لارا كرۆفت دەگەڕێتەوە هۆڵی سینەماكان
هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ ئارەزوومەندانی فیلم و سینەما,زنجیرە فیلمی تۆمب رایدەر(tomb raider)دەگەڕێتەوە هۆڵەكانی سینەما و بەشێكی نوێی لێ بەرهەم دەهێندرێت,ئەم هەنگاوە لەلایەن(Prime Video) بە بڵاوكردنەوەی وێنەیەك لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان ڕاگەیەندرا,كە لە وێنەكەدا خانمە ئەكتەری بەریتانی (سۆفی تێرنەر) بە ستایلی لارا كرۆفت كەسایەتی دیاری نێو یارییە ئەلیكترۆنییەكان دەردەكەوێت,هەروەها لەسەر بڵاوكراوەكەدا ئاماژەی پێدراوە:(پارچە ئاسەوارەكان دەربهێنن,لارا لە ڕێگایە),ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە چیرۆك و گەشتەكانی لارا كرۆفت دەگەڕێتەوە هۆڵەكانی سینەما.
بەپێی چەند ڕاپۆرتێكی میدیا جیهانییەكان,لە ئێستادا بە فەرمی دەستكراوە بە كاری وێنەگرتنی ئەم فیلمەو سۆفی تێرنەری تەمەن 29 ساڵ ڕۆڵی لارا كرۆفت دەگێڕێت و سینەماكار و خانمە ئەكتەر(فیبی واڵەر-بریدج)كار لەسەر درووستكردنی فیلمەكە دەكات,هەروەها لەم بەشە نوێیەی تۆمب رایدەر چەند ئەكتەر و سینەمارێكی دیار ڕۆڵدەگێڕن, شانبەشانی سۆفی تێرنەر پاڵەوانی نێو فیلمەكە,سیگۆورنی وێڤەر-جەیسۆن ئیزاكس-سیلیا ئیمری, وەكو سێ ئەكتەری دیاری نێو فیلمەكەن و ڕۆڵی سەرەكییان هەیە,هەروەها هەریەك لە مارتن بۆب,جاك بانوون,جۆن هیفەرنان,بیڵ پاتەرسۆن,ساشا لویس,جولیەت مۆتامید,پاتەرسۆن جۆزێف و چەند ئەكتەرێكی دیكەی سینەمایی لە فیلمەكەدا بەشدارن.
تۆمب رایدەر كە فیلمێكی ئاكشنە,بیرۆكەكەی لە یارییەكی ئەلیكترۆنی وەرگیراوەو هەمان ناونیشانی هەیە,ەم فیلمە باس لە گەشتێكی پڕ لە نهێنی و گەڕان بە دوای چەندین كۆد دەكات,سەركێشی و دۆزینەوەی ڕێگاكان بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتانەی كە هەموو بۆی دەجەنگن,ئامانج و چیرۆكی سەرەكی نێو فیلمەكەیە,لارا كرۆفت پاڵەوانی نێو ئەم چیرۆكەیە,خانمێكە وەكو مێژووناس و جەنگاوەر گەشتێكی دوور دەكات لەپێناو دۆزینەوەی هەندێ ئاسەوار و بەڵگەی مێژوویی.
لە ڕابردوودا سێ بەرهەمی سینەمایی دەربارەی چیرۆكەكانی تۆمب رایدەر بڵاوكرایەوە,ساڵی 2001 بەشی یەكەمی بە ناونیشانی(Lara Croft: Tomb Raider)بەرهەم هات,وە دواتر ساڵی 2003 بەشی دووەمی بەناونیشانی(lara croft tomb raider - the cradle of life)بەرهەم هات,كە لەم دوو بەشەدا (ئەنجلینا جوڵی)خانمە ئەستێرەی هۆڵیوود ڕۆڵی لارا كرۆفتی گێڕا,لە دوای ئەم دوو بەشە, ساڵی 2018 بەشێكی دیكەی لێ بەرهەم هات كە خانمە ئەكتەری سویدی(ئەلیسیا ڤیكاندەر)ڕۆڵی لارا كرۆفتی گێڕا,بەڵام هەر ئەو بەشە بوو و ئەلیسا ڤیكاندەر بە پەرۆشبوو تا لە بەشێكی دیكەیدا بەشدار بێت,بەڵام دوای هەموو ئامادەكارییەك ناكۆكی لەكارە سینەماییەكە درووست بوو و كێشەكە لەبەرژەوەندی كۆمپانیای یارییە ئەلیكترۆنییەكە یەكلا بوویەوە,بەمەش كارەكان وەستا و بڵاوكردنەوەی بەشی نوێی ڕەتكرایەوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
