بێریڤان مەحموود: بڕیارمداوە كە داهێنان و جیاوازی ببێت بە بەشێك لە ژیانم
بێریڤان مەحموود خانمە دیزایینەر و ڕاهێنەری بڕین و دروومانە و حاوەنكاری خۆیەتی، بێریڤان مەحموود لە ٧/٩/١٩٩٣ لە شاری سلێمانی لە دایك بووە و دەرچووی كۆلێژی تەكنیكی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدینە و لە ئێستادا خاوەنی ئەكادیمیای پیشەیی(هایا)یە بۆ فێریوونی دیزایین و دروومان، لە دیدارێكدا بەمجۆرە چیرۆكی سەركەوتنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«لە منداڵییەوە، حەزم بۆ دیزایینی جلوبەرگ و فاشن و ڕەنگەكان زۆر بوو، حەزم بە جیاواز بوون هەبووە حەزم كردووە لە هاوڕێكانم جیاوز تر بم .
من قوتابییەكی باش بووم و نمرەكانم زۆر باش بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی لە كوردستان، هیچ بەشێك بۆ دیزایینی جلوبەرگ نەبوو و هیچ ئەكادیمیایەك نەبوو بۆ فێربوونی ئەم هونەرە، بۆیە من بە ناچاری دەستم بە خوێندنی ئەندازیاری كرد كە هیچ خولیام بۆی نەبوو، بەڵكو دڵم هەمیشە لەگەڵ داهێنان و دیزایین و فاشن بوو، دەستپێكردن ئاسان نەبوو بەڵام خەون و حەزم بۆ فاشن و دیزایین هیچ كات كەم نەبووەوە .
بۆیە لە ساڵی 2017 دوای دەرچوونم لە زانكۆ دەستم كرد بە فێربوون لەو بوارەی كە خولیامە، بڕیارمدا بە بنیادنانی ئەكادیمیایەكی تایبەت بە دیزایین و فاشن و دروومان بۆ ئەو كەسانەی خوازیارن فێر ببن، هاوكات ناچار نەبن لە بەشێك بخوێنن كە حەزیان لێی نییە، تەنیا لەبەر ئەوەی لەو شوێنەی كە نیشتەجێن ئەو بوارەی تێدا نییە».
ئەو خانمە خاوەنكارە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «ماوەی دوو ساڵە هایا ئەكادیمیم دامەزراندووە و بە شێوازێكی جیاواز و تایبەت وانەی فاشن و دروومان دیزایین دەڵێینەوە.
من خانمێكم بڕیارمداوە كە داهێنان و جیاوازی ببێت بە بەشێك لە ژیانم، هەر لە منداڵیەوە بڕوام وایە هەر درێسێك دیزایینی دەكەیت تەنیا درێسێك نییە بەڵكو پارچەیەكە لە تۆ، منیش خاتوونێكم بە هەوڵ و خەونە گەورەكانم لە سفرەوە ڕێگەی سەركەوتنی خۆمم دروست كردووە، چیرۆكی ژیانم ئەو كاتە دەستی پێكرد كە خۆم لە جیهانی دیزایین و فاشن دۆزیەوە لە حەزێكی بچووك بۆ دروومان و ڕەنگەكان كۆمەڵێك خەیاڵی بەرفراوان بۆ ئەكادیمیایەك بۆ خوازیارانی فاشن بەتایبەت خاتوونەكانمان، هەمیشە ئامانجێكمان هەیە كە دەمانەوێت هاوكاری خاتوونەكانمان بكەین و ئەو بەهرەیەی تیایاندایە كاریان لەسەر بكەین و ئەوانیش ببنە خاوەن كارێك بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.
ڕاهێنەر تەنیا ئەو كەسە نییە كە زانیاری دەگەیەنێت بەڵكو ئەو كەسەیە كە دەبێتە سەرچاوەی هێز و سەرچاوەی متمانە و خۆشەویستی بۆ فێرخوازەكانی.
