مارتا پسیكۆ بۆ گوڵان:ڕاستەوخۆ مۆسیقای كوردیم تاقی نەكردووەتەوە، بەڵام دەمەوێت زیاتر بە ئەم جیهانە هونەرییەدا بگەڕێم
مارتا پسیكۆ یەكێكە لە كەمانجەژەنە ناسراوەكانی ئەمریكای لاتین، مۆسیقای كلاسیك و ڕۆك تێكەڵ دەكات. لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە كە دەستی بە كاری هونەری كردووە، لە سۆشیال میدیا و كەناڵی یوتیوبی تایبەتی خۆی زیاتر لە ٨٠٠ هەزار بەشداربوو و ١٤٠ ملیۆن بینەری هەیە.
موزیسیانەكانی وەك پاگانینی، ساراساتێ، ئیسای، كرۆتزەر و ئۆیستراخ ئیلهامبەخش بوون لە ژیانی هونەرییدا، مارتا خاوەنی بڕوانامەی هونەری مۆسیقا و دەنگییە، لە كۆنسێرت و فێستیڤاڵەكانی ئیكوادۆر، پیرۆ، شیلی، مەكسیك، قەتەر و ئەمریكا بەشداریی كردووە و سیحری كەمانچە بەرجەستە دەكات، كە كلاسیك و مۆدێرن كۆ دەكاتەوە.
*كاروانی هونەریت لەگەڵ كەمان چۆن دەستی پێكرد، و چ ئالنگارییەك هاتە سەر ڕێت؟
-لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بە پیانۆ دەستم بە مۆسیقا كرد، بەڵام دوای چەند ساڵێك زانیم كە كەمان ئامێری ڕاستەقینەی منە. لە یەكەم وانەمەوە لە تەمەنی دە ساڵیدا عاشقی بووم. گەشتەكە ئاسان نەبوو، چونكە مۆسیقا پێویستی بە پابەندبوون، قوربانیدان و ڕاهێنانی بەردەوام هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێكم بەرهەمدار بوو، چونكە كەمان دەرفەتی پێدام بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەوەی لە ناخی خۆمدایە دەریببڕم. زۆرجار دەڵێم كەمان منی هەڵبژارد. لە منداڵیمەوە، سەرسام بووم بە توانای دەربڕینی هەستە جیاوازەكان، ناسك و شیرین، بەڵام لە هەمان كاتدا توند و سۆزدار. ساتە یەكلاكەرەوەكە لە تەمەنی هەرزەكاریمدا هات، كاتێك بۆ یەكەم جار وەك سۆلۆژەنێك چوومە سەر شانۆ. هەستم دەكرد ئەمە شوێنی منە لە جیهاندا، و لەو كاتەوە زانیم كە دەمەوێت ژیانم تەرخان بكەم بۆ ئەم ئامێرە.
*كێن ئەو هونەرمەندانەی كاریگەرییان لەسەرت هەبووە؟
-لە ژیانمدا چەندین سەرچاوەم هەبووە، بەڵام گرنگترینیان كە لە ناوی هونەریشمدا ڕەنگیان داوەتەوە، بریتی بوون لە «ساراساتی، ئیسای، كرویتزەر و ئۆیستراخ»، ئەم مامۆستا گەورانە بە شێوەیەكی بەرچاو كاریگەرییان لەسەر كاروانی هونەریم هەبوو، و ئیلهامیان پێ بەخشیم بۆ ئەوەی هەمیشە بەدوای زمانی مۆسیقای تایبەت بە خۆمدا بگەڕێم.
*تا چەند نزیكیت لەگەڵ هونەری ڕۆژهەڵاتی و مۆسیقای كوردی هەیە؟
-هەرچەندە ڕاستەوخۆ مۆسیقای كوردیم تاقی نەكردووەتەوە، بەڵام نەریتە ڕۆژهەڵاتییە دەوڵەمەندەكان زۆر سەرنجیان ڕاكێشام، بەهۆی ئەو هێزە سۆزدارییە ناوازەیەی كە هەیانە. بەكارهێنانی مۆسیقا لەلایەن كەلتوورە جیاوازەكانەوە وەك جۆرێك لە بەرگری، ناسنامە و پەیوەندیی ڕۆحی ئیلهامبەخشن. بێگومان، لە قۆناغێك لە ژیانی هونەریمدا، دەمەوێت زیاتر بە ئەم جیهانە هونەرییە فراوانەدا بگەڕێم.
*پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا چ كاریگەرییەكی لەسەر مۆسیقا بە گشتی هەبووە؟
-تەكنەلۆژیا مۆسیقای بە چەندین شێوە گۆڕیوە، لە لایەكەوە توانای بێشوماری بۆ داهێنان، تۆماركردن و بڵاوكردنەوەی ڕەخساندووە، كە ڕێگەی بە هونەرمەندان داوە بگەنە گوێگرانیان لە هەر شوێنێكی جیهاندا. لە لایەكی دیكەوە، ئالنگاریی پاراستنی ڕەسەنایەتی و ناوەڕۆكی مرۆڤیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لە جیهانێكدا كە ڕاستەوخۆیی و ئاراستە دیجیتاڵییەكان زاڵن. بۆ من، نهێنییەكە لە هاوسەنگیی نێوان هەردوو ڕەهەندەكە و پاراستنی ناسنامەیەكی كەسییە كە مۆسیقا ناوازە دەكات. پێموایە گرنگترین شت ئەوەیە كە تەكنەلۆژیا پردێك بێت بۆ پاراستن و بڵاوكردنەوەی مۆسیقای ڕەسەن بە بێ سڕینەوەی ڕەگ و ڕیشەكانی.
*پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا یارمەتییان داویت لە ناساندنی زیاتری هونەرەكەتدا؟
-سۆشیال میدیا لە ژیانی پیشەییمدا بنەڕەتی بووە، ڕێگەی پێدام مۆسیقای خۆم لەگەڵ خەڵكی جیهاندا هاوبەش بكەم و كۆمەڵگەیەك بنیات بنێم كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشە دەكات. بۆ من، تەنیا پلاتفۆرمێك نییە بۆ نمایشكردنی كارەكانم، بەڵكو پردێكی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەوانەی كە هەست بە هونەرەكەم دەكەن و پەیوەندیی لەگەڵیدا دروست دەكەن. بەهۆی ئەم نزیكبوونەوەیە، توانیم گەشت بكەم بۆ وڵاتانی وەك مەكسیك، پیرۆ، قەتەر، ویلایەتە یەكگرتووەكان، چیلی و ئیكوادۆر، مۆسیقای خۆم پێشكەش بكەم.
*چۆن هاوسەنگی لە نێوان ژیانی تایبەتی و هونەریتدا دەپارێزیت؟
-هاوسەنگی لە خۆشەویستیم بۆ كارەكەمەوە سەرچاوە دەگرێت، كەمانجە پێویستی بە پابەندبوون و بەردەوامی هەیە، بەڵام فێربووم كە بایەخ بە كاتی كەسی و كاتی خێزانەكەیشم بدەم. هەوڵ دەدەم دڵنیا بم كە لە هەموو ڕۆژێكدا شوێنێك بۆ هەردوو جیهانەكە هەبێت، چونكە بڕوام وایە كە ژیانێكی خۆش و ئارام لەو مۆسیقایەدا ڕەنگ دەداتەوە كە دەیژەنین.
*بەسەرهاتێكی تایبەتت هەیە كە لە كاتی ژەنینی كەمانج بەسەرت هاتبێت؟
-هەموو كۆنسێرتێك ناوازەیە، بەڵام بەتایبەتی بەشدارییەكانمان لە جامی جیهانی 2022 لە قەتەر بەرز دەنرخێنم. سەرسوڕهێنەر بوو كە سەدان كەس لە وڵاتانی جیاوازەوە سەمایان دەكرد و گۆرانییان دەگوت و چێژیان لە مۆسیقای ئیكوادۆری وەردەگرت، ئەو ساتە سەلماندی بۆم كە مۆسیقا سنووری نییە، و دەتوانێت هەموومان لە یەك ئاهەنگدا یەك بخات.
*خەونەكانت وەك ژەنیارێكی كەمانج چین؟
-بەردەوام بم لە بەرزكردنەوەی كەمانج بۆ ئاستی نوێ، و گەڕان بەدوای تێكەڵكردنی كلاسیك و هاوچەرخ، لە نێوان ئەكادیمی و میللیدا. ئارەزوو دەكەم مۆسیقای من داهێنەر بێت نەك تەنیا لە دەنگدا، بەڵكو لە شێوازی پێشكەشكردنیشیدا، لە شوێنی جیاوازدا، لەگەڵ ئەزموونە بینایی و سۆزدارییەكان كە هونەر بۆ خەڵكی زیاتر نزیك دەكەنەوە. بۆ من داهێنانی ڕاستەقینە واتای كاریگەری لەسەر گوێگران بە ڕەسەنایەتی و تواناپێدانیان بۆ ناسینەوەی خۆیانە لەوەی كە دەیبیستن.
*پەیامت لە هونەردا چییە؟
-مۆسیقا زمانێكی جیهانییە كە یەكمان دەخات، سنوور و كەلتوور و زمانەكان تێدەپەڕێنێت. لە ڕێگەی كەمانەوە، دەمەوێت ئیلهام بە خەڵك ببەخشم بۆ ئەوەی هەست بكەن و خەون ببینن، و بیریان بهێنمەوە كە هونەر توانای چاككردنەوە و گۆڕینی هەیە. گەورەترین ئاواتم ئەوەیە كە هەر نۆتەیەك كە دەیژەنم پەیامێكی هیوا و پەیوەندیی مرۆڤی و ئازادی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت.
