، سەرمای سەخت هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و بارگرانیی زۆر لەسەر ماسوولكەی دڵ بۆ پاڵنانی خوێن، كەواتە، سەرمای زۆر، هیلاكیی بەدەنی لەگەڵ قەتیسبوونی هەناسە لەوانەیە كە بەیەكەوە ببنە ئەگەری گرفتی تیژ لە دڵدا.
