خۆت قوڵایی ڕوباری خۆت تاقیبکەرەوە

خۆت قوڵایی ڕوباری خۆت تاقیبکەرەوە

 

(هندیەکان) دەڵێن"خۆت بەراورد مەكە بەكەس، ڕۆژ و مانگ بەراورد ناكرێن بەیەكتر هەر یەكە و لە كاتی خۆیدا ڕوناكی دەدات".
بێگومان هەر تاكێك لە كۆمەڵگە بارودۆخ و هەڵومەرج و پاشینە و بناغە و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و بەربەستەكانی جیاوازە لەگەل یەكێكی تر، واتە مەرج نییە بارودۆخ و گوزەران و بەرهەڵستی تاكەكان وەكو یەك بێت. لێرەدا چۆنیەتی چارەسەكردن و ئامۆژگارییەكانیش جیاوازدەبن لە یەكێك بۆ یەكێكی تر، بۆیە گرینگە لە هەموو بەرواردكارییەك خۆمان بە دوور بگرین و خۆمانی لێ لابدەین، چونكە كێشەو بارودۆخەكان بە گشتیی جیاواز دەبن و كەواتە چارەسەرەكانیش دەبێ جیاواز بن.
ئەو چارەسەرو ئامۆژگارییەی بۆ گیروگرفت و ئاستەنگی یەكێك دەگونجێت، مەرج نییە هەمان ئامۆژگاری و چارەسەر بۆ ئاستەنگ و گرفتی یەكێكی تر بگونجێت و ڕاست بێت. ئەلێرەدا گرینگە چاولێكەری و لاسایی كەس نەكەینەوە و سنور و جوگرافیای تایبەت بە خۆمان هەبێت ئەویش بە تێگەیشتنی خودی خۆت و دیاری كردنی پێداویستییە تایبەتیەكانی خودی خۆت لەگەڵ دەست نیشان كردن و دیاری كردنی سنورێكی تەندروست و ڕاست و گونجاو لەگەڵ جەخت كردتەوە لە سەر چارەسەكردنی تایبەت و دیاری كراو بە بارودۆخی خۆت، دوور لە هەموو لاسایی كردنەوە و چاولێكەری و بەراوردكاری لەگەڵ ئەوانی تر، چونكە بەدڵنیایی چارەسەری گرفتی كەسانێك نابنە چارەسەر بۆ گرفتی تۆ. لە كۆتاییدا (چارەسەری ڕاست و دروست)ئەو چارەسەرەیە كە هەست بە ڕازی بوون دڵنیایی و ئاسودەیی دەكەین و ئامانجەكان جێبەجێ دەبن و كێشەكان چارەسەر دەبن بێ ئەوەی زیان بە خۆت و ئەوانیتریش بگەیەنێت.
دەگێڕنەوە " جارێك مامزێك لە زەرافەیەكی پرسیار كرد كە لەوبەری ڕوبارەكە وەستا بوو لە بەرامبەری . پڕسیاری كرد ئایا قوولی ئەو ئاوە دەگاتە كێندەر؟ زەرافەكە بەوپەڕی متمانەوە وەڵامی دایەوە و گوتی دەگاتە ئەژنۆ لەو كاتەدا مامزەكە بەدڵنیاییەکی زۆرەوە بازی دا ناو ئاوەكە بەڵام لە ناو ئاوەكەدا خەریك بوو بخنكێ و نقوم بێت و سەر ئاو كەوتەوە و سەری خۆی بە زۆر دەركرد لە ئاوەكە تا نەخنكێت بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر توانی بگاتە سەر تاشە بەردێك ڕابوەستێ‌ كە لە ناوەڕاستی ئاوەكەدا هەبوو بە توڕەییەوە هاواری سەر زەرافەكەی كرد و گوتی ئەی تۆ نەتگوت ئاوەكە بە زۆر دەگاتە ئەژنۆ؟ زەڕافەكە گوتی بەڵێ دەگاتە ئەژنۆی من.
بۆیە كاتێك پرس و ڕاوێژ بە یەكێك دەكەین بۆ كاروباری ژیانت. لە بیرت نەچێت ئەو وەڵامت دەداتەوە بە پێی شارەزایی و ئەزموونی خۆی، نەك بە پێی بارودۆخ و ڕاستی و دروستی تۆ، وە زۆربەی جاران چارەسەری خەڵك گونجاو و دروستە بۆ خۆیان و دۆخی خۆیان، بەڵام ئەو چارەسەرانە نابنە ڕزگاركەری تۆ لەوانەیە تۆ بخكێنێ و دەربازت نەبێت، چونكە ناكرێ و نابێت بەراوردكاری خۆمان بكەین لەگەڵ یەكتر، كێشەو بارودۆخ وجیاوازن لە یەكتر كەواتە چارەسەرەكانیش جیاواز دەبن. لێرەدا ڕوونە ژیان و گوزەران و بارودۆخی تۆ هەمان ژیان و گوزەران و بارودۆخی ئەوانیتر نییە، نابێ دۆخ و كاروباری خۆت بپێوی وەكو دۆخ و كاروباری ئەوان. ئەوەی بۆ ئەوان دەگونجێ و شیاوە بۆ تۆ ناگونجێ و نابێ، وە ئەوەی ئەوان پێی دڵخۆش دەبن تۆ پێی ڕازی نابیت، ئەوەی بۆ ئەوان گرینگە هەر لە بنەڕەتە و لای تۆ مەبەست و ئامانج نەبووە، بۆیە خۆت قووڵایی ڕوباری خۆت تاقیبكەرەوە.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top