پەرستۆ كارزان بۆ گوڵان:ئێستا خۆشەویستیم بۆ سینەما بەجۆرێكە، لەوانەیە ڕۆژێك لە گۆرانی و مۆسیقا بكشێمەوە

پەرستۆ كارزان بۆ گوڵان:ئێستا خۆشەویستیم بۆ سینەما بەجۆرێكە، لەوانەیە ڕۆژێك لە گۆرانی و مۆسیقا بكشێمەوە

پەرستۆ كارزان یەكێكە لە خانمە گۆرانیبێژەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، چەند ساڵێكە لە بواری گۆرانی و موزیكدا كار دەكات و تا ئێستا چەندین گۆرانیی بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاو كردووەتەوە، بەم دواییە ڕووی لە بواری نواندن كردووە و لە دوو فیلمی (شەوی بارانی) و (باوەشی سارد) كە لە دەرهێنانی خاتوو «ناجی سەلیمی»ی دەرهێنەری ڕۆژهەڵاتی كوردستانە بەشداریی كردووە . لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد دەربارەی گۆرانی و نواندن.

*چی وای لێ كردیت كە لە جیهانی مۆسیقاوە بەرەو نواندن هەنگاو بنێیت؟

-هەر لە منداڵییەوە حەزم لە ئەكتەری بووە، كاتێك ڕووبەڕووی كامێرا دەوەستم، هەستێكی ئەوەندە خۆشم هەیە كە خۆم ون دەكەم. لێرەوە زۆر سوپاسی خاتوو ناجی سەلیمیی دەرهێنەر دەكەم، متمانەیەكی زۆری بە من بەخشی و وای لێ كردم كە بڕوای زیاترم بەخۆم هەبێت، كە من دەتوانم ئەكتەرێكی باش بم، بێ ئەوەی تێستم بكات پشتی بە كلیپەكانم بەست وەك گۆرانیبێژ. یەكەم ڕۆژ كە گەیشتمەوە بۆكان، دووەم ڕۆژ دەستم بە نواندن كرد، بێ ئەوەی پێشتر ئەزموونم هەبێت، تەنانەت نەمدەزانی دیالۆگ چییە. لە فیلمەكانی (شەوی بارانی) و (باوەشی سارد) هیچ دیالۆگێك بە من نەدرابوو. ئێستا خۆشەویستی و عیشقم بۆ سینەما ئەوەندە زۆرە، لەوانەیە ڕۆژێك بە تەواوی لە دنیای گۆرانی بكشێمەوە و ڕوو لە سینەما بكەم.

پەرستۆ كارزان بۆ گوڵان:ئێستا خۆشەویستیم بۆ سینەما بەجۆرێكە، لەوانەیە ڕۆژێك لە گۆرانی و مۆسیقا بكشێمەوە

*ئایا هەست دەكەیت ئێستا ناوبانگت زیاتر بوو؟

-هیچ كاتێك نەمتوانیوە لە دنیای گۆرانیدا ئەوەی لە ناخمدا هەیە و ئاواتمە دەری ببڕم، هەمیشە هەستم دەكرد كەموكووڕییەك هەیە، تا ئەو كاتەی بەشداریم لە فیلمی (باوەشی سارد)دا كرد، فیلمەكە دەربارەی دایكێك بوو، منداڵێكی كەمئەندامی هەبوو زۆری خۆشدەویست، بەڵام لە دەستی دا، ڕێگەی نەدەدا كەس منداڵەكەی بنێژێت، دەتوانم بڵێم قورسترین ڕۆژی ژیانم بوو تا ئێستا. من لە ناو پۆشاكێكی كۆن وڕوخسارێكی شێواودا، وا چووبوومە ناو ڕۆڵەكەوە كە من دوو جار لە هۆش خۆم چووم، كاتێك بەئاگا هاتمەوە كە منداڵەكەیان بردبوو، بە جۆرێك گریام وەك ئەوەی كارەساتەكە لە واقیعدا بەسەر مندا هاتبێت، لە بەشی كۆتایی فیلمەكەدا كە دەبوو دوو دەقە بێت، كاك سیامەند كە ڕۆڵی بەرامبەرەكەم بوو، نەیدەتوانی هیچ دیالۆگێك بڵێت و تەنیا دەگریا. دوای تەواو بوونی دیمەنەكە، هەموویان وەك سەرەخۆشی بە پەرۆشەوە هاتن و باوەشیان پێدا كردم.

*ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن گەنجینەیەكی دەوڵەمەندی فۆلكلۆرە، تا چەند سوودت لێ وەرگرتووە؟

-من ستایلەكەم گۆرانیی فۆلكلۆرە و بە زۆری گۆرانییەكانی هونەرمەندان حەسەن زیرەك، تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان، مەرزیە خان و لەیلا فەریقی دەڵێمەوە. لە تاران مەقاماتی فارسیم خوێندووە، مۆسیقای سوننەتی زۆر جیاوازە، ئەگەرئێمە بگەڕێینەوە بۆ هونەرە نەتەوەییەكەی خۆمان و ئەو قوتابخانە و مامۆستا گەورانەی هونەری كوردی، دەبینین ئەوەی ئێستا هیچی هونەر نییە و ئێمەی گۆرانیبێژان خەریكین تێكی دەدەین، بەڵام خۆشبەختانە وردە وردە كەسەكان خەریكن گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان دەڵێنەوە بە شێوازێكی جوان.

