ناسنامەی ئایینی بۆ هەرێمی كوردستان لە نێوان ئەرك و پێویستیدا

ناسنامەی ئایینی  بۆ هەرێمی كوردستان  لە نێوان ئەرك و پێویستیدا

 

(*)

 

گومانی تێدا نییە كە ئایین بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ڕۆڵێكی گرنگی لە كامڵبوونی لایەنە جیاجیاكانی ژیانی مرۆڤەكاندا بووە و بە هۆی ئایینەوە توانیویانە پەرە بە شارستانیەتی خۆیان بدەن.

هەڵبەت هەرگیز ناتوانرێ بڕگەیەكی درێژخایەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بدۆزرێتەوە، كە تیایدا خودا و دینێك لە دید و ئەقڵ و دڵی خەڵكدا نەبووبێ، كە لە غەیبەوە سەرچاوەی گرتبێ، ئەمەش دەكاتە ئەوەی كە هەمیشە و لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژوودا كەسانێك هەبوون كە ئایین و شەریعەتێكی ئاسمانییان كردووەتە مەنهەج و بەرنامەی ژیانی خۆیان و لە ڕێگەیەوە چارەسەری تەنگ و چەڵەمە و پێداویستییە ڕۆحییەكان و ئارامیی دەروونی و پەروەردەی ئاكار و مەسەلە ڕەوشتییە گشتییەكان و هێڵە عەریزەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و شارستانی خۆیانیان دیوەتەوە.

ئایین وەك وەڵامگۆی پرسە فەلسەفی و هزرییەكانی تایبەت بە ناخی مرۆڤ، هەموو كات لەمەڕ ئەو پرسیارانەی بێ سنوور لەناو زیهن و ئەقڵی ئادەمیزاددا گوزەری كردووە، ئامادەیی هەبووە و وای لێكردووە دەروونی تینووی بە تەواوی لەو وەڵامانە تێرئاو ببێ كە ئەم چۆن هەیە و بۆچی لێرەیە و بەرەو كوێ دەچێ.

گەلی كورد وەك هەموو گەلێكی دیكەی دونیا سەدان ساڵە لە ئایین و ئیمان دانەبڕاوە و لە پێناویشیدا قوربانی داوە و شانازیشی پێوە كردووە، كە وەك سەرچاوەیەكی گرنگی بوونی كەلتوور و شارستانیەتێكی دەوڵەمەند بە مەعریفە و لەسەرپێ وەستانی خۆی ڕۆڵی لە بوون و مانەوەیدا گێڕاوە، ئەمە جگە لەوەی بەها جوانەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆی لە ڕاستگۆیی و ڕەوشتپارێزی و پێكەوەژیان لەگەڵ خەڵكانی دیكەی نیشتمانەكەی هەر بە بوونی ئەو ئایین و بیروباوەڕەوە زانیوە كە ئینتیمای بۆی هەبووە.

ئەگەر ئاوڕێك لەو مێژووە بدەینەوە كە لە ساڵی شانزەی كۆچییەوە بۆ ئەم گەلە درووست بووە، واتە ڕێك دوای ئەوەی لە ڕێی نوێنەرانی خۆیەوە بەیعەتی بە ئایینی ئیسلام بەخشیوە و باوەڕی بە خودای تاقانە و قورئانی پیرۆز و دینی خاتەم هێناوە (دروودی خودای لەسەر بێ) دەبینین، ئیسلام چووەتە ناو قووڵایی شێوەی ژیانی گشتی و بیركردنەوە و پەروەردەی تایبەتیی خەڵكی نیشتمانی كوردەوارییەوە و ئایینی ئیسلامی وەك مەرجەع بۆ هەموو كاروبارەكانی دوای ئەو مێژووە قبووڵ كردووە.

ئەگەر بە خێرایی تەماشایەكی مێژووی شارستانیەتی ئیسلام بكەین، سەرەتا لە دەسەڵاتی سی ساڵی خەلافەتی ڕاشدینەوە دەستپێدەكەین كە لەدوای كۆچی دوایی پێغەمبەری ئەكرەم (دروودی خودای لەسەر بێ)، دێتەئارا، واتە سەردەمی پێشەوایان حەزرەتی ئەبووبەكر، ئیمامی عومەر، پێشەوا عوسمان و ئیمام عەلی و شەش مانگی خیلافەتی ئیمام حەسەنی كوڕی عەلی (ڕەزای خوایان لێ بێت) و سەردەمەكەیان بە سەردەمی پەیڕەویكردنی سیاسەت و دەسەڵاتداری لە قورئان و سوننەت و مەبەستی شەریعەت دیاری كراوە بۆمان، دەردەكەوێت كە سیمای ژیانی گشتی ئەو مێژووە بە دادپەروەری و ئازادیی كەسانی غەیرە موسڵمان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی مرۆڤ بە گشتی ڕازاوەتەوە.

