گوتاری ناسیۆنالیزم مێژووی ئێستای بیری نەتەوەیی و نیشتمانی
گوتاری ناسیۆنالیزم تەنیا بەرزکردنەوەی دروشم و فەنتازیای شکۆی نەتەوەیەک نییە، بەڵکوو پرەنسیپێکە کە دەیەوێت بە ناوی نەتەوەیەکی پێناسەکراوی خاوەن ناسنامە و خاک، خۆی سەروەر و حوکمڕانی خۆی بێت. لە ماوەی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا هەموو کات هێزێک بووە سیاسەتی ناوخۆیی و جیهانی سەرلەنوێ داڕشتووەتەوە و توانی هەموو شێوازە کۆنەکانی حوکمڕانی وەک تیۆکراسی و پادشایەتی بگۆڕێت و نەتەوە بکاتە تەنیا سەرچاوەی شەرعییەت لە سەرانسەری جیهاندا.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ناسیۆنالیزم زۆر بە خێرایی لە سەرانسەری جیهان ڕیشەی داکوتا؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەندریاس ڤایمەر، خاوەنی کتێبی "شەپۆلەکانی شەڕ: ناسیۆنالیزم و پێکهێنانی دەوڵەت" دەڵێت: لەبەر ئەوەیە دەوڵەتی نەتەوە "Nation-State" دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ئیرادەی هێزی نەتەوە. ئەم تایبەتمەندییە وای کرد کە دەستەبژێری نەتەوەکان بگەنه ئەو قەناعەتەی بۆ مانەوەی نەتەوەکەیان لەناو ململانێ و کێبڕکێی نەتەوەکانی دیکە، هیچ ڕێگەیەک لەبەردەمیان نییە بێجگە لەوەی دەبێت بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بە نەتەوەکانیان بکەنەوە. ئەوان ویستیان نەتەوەکەیان ببێتە خاوەنی دەوڵەتێکی شەرعی و بەهێزی وەک دەوڵەتانی ڕۆژاوا، بۆیە هەوڵیان دا ئەم شێوازە بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە ژێرخانی کۆمەڵایەتییان ئامادەیە بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە یان نە .
ناسیۆنالیزمی کوردی و
خەونی سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەربەخۆ
لەناو گوتاری نەتەوەییدا، بە پێچەوانەی میتۆدی کلاسیکی، مێژوو بریتی نییە لە ڕابردوو یان گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە، بەڵکوو مێژوو بریتییە لەو ڕووداوانەی سەدان ساڵە ڕوویانداوە و هەتا ئێستا کۆتایییان نەهاتووە و بەردەوامن. بۆیە کاتێک دەگەڕێینەوە ناو گوتاری نەتەوەیی، مامەڵە لەگەڵ مێژوو وەک "ئێستا" دەکەین نەک ڕابردوو؛ مامەڵەیەک کە دەمانەوێت ئەو هۆکارە مێژووییانە دەستنیشان بکەین کە نەتەوەکەمانی گەیاندە ئەو بارودۆخەی ئێستامان و ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی خۆمان دەکەین: بۆچی نەتەوەیەکین زیاتر لە ٤٠ ملیۆن، بەڵام هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان نین؟ دەپرسین بۆچی وەک نەتەوەکانی دیکە بیرمان لەوە نەکردەوە کە هێز و ئیرادەی نەتەوە تەنیا لەناو دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆدا بەرجەستە دەبێت؟ ئەم پرسیارانە لەناو مێژووی ئێستای گوتاری نەتەوەییماندا دەبێتە ئامرازێک بۆ دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشییەکانی ئێستامان و ئەو فاکتەرە ورد و نەبینراوانەی بەرەو ڕازیبوون بە ژیانی ملکەچی ئاراستەمان دەکەن.