زۆر خۆشحاڵ دەبم كاتێك فێرخوازەكانم دەبینم فێر دەبن و چاوەكانیان دەدرەوشێنەوە، چونكە شتێكی نوێ فێر بوون، زۆر دڵخۆش دەبم كاتێك دەیانبینم كە چۆن هەنگاو بە هەنگاو گەشە دەكەن، ئەمە بۆ من وەك ڕاهێنەرێك باشترین هاندەرە بۆ ئەوەی لە كارەكەم بەردەوام بم».
بێریڤان سەبارەت بە پێشكەوتنی ڕەوتی كاركردنی خانمان گوتی: « ئافرەت لەم سەردەمەدا بەراورد بە ڕابردوو لە بازاڕی كاردا بەھێزتر و چالاكتر و جددی تر كاردەكات و هەوڵدەدات پشت بە خۆی ببەستێت بۆ ئەوەی كاری خۆی هەبێت.
بەڵام لە بوارەكەی ئێمەدا دۆخەكە كەمێك جیاوازە، زۆرینەی ئافرەتەكانمان زیاتر حەزیان بەوەیە فێری دروومان واتە خەیاتی ببن، چونكە كاری ڕاستەوخۆ و ئاسانە و ئەنجامی خێرای هەیە.
بەڵام لە جیهانی فاشن دیزایین و نوێكاری و داهێنان زۆرجار دەترسن یان نایكەن، لە عێراق و بەتایبەتی لە كوردستان، دنیای فاشن و دیزایین هێشتا بەتەوای خەڵك پێی ئاشنا نەبوون.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا باوەڕم وایە كە فاشن لە كوردستان زیاتر بەرەوپێش دەچێت، چونكە خاتوونەكانمان ئێستا زۆر خواستیان لەسەرە و ئامادەی فێربوونن، تەنیا پێویستییان بە شوێنێكی دروست و مامۆستایەكی باش هەیە، كە ئەمەش بەرپرسیاریی ئێمەیە.
ئەكادیمیاكەی ئێمە جیاواز كار دەكات، فێرخوازەكانمان تەنیا فێری دروومان و خەیاتی ناكەین، بەڵكو بابەتەكان بەشێوازی تێوری و پراكتیكی فێر دەكرێن، چونكە چەند دروومان و بیرۆكە گرنكە ئەوندەش گرنگە زانیارییان لەسەر بابەتەكان هەبێت پێش دروومان و دیزایین كردن .
ئێمە تەنیا وانەی ناو پۆل نادەین، بەڵكو ئەزموونی ڕاستی بۆ قوتابییەكان دروست دەكەین، هەروەها زۆر چالاكی Activty مان هەیە لەگەڵ فێرخوازەكانمان وەك چوونە بازاڕی قوماش بۆ ئەوەی فێربن چۆن قوماش هەڵبژێرن، چۆن پێداویستییەكان بكڕن و لە كوێ بیكڕن، چۆن خامەكان بناسنەوە، چۆن كۆمەڵێك بابەتیان دەست بكەوێت كە لێرە زۆر كەمە.
هەروەها وۆركشۆپمان هەیە بۆ ئەوەی فێرخوازەكانمان فێرببن چۆن كار دەستپێبكەن و چۆن پڕۆژەكەیان پێش بخەن.
ئێمە لەگەڵ فێرخوازەكانمان قۆناغ بە قۆناغ كار دەكەین، لە بنچینەكان دەست پێدەكەین تا كەسەكە ببێتە شارەزا،
ئامانجمان تەنیا دروستكردنی خەیات نییە، بەڵكو ئامانجمان پێگەیاندنی بەرگدرووە تاوەكو فێرخوازەكانمان بتوانن نوێكاری و داهێنان بكەن و بیرۆكەیان هەبێت و ڕێگەی خۆیان هەبێت لە دنیای فاشن و دیزایین».
