با ناخۆشیەکانمان لەگەڵ ٢٠٢٥ بەڕێبکەین

با ناخۆشیەکانمان لەگەڵ ٢٠٢٥ بەڕێبکەین

 

(ئەفلاتون) فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ"هەموو سەرەتایەك كۆتاییەكی هەیە، وە ئەو كۆتاییە بریتییە لە سەرەتایەك بۆ شتێكی تر".
چەند كاتژمێرێكی تر ساڵی (٢٠٢٥)تەواو دەبێت و لە كۆتا ڕۆژ و كاتژمێرەكانی تەواو بوون و بەڕێكردنی ساڵی (٢٠٢٥)داین، هەروا تەماشای نەكەین كەوا كۆتایی ساڵە و تەواو، بەڵكو گرینگە و وا پێویست دەكات كۆتاییەكانی ساڵی (٢٠٢٥)كۆتایی هاتنی و بەڕێكردنی هەموو شتە ناخۆش و ژان و ئازار بەخشەكان بێت، وا بكەین هەموو ئێش و ئازار و ڕق و كینە و ئیرەیی و هەموو ئەو شتانەی ئێمەیان ئازارداوە و دڵیان ئێشاندووین لەگەل (٢٠٢٥) دا بڕۆن و بوون و شوێنەواریان نەمێنێ .
كۆتایی (٢٠٢٥) كۆتایی هەموو ئەو شتە ناشیرینانە بێت كە لێیان بێزار بووین، خۆمان بگۆڕین بەرەو باشتر و باشتر. جەخت لە سەر ئەوە بكەینەوە وردبینەوە و تێرامێنین لە سەر ڕۆژ و مانگەكانی (٢٠٢٥) و تێفکرین و بزانیین كارو دەستكەوت و چاكەكانمان چی بوون و پێداچوونەوەی وردی خۆمان بكەین، لە ناخەوە تێڕامێنین و تێڕامان و وردبوونەوەی خودی خۆمان و هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ تەواوی ساڵەكە بكەین بە ئەرێنی و نەرێنیەكان، بە گەش بینی و دڵخۆشییەكی زۆر و شانازییەوە سەیری دەستكەوت و كردار و بەرهەمەكان بكەین، بەراوردێكی خێرای خۆمان بكەین لەگەڵ ساڵ و مانگەكانی(٢٠٢٥) چۆن پەرەمان بەخۆمان داوە و هەوڵەكانمان لە پێناو چاكە و سوود و قازانجی گشتیی و دڵخۆشی چی بوون، شانازی بكەین دڵخۆش بین بەوەی لە پێشتر و پێشتر زیاتر بەرەوپێش چووینە و سوود و قازانج و چاكەمان زیادی كردووە و ئازار و ڕق و قینەمان بەرامبەر ئەوانی تر نەبووە و زیاتر لە خۆمان نزیكتر بووینە و هەستمان بە بوونی خۆمان كردووە و گرنگیمان بەخۆمان داوە وەک کەسێکی سودبەخش و ئاسودە و بەرەو ئاسودەیی و پەرەپێدانی زیاتر و سوودگەیاندنی زیاتر و زیاتر، لەگەڵ دیاریكردنی پلان و ئامانج بە تێكەڵە و ئاوێتەیەكی خەست لەگەش بینی و دانایی و دووربینی لە كار و كردار و لە هەمان كاتدا دەبێ ئەوپەڕی سوپاسگوزاری خودای گەورە و بەخشندە بین و هەمیشە سوپاسگوزاری خودا بین لە سەر هەموو ئەو شتانەی كە هەمانە سەرەتا كەسەكان و خێزان و خۆشەویستان و هەمووچركە ساتە خۆش و جوانەكانی ساڵی بەسەر چوو. فێربوون و زانین لە هەڵەكان بكەینە بنەمایەك بۆ زاڵ بوون بەسەر كێشە و ئاستەنگەکان وەكو وانە و پەند تەماشای بكەین، نەك كەوتن و دۆڕان هەمووی فێربوونە و سوودی دەبێت بۆ داهاتوومان. هەمیشە بە گەشبینی و ئومێدەوە سەیری داهاتوو بكەین و لە ڕابردوو فێرببین و بەردەوام پەرە بە خۆمان بدەین، لە سەر پێیەكان بوەستین و گەورەترین دەستكەوتمان ئەوەیە بە جێگیری و قایمی وەستاوین و بەرەوپێشەوە دەڕۆین و سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەك جەخت لە سەر بەردەوامی بكەینەوە و بەردەوام بین و زیاتر و زیاتر بەرەوپێشەوە بڕۆین، باشتر بین و ئاسودەتر بین و ویژدانمان حەساوەتر بێت و جەختی زیاتر لە سەر ئەرێنی و شتە باشەكان بكەینەوە. هەمیشە نیاز و نیەتمان باش بێت خودای گەورەش باشی دەهێنێتە پێشمان. گرینگە ساڵی (٢٠٢٥) زۆر شتی فێركردبین، هەمیشە گەشبینبین و بە ئومێدەوە بژین و باشتر و باشتر چاوەڕێمان دەكات.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top