شیکردنەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان

شیکردنەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان

 

پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەردەی لەسەر ململانێیەکی قووڵ لادا کە تێیدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی کاندیدێکی دەرەوەی ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان (ڕێبوار کەریم)، هەوڵێکی سیاسیی بۆ پەراوێزخستنی کاندیدی پارتی (شاخەوان عەبدوڵا) دا. ئەم هەنگاوە لە ناوەندە سیاسییەکاندا وەک "موئامەرەیەکی سیاسی" لێکدرایەوە، چونکە یەکێتی بۆ پەکخستنی کاندیدی پارتی، پەنای بۆ هاوپەیمانێتییەکی ناچاوەڕوانکراو برد.
خاڵی هەرە جێگەی سەرنج لەم هاوکێشەیەدا، ئەو لایەنانەن کە دەنگیان بە کاندیدەکەی بەرەی هەڵوێست داوە. (”ئەم هێزانە دەنگیان بە کاندیدی دەستی دووی یەکێتی داوە، 28 دەنگ خەزعەلی، 18 دەنگ یەکێتی، 37 دەنگ حەلبووسی، 12 دەنگ هێزەکانی وەعدەڵلا، 9 دەنگ یەکگرتوو و کۆمەڵ و هەڵوێست، 7 دەنگ ئەبو ئالای وەلائی، 6 دەنگ حزبوڵلای عێراقی، 6 دەنگ کەتائیبی جوندی ئیمام، 5 دەنگ کەتائیبی ئیمام عەلی، 4 دەنگ سەرایای عاشوورا، 3 دەنگ رەیان کلدانی، 3 دەنگ سەرایا ئەنساروڵلای ئەوفیا، 3 دەنگ کەتائیبی ئیمام عەلی (جەناحی سەربازی)، یەك دەنگ سەرایای جیهاد، یەك دەنگ حەشدی شەبەک لە دەشتی نەینەوا، یەك دەنگ حەشدی ئێزدی.“ )وەک لە ئامارەکاندا هاتووە، زۆربەی ئەو دەنگانە لەلایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی و ئەو هێزە شیعانەوە هاتوون (وەک عەسائیب و کەتائیب) کە بە ئاشکرا دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان و فیدرالیزم دەکەن. ئەمە نیشانیدەدات کە یەکێتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێبڕکێ ناوخۆییەکانی کورد، هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزێک کردووە کە لە مێژووی نزیکدا دەستیان هەبووە لە لێدانی ژێرخانی ئابووری کوردستان و تێکدانی سەقامگیریی هەرێم.
ئەم ڕووداوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە؛ چونکە نیشانیدەدات بەرژەوەندییە حزبییە تەسکەکان و کێبڕکێ لەسەر پۆستەکان، لایەنێکی کوردیی کێش کردووە بۆ ناو بازنەی "دەوڵەتی قووڵ" لە عێراق. ئەمە نەک هەر پێگەی کورد لە بەغدا لاواز دەکات، بەڵکو یەکڕیزی نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە و ڕێگە بۆ نەیارانی هەرێم خۆش دەکات کە بە ئاسانی یاری بە ناوماڵی کوردی بکەن.

Top