یەکێتی, هاوبەشێکی ئاسوودە بۆ بەغدا... لەسەر حیسابی کوردستان
شیکارییەک بۆ پشتگوێخستنی مافی هەڵبژاردن و سازشکردن لە مافە نەتەوەیەکان بەرامبەر پۆستەکاندا
(*)
لە ڕووداوەکانی دوایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ڕاستیەکی سیاسی ئاشکرا بوو کە چیتر کراوە نییە بۆ لێکدانەوە، ئەویش ئەوەیە کە کێشە چیتر لە ژمارەی نوێنەرایەتی کورد نییە، بەڵکو لە شێوەی بەکارهێنانی ئەو نوێنەرایەتییەدایە. لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک گەورەترین هێزی سیاسی کوردی و خاوەنی نزیکەی نیوەی گشتی کورسییە کوردییەکان، ئەستحقاقەکەی پشتگوێخرایەوە، زۆربەی هێزە سیاسییەکان، بە پشتگیری یەکێتی نیشتمانی، چوونە بەر پشتیوانی لە هێزێک کە تەنها پێنج کورسیی هەیە. ئەم هەنگاوە پیشاندەری ئەوەیە کە بەغدا هاوپەیمانێکی “نەرمیار” دەوێت، و ئەگەرچی بەرامبەر ئەستحقاق و مافەکانی کوردستان بێت.
پارادۆکسی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە پرەنسیپی "شایستەیی هەڵبژاردن" لە کاتی دابەشکردنی پۆستەکان لەناو بلۆکە سیاسییەکانی دیکەدا بە ڕوونی جێبەجێ کرا. چوارچێوەی هەماهەنگی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان وەک گەورەترین بلۆکی شیعە بەخشرا، هاوپەیمانی "پێشکەوتن" وەک هێزی پێشەنگی سوننە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێدرا. بەڵام کاتێک هاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوپۆشی لێکرا، لۆژیکێکی سیاسی هەڵبژێردراو کە چاوپۆشی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکرد، ئەو هێزانەی پێ باشترە کە نوێنەرایەتی کەمتریان هەبێت بەڵام هاوتەریبی زیاتریان لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوەندیدا هەبێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە دیدگایەکی سیاسی ڕوونەوە دەچێتە بەغدا، ئەم دیدگایە لەسەر بنەمای تەوافوق و هاوسەنگی و شەراکەت دامەزراوە، کە وەک بناغەکانی حوکمڕانی دەوڵەتی عێراق تەماشای دەکات، نەک تەنها دروشمی کاتی. پارتی دێموکراتی کوردستانی پێی وایە سەقامگیری لە عێراق بە بێ شەراکەتی دەستووری ڕاستەقینە لە نێوان بەشە پێکهێنەرەکانیدا بەدی نایەت، وبەبێ ڕێزگرتن لە هاوسەنگی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان و زامنکردنی مافە دارایی و سیاسییەکانی کوردستان، لە پێش هەموویانەوە تەواوکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی وەک گەرەنتییەکی دەستوری بۆ هەرێمەکان. لەم چوارچێوەیەدا، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا جیا ناکرێتەوە لە هەڵوێستە نەگۆڕەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە ڕەتکردنەوەی هەر سازشێک لەسەر مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان. ئەم هەڵوێستانە، لەسەر بنەمای نەگۆڕینی پرسە نیشتمانییەکان بۆ موزایەدەی کاتی، هەمیشە مایەی تووڕەیی هێزە سیاسییەکانی بەغدا بوون، چونکە ڕووبەڕوویان دەبنەوە لەگەڵ پابەندبوونە دەستووری کە ناتوانرێت بە ئاسانی بەدەوریدا تێپەڕێنرێن. جگە لەوەش ئەو سەرکەوتنانەی کە کابینەی نۆیەمی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی کاک مەسرور بارزانی بە تایبەتی لە ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی ئابووری و سەقامگیری ئەمنی بەدەستیهێناوە، نەیارانی پارتی شەرمەزار کردووە، چ لە بەغدا و چ لە ناو خودی کوردستاندا. سەرکەوتنی مۆدێلی حوکمڕانی ناوچەیی تیشک دەخاتە سەر شکستی ڕوون لە ئیدارەی حکومەتی فیدراڵیدا، ئەمەش وایکردووە هەندێک لایەن وەک ڕکابەرێکی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن کە دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن، نەک شەریکێک کە پاداشتی سەرکەوتنەکەی بدرێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێبازێکی زیاتر پرگماتیکی لە بەغدا پەیڕەو دەکات، ڕێبازێک کە لەسەر مامەڵە و ڕێککەوتنی خێرا دامەزراوە، تەنانەت ئەگەر ئەوەش بەرامبەر بە فایلە گرنگە کوردییەکان بێت. ئەم پراگماتیزمە یەکێتیی کردووە بە "هاوبەشێکی ئاسوودە" بۆ بەغدا، بەو پێیەی کە سازش لە سەر هەموو شایستەیەکی سیاسی بە نەوت و بودجە و خاکە جێناکۆکەکان و ئەنجوومەنی فیدراڵیەوە بکات. بەڵام لە هەمان کاتدا بەشداری کردووە لە لاوازکردنی پێگەی یەکگرتووی کورد و پەیامێکی مەترسیداری ناردووە کە مافە نەتەوەییەکان قابلی سازشکردنن.
دەنگی یەک حیزبی کوردی دژی شایستەیی حیزبی براوەی کوردی، تەنیا ناکۆکییەکی حزبی نییە بەڵکو بە کردەوە بەشدارە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە. کاتێک دۆڕاوی هەڵبژاردن پاداشت دەدرێتەوە و براوە پەراوێز دەخرێت، پرۆسەی سیاسی لە دەربڕینی ئیرادەی دەنگدەرانەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی هاوسەنگی دەسەڵات لەسەر حیسابی هاوبەشی دەستووری.
لەکۆتاییدا، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا، شکستێکی سیاسی نەبوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵکو بە ئەنقەست دەرکردنی هێزێکی گەورەی کوردی بوو، چونکە ڕەتیدەکاتەوە مافی نەتەوەیی بکاتە باجی پۆست و پێداگری لەسەر مۆدێلێکی سەرکەوتوو و سەقامگیری حوکمڕانی لە هەرێمدا دەکات. لە کاتێکدا بەغدا بەردەوامە لە پاداشتکردنی "هاوبەشە ئاسوودە"، پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە: ئایا دەوڵەتی عێراق بە لۆژیکی شەراکەتی دەستوری بەڕێوەدەچێت، یان بە لۆژیکی سزادانی ئەو کەسانەی سەرکەوتوو دەبن و مافەکانیان دەپارێزن؟
(*)
توێژەر و ئەکادیمی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

د. مەهدی ئەمین ستونی