لەناو دەستەبژێری سیاسیی نەتەوەی ئێمەشدا پێش نزیکەی ١٥٠ ساڵ خەونی بوون بە دەوڵەت وەک خەون سەری هەڵداوە، بەڵام ڕێگەی دروست بۆ تێپەڕاندنی ئاستی پەیوەندییەکان لە پەیوەندیی خێڵ و بنەماڵەییەوە بۆ ئاستی بیری نەتەوەیی، نەتوانراوە بە شێوەیەک تیۆریزە بکرێت کە لە هەناوی مێژووی نەتەوەی خۆمانەوە چوارچێوەیەک بۆ بیری نەتەوەییمان بەرجەستە بکاتەوە. هەر بۆیە کاتێک چاوخشاندنەوە بە گوتاری نەتەوەیی خۆماندا دەکەینەوە، بەدوای ئەوەدا ناگەڕێین پەیڤ و وشەکان چۆن لە چوارچێوەی ئەم گوتارەدا داڕێژراون یاخود ڕێکخراون، بەڵکوو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین "ئەم گوتارە چ فەرمانێک جێبەجێ دەکات؟". ڕاشکاوانەتر، پەیڤ و وشەکانی ناو گوتاری نەتەوەییمان جارێکی دیکە دەخەینەوە ناو چوارچێوە و هەناوی ئەو مێژووەی ئەو گوتارەی بەرهەم هێناوە؛ پرسیار دەکەین بۆچی گوتاری نەتەوەیی ئێمە نەبووەتە هێزێک کە بتوانێت جیاوازیی هەموو خێڵ و هۆز و بنەماڵەکان پێکەوە کۆبکاتەوە و جیاوازییەکان بە زیندوویی بهێڵێتەوە، و ئەو جیاوازییانە بە شێوازێک بکاتە کەرەستەی دروستکردنی گوتاری نەتەوەیی کە هەموو هۆز و خێڵ و بنەماڵەکان خۆیان تێدا ببیننەوە و لە بازنەیەکی فراوانتردا لە چوارچێوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیدا پێناسەی بکاتەوە؟.
لەو چوارچێوەیەدا ئەگەر لەناو کۆنتێکستی مێژووی نەتەوەییماندا خوێندنەوەیەکی وردبینی ڕەخنەیی "Critical Scrutiny" بۆ مێژووی خۆمان بکەین، ئەوا دەبینین کە گوتاری نەتەوەیی ئێمە ئەو هێزەی نییە بتوانێت ئیرادەی نەتەوەییمان لەسەرووی جیاوازییەکانی هۆز و خێڵ و بنەماڵە و ئایدیۆلۆژیای سیاسییەوە پێناسە بکاتەوە. هەروەها نەیتوانیوە ئەو ئیرادەیە دروست بکات کە تاکەکانی نەتەوەی کورد بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی هێزی نەتەوە لە دروستکردن و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆدا وەک گەوهەر لەبەر تیشکی خۆردا پرشنگ دەداتەوە. ئەم ئاکامە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە تاڵەی کە بڵێین: "گوتاری نەتەوەیی لەژێر تۆزی بیرکردنەوەی خێڵایەتی و ئێستاش لەژێر تۆزی ئایدیۆلۆژیای حزبە سیاسییەکان کەوتووەتە پەراوێزەوە و نابینرێت و ڕاشکاوانەتر، لە کایەکانی ژیانی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیی ئێمەدا هیچ ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکی نییە."
ئایدیۆلۆژیای حزبی
وەک پەتایەکی کوشندە بۆ بیری نەتەوەیی
ئایدیۆلۆژیا ئەگەر زانستی کۆکردنەوەی "چەمک و بیرکردنەوە" جیاوازەکان بێت، ئەوا کاتێک بمانەوێت ئایدیۆلۆژیایەکی نەتەوەیی بۆ گوتاری نەتەوەیی خۆمان بەرهەم بهێنین، دەبێت لە سەرەتاوە ئەو میتۆدە لەسەر خۆمان پیادە بکەین کە ئایدیۆلۆژیا وەک زانستی کۆکردنەوەی بیرکردنەوە جیاوازەکان داوامان لێ دەکات. لەمەش زیاتر، بۆ ئەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیایە توانای ئەوەی هەبێت ئەو فەرمانە جێبەجێ بکات کە لە قۆناغە مێژووییەکەی ئێستاماندا داوامان لێ دەکات، ئامانجی ئەوەیە ئەو کێشە کەڵەکەبووانە لەناو بیری نەتەوەیی ئێمە چارەسەر بکات کە بەدرێژایی مێژوو چارەسەر نەکراون و هەتا ئێستاش بەردەوامن. ئەوا دەبێت ئەو ئایدیۆلۆژیایە بە كەرەستە و توخمەكانی نەتەوەییمان بەرهەم بهێنێنەوە.
لە ماوەی نزیکەی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی مێژووی نەتەوەیی ئێمەدا، پڕۆسەی دروستکردنی ئایدیۆلۆژیای نەتەوەییمان پێچەوانەی ئەو میتۆدە بووە کە ئایدیۆلۆژیا وەک زانستی کۆکردنەوەی چەمک و بیرکردنەوە جیاوازەکان داوامان لێ دەکات، و ئەو توخم و کەرەستانە بۆ بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆژیاکە بەکار نەهێنراون کە ببێتە ژێرخان و بناغە بۆ بیری نەتەوەیی ئێمە. خۆماڵی ناو بیری نەتەوەیی خۆمان نەبووە بەڵكو هاوردەكراو و كۆپیكراوە بوون.
