کورد و ئالانگارییەکان

کورد و ئالانگارییەکان

 

 

بۆچی کورد ناتوانێ بە تەواوی بگاتە ئامانجەکانی خۆی؟. ئایا بە هۆی دابەشبوون و پەرتەوازەیی ناوخۆیە کە لایەنەکان ناگەنە چارەسەرێکی ڕیشەیی؟. یان دەستێوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە کە لەگەل ئەم دۆزەی کورد نین؟. ئەم بریارە هەمیشەییە بۆ کورد و کێشەکەی. بەردەوام پرسیاریکی زیندووە. راستە دنیای ئیستا دنیای بەرژەوەندییەکانە. کورد لەهیج ویستەگەیەکدا دژی بەرژەوەندی وڵاتانی دەوروبەری نەبووە کە هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کەوتۆتە نیو ولاتانی وەکو تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا. لەکاتیکدا ناکرێ دەستبەرداری ئەم جوگرافیایە بێت کە خاکی خۆیەتی، چگە لەمە هەر خودی ئەم دەوڵەتانە ئامادە نین بە چارەسەری دیبلوماسی و دەستووری و تەنانەت بە سیستمی دیموکراسی ئامادە نین کورد قەبول بکەن. ئیستا پریارەکە ئەوەیە چۆن ئەو ئالانگارییە تێپەرێنێ و چۆن قەناعةت بەو دەوڵەتانە بکات کە تەنها داوای مافی خۆی دەکات و هیچی تر.
لەبارەی دنیای نێودەوڵەتیش کێشەی کورد تاکو هەنگاوێک دەچیتە پێشەوە. دوو هەنگاو کێشەی بۆ درووست دەکەن. ئەوەتا پرسی کورد لە ڕۆژئاوا گەیشتە خوین و ئاوارە بوون و دەرکردنیان لە ماڵی خۆیان. کەچی لایەن ڕۆژئاواوە هیچ پشتیوانییەک و هیچ ڕێگرییەک نەکرا. تەنها لەبەر ئەوەی سوریا خزمەتی ئەجێندای تایبەتی رۆژئاوای کرد، ئایا رەوایە بەردەوامبوونی سەرکوتکردن و پەراویزخستنی دیمەنیکی بەردەوامی دراماتیکی بیت؟. ئایا دەکرێ ململانێ کردنی کورد لەمەی ئیستا توندتر بیت؟. بۆچی دەبی کورد بۆ ئەوەی بە ئامانجە سەرەکیەکان و خەونی بە دەوڵەت بوونی سەربەخۆیی وەکو گوناح تەماشا بکریت، لەکاتیکدا ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، نایانەوێت لەم مافە سیاسی و ئینسانییە تێبگەن، بۆ کوردیس ئەمە شتێکی قبوڵکراو نییە. چونکە کورد خاوەن هەموو شتێکە بە پێی مەرجەکانی دەوڵەت، بەڵام داگیرکەران کە هەردەم ڕێگر بوونە، هێندە قینیان لە کوردە، تا ئەو جیگەیەی حەزبەبوونیشمان ناکەن، دەیانەوێت بمانسڕنەوە و زمانمان و سیمبولەکانمان پەراوێز بخەن.
هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا مێژوو و داب و نەریتیان نزیکیی جوگرافی هاوشێوەی یەکترن، ئەوەیان بە ئاسایی وەرگیراوە، بیست و دوو وڵاتی عەرەبی کە مێژوو و جوگرافیا و زمانیان هاوشێوەیە. بەهەمان شێوە ئاساییە. تەنها کورد نەبێ کە سەرباری ئەوەی خاوەنی مێژوو و جوگرافیا و نەتەوە و شارستانیەت و زمان و میراتێکی ناوازەی خۆیەتی، کەچی قەبول ناکرێ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، ئەم نەریتە سیاسیە بێویژدانییە لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمەوە کە ڕۆژئاوا ئێمەی بە ئارەزووی خۆی دابەش کردووە و دابەشی سەر چەند دەوڵەتیکی کردووین و ئیمەی بەخشیوە بە چەند گرووپیکی نەتەوەیی کە شایستەی ئەوە نەبووین. سەرەڕای ئەوەی کە چەند جاریک بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە کورد دروە، بەڵام ڕۆژئاوا بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە و دەوڵەتی بەڵێندراویان پێنەبەخشی و لە چەند وڵاتێکدا پەرشوبڵاوی و ئاوارەبوونیان بەجێهێشت. ئایا ئەمە چاوپۆشی بووە یان بە ئەنقەست یان نەبوونی یەکڕیزی کورد کە ئەم پرسیارەی کۆتایی، پرسیاریکی کراوەیە بۆ هەموو حیزب و تاکێکی کۆمەڵگەی کوردستانی کە هەمێسە لەبەردەم ئالانگاری سیاسی و ئابورریدا دەژی، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیحراج بکرێ و چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی کورد دابنرێ، ئەگەر نا ئەو دەوڵەتانەش بە ئارامی و بە ‌هێمنی ناتوانن تاسەر بژین.

Top