ئێمە لەم نێوەندەدا وەك میللەتی كورد و خەڵكی كوردستان، لەگەڵ تەواوی ئەو میللەت و خەڵكانەی ناوچەكە بەگشتی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی و بزاڤە نیشتمانییەكاندا ناسنامەی ئایینی خۆمان دیاری كردووە و شێلگیرانەش بەرگریمان لێكردووە. نموونەی دیاری ئەم بابەتە هەوڵەكانی جەنابی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە كاتێ لە بەرانبەر دەسەڵاتی حەنەفی مەزهەبی عەقیدە ماتوریدیدا و پێیان دەڵێ: «ئێمەی گەلی كورد شافعی مەزهەبی عەقیدە ئەشعەرین و بەرگری لە ناسنامەی ئایینزایی خۆمان دەكەین».

بەهەمان شێوەش قازی محەمەد لە سیستەمی حوكمڕانیی كۆماردا مەزهەبی شافعیی سوننە مەزهەبی وەك ئایینزای فەرمی دەسەڵاتەكەی دیاری كردووە و لە ژێر دەقە شەرعییەكانی ئەو مەزهەبەدا دادگا و مەسەلە تایبەتەكانی ئایینی بەڕێوە بردووە.

لە شۆڕشی ئەیلوولیشدا شۆڕش لە دیاریكردنی مەزهەبی شافعی بۆ ئایینی ئیسلام پێداگری كردووە و لە ژێر ڕۆشنایی دەقە شەرعییەكانی ئەو مەزهەبەدا لە سەرانسەری كوردستاندا گەل خاوەنی یەك جۆر بیروڕای ئایینی و فەتوا و یەك ڕەنگ لە ئیسلامەتی بووە.

بەڵام لە پاش ڕاپەڕین و هاتنەئارای دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئازادیی تاك و گشتی هاتە كایەوە و سەرەنجام لەو دەلاقەیەوە جۆرێك لە سەرپشككردن بۆ هێنانە ئارای كۆڕ و دامەزراوە و دەستەی هزری هاوردەی جیاجیا فەراهەم كرا، ئەو دیاریكردنە ئایینزایی و كۆكەرەوە ئایینییە وەك پێویست بایەخی پێنەدرا و یەكڕەنگییە ئایینزاییەكە كە لە هەموو جێگەیەكی دونیادا یەكێكە لە بەهێزترین فاكتەرەكانی یەكێتیی نەتەوەیی و پارێزەری ئەمنی قەومی، فەرامۆش كرا و حكومەت وەك پێویست بە دیاریكردن و نەخشاندنی هێڵە گشتییەكانی ناسنامەی ئایینی لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی و كارپێكراو هەڵنەستا.

ڕاستە لە هەرێمی كوردستان مەزهەبی باو سوننەیە و تا ڕاددەیەك ئایینزای شافعی لە ئارادایە، بەڵام بە هۆی بیر و بانگەوازی جیاجیا و سەرچاوەگەلێكی بێشوماری فەتوا و نەبوونی چاودێرێكی زانستی و ئایینی بە سەریانەوە، واقعێك هاتە ئارا كە زیهن و دڵی تاكی موسڵمان پڕ كرا لە بیروباوەڕی هاوردەی نامۆ بە مێژووی ئایینی خەڵك و لە ڕێی سەرهەڵدانی ڕەوتی سەلەفیی جیهادی و مەدخەلی و بە پشتكردنە عەقیدە و بیروڕا و مەزهەبی زانا و مەلایانی كورد، ناسنامەی ئایینی لەم هەرێمە بەرەو ئایندە و مەنزڵێكی نادیار ڕێچكەی هەڵەی گرت، سەرەنجام و بەداخەوەش كە وا حاڵی هەنووكەیی ئایینی وەك دەبینین بە جێگەیەك گەیشت كە دامەزراوە ئایینییەكانی وەك وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایان بە شێوەیەكی بەرچاو ڕۆڵی خۆیان لە تەوزیفكردنی ئەركی ئایینی لەو پێناوەدا لە دەست داوە و بە ڕاددەیەك لە ئاست ئەركی پێویستی خۆیاندا بێهێز بوون كە نەتوانن بەر بەو هێرشە هاوردەییە هزری و فیقهییە بگرن.