بیرمەندانی ناسیۆنالیزم لەسەر ئاستی جیهان زۆر ڕاشکاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە نەتەوەکان تەنیا لە پێناوی "بەرهەمهێنانی هێز و بەرجەستەبوونی ئیرادەی نەتەوە" بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی نەتەوەییی هاوبەش هەموویان پێکەوە کۆبکاتەوە و ئەم ناسنامە هاوبەشە ببێتە بناغە و ژێرخان بۆ شەرعییەتی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە هاوچەرخە.
لەم ڕاستەوە ، ئەگەر جارێکی دیکە هەڵوەستە لەسەر چەمکی "بەرهەمهێنانی هێز" بکەینەوە کە هەموو بیرمەندانی ناسیۆنالیزم وەک دانانی بەردی بناغە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی جەختی ئاماژەی پێدەكەن، ئەوەیە کە دەبێت گوتاری نەتەوەیی توانای ئەوەی هەبێت ئەو قەناعەتە لای تاکەکانی نەتەوەکەی دروست بکات کە سەرچاوەی هێزی دەوڵەت، هێزی هاووڵاتیانیەتی. ڕاشکاوانەتر، دەبێت هەر هاووڵاتییەکی ئەو نەتەوەیە ئامادەباشی نیشان بدات کە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بکات وەک ئەرکێکی پابەندکراوی ویژدانی، و لە کاتی هێرش و پەلاماری داگیرکەراندا سەرباز بێت و بەرگری لە قەوارەی نەتەوە بکات. زۆر ڕاشکاوانەتریش، دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا هیچ هاووڵاتییەک یان حزبێکی سیاسی نەتوانێت کێشمەکێش بۆ سەروەریی نەتەوە و دەوڵەتەکە دروست بکات.
لەو چوارچێوەیەدا ئەگەر ڕاڤەیەک بۆ گوتاری بیری نەتەوەییمان بکەین، ڕاشکاوانە دەبێت دەست بخەینە سەر برینەکە و بڵێین "ئەوەی هۆکاری سەرەکی بووە لە پەکخستنی گوتاری نەتەوەیی ئێمەدا". ئایدیۆلۆژەیەتی حزبە سیاسیەكانی كوردستان بووە، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم پەکخستنە ئەوە بووە کە ئایدیۆلۆژیای حزبەکان نامۆ بوون بەو کەرەستانەی کە پێویست بوون بۆ ئەوەی ئایدیۆلۆژیای بیری نەتەوەیی خۆمانی پێ بونیاد بنێینەوە. لەمەش ڕاشکاوانەتر، لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستاندا، حزبە سیاسییەکان لەبری ئەوەی دامەزراوەیەک بن بۆ کۆکردنەوەی چەمک و بیرکردنەوە جیاوازەکانی نەتەوەییمان تا هێز و ئیرادەی نەتەوەییمان بەرجەستە بێت، بەپێچەوانەوە سەرچاوەیەکی زۆر نەرێنی بوون بۆ داهێنانی "پەرتەوازەیی و لێکترازان" لەناو هەناوی بیری نەتەوەیی ئێمەدا. لەم بازنەیەدا ئەگەر ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ مێژووی خۆمان بکەین، ئەوا دەبێت بڵێین ماوەی زیاتر لە ٥٠٠ ساڵە ئێمە بەدەست پەتایەکەوە دەتلێینەوە کە ئەحمەدی خانی نزیکەی ٤ سەدە پێش ئێستا دەستنیشانی کردووە و گوتوویەتی:
گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگڕا بکرا مە ئینقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم
هەمیا ژ مە ڕا دکر غولامی
ئەوجا ئەگەر ئەم دوو دێرە شیعرە وەک پەیڤێکی بەرز بکەینە دەروازەیەک بۆ داڕشتنەوەی مانیفێستۆی بیری نەتەوەییمان، ئەوا هیچ حزبێکی سیاسی ناسنامەی خۆی لەناو ئەم مانیفێستۆیەدا نابینێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی لەناو کۆی حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا وەک هێزێکی ڕێکخەر بەکار دەهێنرێن و دەیانەوێت حزبەکەیانی پێ ڕێک بخەن، لە هەناوی ئەو مێژووەدا لەدایک نەبووە کە خانی لەناو هەناوی مێژوویی نەتەوەییماندا وەک سەرسەختترین دوژمن و مەترسیدارترین نەخۆشی دەستنیشانی کردووە.
