وادەی نمایشی فیلمی سینەمایی(The Odyssey)دیاریكرا
دوای بڵاوكردنەوەی پۆستەری كارە سینەماییەكە,چاوەڕوانی كۆتایی هات و وادەی یەكەم نمایشی فیلمی سینەمایی (The Odyssey) دیاری كرا,لایەنی بەرهەمهێنەری ئەم كارە سینەماییە یەكەم ترایلەری فیلمەكەی بڵاوكردەوە كە ئەستێرەی سینەمایی (مات دەیمن)پاڵەوانی نێو فیلمەكەیە و ئەستێرەی دیاری هۆڵیوود (كریستۆفەر نۆلان) لەگەڵ ئامادەكردنی سیناریۆی فیلمەكە كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە,بڕیارە لە 17/7/2026 لە هۆڵی سینەماكاندا نمایش بكرێت.
لەم كارە سینەماییەدا مات دەیمن ڕۆڵی (ئۆدیسیۆس)دەگێڕێت كە ئەم كەسایەتییە دەكاتە پاشای دورگەی ئیتاكا لە سەردەی یۆنانی كۆندا,وە خانمە ئەستێرەی هۆڵیوود (ئان هاتاوەی) ڕۆڵی پینیلۆپی هاوژینی ئۆدیسیۆس دەگێڕێت,ئەو ژنەی كە ماوەیەكی زۆر لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسەرەكەی بوو وە ڕەتی كردەوە شوو بە كەسێكی تر بكات,بەپێی داستانە یۆنانییەكە.
چیرۆكەكانی ئەم فیلمە نوێیە باس لە گەڕانەوەی ئۆدیسیۆس دەكات بۆ لای خێزان و ماڵەكەی لە دوای شەڕی تەروادە كە لە كاتی گەڕانەوەیدا تووشی چەندین سەختی و جەنگ دەبێتەوە,لەم كارە سینەماییەدا هەریەك لە تۆم هۆلاند و چارلیز تیرۆن و لوپیتا نیۆنگۆ و ڕۆبەرت پاتینسۆن و زیندایا و جۆن بیرنتال و ژمارەیەك ئەكتەر و سینەماكاری دیكە لە فیلمەكەدا بەشدارن,هەروەها ئەم فیلمە نوێیە لە چەند وڵاتێك كاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدراوە وەك یۆنان,ئیتاڵیا,سكۆتلەندا,ئێرلەندا,مەغرب,ئایسلەندا,بەریتانیا,وە ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس لە ئەمریكا,نزیكەی 250ملیۆن دۆلار تێچووی ئەم فیلمەیە و مەزەندە دەكرێت ئەمە ببێت بە گرانترین فیلمی نۆلان لە درێژایی تەمەنی هونەرییدا.
ئۆدێسی فیلمێكی داستانی و ئەفسووناویە,ڕۆمانی ئەم فیلمە هەمان ناوی هەڵگرتووە,هۆمیرۆس شاعیر و نووسەری دیاری یۆنانی چیرۆكەكەی نووسیوە لەپاڵ ڕۆمانی ئەلیادە كە هەردوو ڕۆمانەكە دیارترین بەرهەمی ئەم نووسەرەیە.
ڕەنگە بۆ بینەرانی فیلم و كریستۆفەر نۆلان,سەركەوتن و بەدەستهێنانی خەڵات بۆ فیلمی ئۆدێسی پێچەوانەی فیلمەكەی پێشووی(ئۆپنهایمەر) بێت كە 7خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا,بەوپێیەی كە پێشتر هەردوو چیرۆكی ئۆدێسی و ئەلیادە كە دوو چیرۆكی دیار و ئەفسووناوییە ژمارەیەك فیلمی سینەمایی لێ بەرهەمهێندراوە,ساڵی 1997 فیلمێك بە ناونیشانی ئۆدێسی بەرهەمهات كە هونەرمەندی ئەمریكی ئارماند ئەسانت ڕۆڵی ئۆدیسیۆسی گێڕا و تەواوی چیرۆكەكە كرایە فیلم و سەكەوتنێكی گەوەی تۆمار كرد,وە ساڵی 2003 فیلمێك بەرهەمهێندرا بە ناونیشانی(helen of troy),هەروەها ساڵی 2004 بەشێكی ئەم چیرۆكە كرایە فیلمێكی سینەمایی بەناونیشانی(troy) كە تایبەت بوو بە جەنگی تەروادە كە لەم فیلمەدا هەردوو ئەستێرەی هۆڵیوود براد پیت بە ڕۆڵی (ئەخیل) و ئیرێك بانا بە ڕۆڵی (هیكتۆر) لە فیلمەكەدا بەشداربوون.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