پەرستۆ كارزان بۆ گوڵان:ئێستا خۆشەویستیم بۆ سینەما بەجۆرێكە، لەوانەیە ڕۆژێك لە گۆرانی و مۆسیقا بكشێمەوە

*وەك گۆرانیبێژێك ژنبوون چەند قورس بوو بۆت؟

-ساڵی ٢٠١١ دەستم بە گۆرانیگوتن كرد، ئاستەنگی زۆرم بۆ درووست بوو، هەشت ساڵ تووشی نەخۆشیی دەروونی بووم، دوای هاتنم بۆ كوردستانیش، دوو ساڵ دواتر تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم، دوای سێ ساڵ چاك بوومەوە. تەمەنم 22 ساڵ بوو نزیكەی حەڤدە مانگ ڕووبەڕووی شێرپەنجە بوومەوە، ئەو كێشانە وایان لێ كردم كە هەست بە بێزاری بكەم، بەڵام هەوڵم دا و هەستامەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوڕێكانم و خێزانەكەم پشتیان تێكردم. دەوروبەرەكە قسەی زۆریان دەكرد، خێزانەكەم دەیانگوت خۆزگە مردبایە دوای چل ڕۆژ هەموو شتێك تەواو دەبوو، چۆن دەبێت گۆرانی بڵێت؟ تەنیا خوشكم پشتی بەرنەدام، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە لە هەموو ماڵێك وێنەی من گەورە كراوە.

*خەونی پەرەستۆ چییە كە لە بواری هونەریدا بە دی نەهاتووە؟

-لە دنیای سینەمادا دەتوانم بڵێم زۆر زۆر سەركەوتوو دەبم. لە بواری مۆسیقادا لە (٢٠) ساڵیدا دەستم پێكرد ئێستا تەمەنم (٣٤) ساڵە، بە عەقڵێكی كراوەتر و بە ڕوانگەیەكی جوانتر سەیری ژیان دەكەم و هەوڵ دەدەم بۆ سەركەوتن. شكست خواردن زۆر لەوە خۆشترە كە بە بێزاری و حەسرەت بژیم. لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند نەبووم، بۆیە خەونم نەبوو، بەڵام ئێستا یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوەیە بتوانم دەزگایەكی خێرخوازی دابمەزرێنم و یارمەتی ئەوانە بدەم كە پێویستیان پێیەتی، چ منداڵێك كە حەز لە گۆرانی و ئەكتەری دەكات، یان ئەوانەی دایك و باوكیان نییە، یان ئارەزوویەكیان هەیە و خێزانەكەیان پشتیان ناگرێت، دەمەوێ ئەوەش بڵێم هیچ كەسێك هاوكاریی نەكردووم، نە كۆمپانیا، نە حكومەت، بەڵام كەسانێكی هونەردۆست هەن یارمەتیان دام بەپێی توانا بۆ نموونە كەسێكی وەك «میهراب عەلایاری» پێی وتم تێچووی ستۆدیۆت لێ وەرناگرم.

*ئەو خەرجییەی لە هونەردا سەرفت كردووە بەدەستت هێناوەتەوە؟

-نەخێر بەهیچ شێوەیەك، بەڵام بەو عەقڵەی ئێستا هەمە پێشتر هەمبوایە، ئەو هەموو پارەم لە مۆسیقادا خەرج نەدەكرد، چونكە بە مۆبایلێك گۆرانییەكی فۆلكلۆری دەڵێم سێ بۆ چوار ملیۆن بینەری لە پەیجەكەم هەیە، زۆر باش دەچێتە ناو خەڵكەوە. من توانیم خۆم بسەلمێنم، خەڵك ئێستا حەزی لەوە نییە تۆ (١٠) هەزار دۆلار لە كلیپێكدا خەرج بكەیت، ئەسڵەن دەڵێن ئەوە چییە، بەڵام كەسێك لە ژوورێكدا دانیشتووە و گیتارێكی پێیە گۆرانیی فۆلكلۆری بە ستایلی ئەورووپی دەڵێت، دەبینیت ملیۆنێك بینەری هەیە، بۆیە زۆر زۆر پەشیمانم لەو پارانەی لە گۆرانیدا خەرجم كردووە.

 *ناجی سەلیمی چ ڕۆڵێكی هەبوو لە هەستانەوەی تۆدا؟

-ئەو هاوكارییەی ناجی بە منی كرد، بە ئاگای هێنامەوە ئێستا ژیانی من بە تەواوی گۆڕاوە، بە هەمان شێوە كاك ئارمینی عەزیزییش زۆر زۆر هاوكارم بوو، بۆ پەرەپێدانی زیاتری تواناكانم كاتێك دەچمە شوێنێك كەسێك دەبینم زیاتر دەچمەوە ناو ناخیانەوە، بۆ نموونە یەكێك دەبینم ئالوودەیە دەڵێم ڕۆژێك من ڕۆڵی موعتادم گێڕاوە. كاتێك یەكێك دەبینم سواڵ دەكات، دەڵێم ڕۆژێك من سواڵكەر بووم. ژیانی من زۆر گۆڕاوە وەك ئەوەی كە سواڵیان بە من دەكرد، بە خۆم هاتمەوە كە ژیان دەتوانێت لە عەقڵی مندا جوانتر بێت و دنیا زۆر جوان ببینم.

Top