ئەو دوو دامەزراوە دەكرا بە شێوەیەك بایەخیان پێبدرابایە و ڕۆڵی خۆیان بگێڕابا، دەبوو ئەو وتە گرنگ و كۆنكرێتیەی سەرۆك «مەسعود بارزانی»یان بۆ پراكتیك و واقیعی ئایینیی هەرێمی كوردستان وەرگرتبا كە دەڵێـت: مەزهەبمان «شافعی» یە و تەریقەتمان «نەقشبەندی»یە.

دەبوو لە ڕێی هەوڵ و چالاكییە قسە و دەستڕۆیشتووەكانی ئەو دوو دامەزراوەیەوە و بە پشتیوانیی پڕۆژەی دەستووریی پەرلەمان، جۆری ناسنامەی ئایینی لە هەرێم بچەسپایە و وەك ئێستا مزگەوتەكان بەسەر ڕەوت و حزب و دەستە و دەزگاو ڕێكخراوی جیاجیای ئایینی و هزریدا دابەش نەبووایە، كە هەر یەكەو بە شێوە و شێوازێكی مەیلدارانەی خۆی ناسنامەی ئایینی خەڵك دیاری بكات.

ئێستا لە هەرێمی كوردستان خەڵك لە فەوزایەكی فەتوای شەرعی و ناسنامەیەكی نادیاری ئایینیی وەهادا ئاڵاوە، كە هەر ڕۆژە و لە تیڤی و لایف و مینبەرێكەوە هزر و فەتوای سەیر و نامۆ دەبیستن و تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی بێسەروبەری وابكات لە هەندێك ناوەندی خوێندنی شەرعی مەنهەج و فیكری دەرەكی بخوێنرێ كە تەواو بە كەلتوور و بارودۆخی ژیانی كوردەواری نامۆ و پێچەوانەیە.

ئێستا سیمای بانگخواز و وتاربێژی سەر مینەبەر و كۆڕو كۆبوونەوەكان زۆر جیاوازە لەو شێوە و شێوازە زانستی و ئایینییەی كورد كە سەدان ساڵە ئولفەتی پێوە گرتووە و ناسیویەتی. سەروسیما و بەرگ و پۆشاكی خەلیجی و فەتوای توند و تەكفیرییانەی باڵە جیاوازەكانی ئەو ڕەوتانە كوردستانیان لەبەردەم ئاییندەیەكی پڕ مەترسی لە بیری تەكفیری و توندئاژۆی ترسناكدا هێشتووەتەوە، كە ئەگەر خەمێكی جددی لێ نەخورێ، كارەسات بۆ ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی گەلی كوردستان دەخوڵقێنێ.

لە پێناو ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییانە و پێشگرتن بە هاتنە ئارای واقیعێكی ئاچاوەئامێزی ئایینزایی و تێكدانی ناسنامەی مێژوو و كەلتووری خەڵكی كوردستان، پێویستە چەند هەوڵێك زۆر بە جددی و بایەخەوە كاری خێرایان لەسەر بكرێ، كە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

یەكەم: بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری ناسنامەی ئایینی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێ و لە چوارچێوەی فەرمیدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ.

دووەم: بایەخ بە مەدرەسە زانستییەكانی مەڵبەندە گەورەكانی خوێندنی ئایینی و پێگەیاندنی مەلای كورد بدرێ، لە نموونەی بیارەی شەریفە و شوێنەكانی دیكە كە فەقێ و حوجرەی خوێندنی ڕەسەنی ئایینزایی قبووڵكراوی چەندین ساڵەی ناو ئەم خاك و میللەتەی لێ دەخوێنرێ.

سێیەم: دامەزراندنی خانەی فەتوا و دامەزراوەیەكی فەرمی بۆ فەتوادان كە موفتییەكی ڕەسمی پلەداری خاوەن شكۆ و حیساب بۆكراوی ناو دەسەڵاتی بۆ دابنرێ، كە ئیدی هیچ كەس نەتوانێ لە خۆیەوە فەتوا لەسەر مەسەلە پەیوەندیدارەكانی ئایینی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدات.

 

 (*)


مامۆستای زانكۆی سلێمانی - كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان.

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا.

Top