کوردستانێکى دیموکراس و فیدڕاڵى لە نێو عێراقێکى نافیدراڵى و نادیموکراسیدا
دواى 22 ساڵ لە ڕووخانى ڕژێمى دیکتاتۆرى بەعس ، نەک هیوا وخەونەکان بۆ چەسپاندنى دیموکراسى ، فیدڕاڵى ،هاوبەشى، سازان ، هاوسەنگى نەهاتنەدى ، بەڵکو عێراق بووە شوێنى ململانێى و یەکلاکەرەوەى کێشە ناوچەیی و جەمسەر ە زڵهێزەکان ، بەشێوەیەک دەستوەردانەکان و بوونى هەژموونى وڵاتانى ناوچەکە بە ئاشکرایی کاریگەرى لەسەر هەموو بڕیارە گرنگان و جومگەکانى حکوومڕانى لە عێراق دیارە ، لەوەش مەترسیدارتر بوونى دەیان گروپى میلیشیایی و لە یاسا دەرچوویی وەلائییە کەدەستیان بە سەر دامەزراوەکان و شوێنە ئابوورى و گرنگەکاندا گڕتووە ، باوەریان بە فیدڕاڵى ، دەستوور و هاوبەشى نییە ، نەتها زێهنیەتى تایفى و مەزهەبى و زۆرینە و تاکڕەوەیی
لەو نێوەشدا هەرێمى کوردستان وەک تاکە قەوارەى فیدڕاڵى و دیموکراسى لە نێو عێراقدا بەهۆى نەبوونى سیستەمێکى دیموکراسى و ئەو سیاسەتە خۆسەپێنەى دەسەڵاتدارانى بەغدا ڕووبەڕووى کێشە و گرفتى زۆرى ئەمنى و ئابوورى و دارایی بووەتەوە و عێراقیش لە جیاتى گۆڕینى زێهنیەتى داگیرکارى و زۆرینە و خۆسەپاندن و چارەسەرى کێشەکان بەڕێگەى دەستوور وەک کێشەى کەرکووک و مادەى 140 و قەرەبووکردنەوەى قوربانیانى ئەنفال وکیمیاباران بەڵام ڕێک پێچەوانەکەى بەردەوامە لە سزادان و ستەمکارى وەک دڕێژەپێدەرى ڕژێمەکانى پێش خۆى
بەردەوامى ئەو سیاسەتە داگیرکارانە و ستەمکارییانەى دەسەڵاتدارانى عێراق بەرامبەر بە گەلى کورد ، هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکانى دیکە ، وایکردووە رۆژ بە رۆژ خەڵکى عێراق باوەرى بە حکوومڕانى بەغدا نەمێنێت ، گەلى کوردیش لە پێناو پاراستى خۆى و خاک و شوناس و مێژووییەکەى هەردەم لەسەنگەرى پێشەوەى بەرگریکردن بووە لە مافەرەواکانى ، بەڵام دەسەڵاتدارانى بەغدا هەمیشە فێرن لە ڕێککەوتننامە و بەڵێن و ئێستاش دەستوورى هەمیشەیی عێراق پاشگەز ببنەوە ، مێژووى دوێنى و ئەمڕۆش باشترین بەڵگەى حاشاهەڵنەگرە ، ئەوەتا پیلانگێرى 1975 ، ئەنفال و کیمیابارانى ساڵانى 1988 و پیلانگێرى و گەلەکۆمەکى 2017 تا ئێستاى مووشەکباران ، درۆنباران و هەوڵى تێکدەرانەى نێوخۆیی بەڕێگەى کۆمەڵێک کەس ولایەنى بەکرێگیراو و شەڕى دەروونى و ئابوورى هەموو ئەمانە لە ئەنجامى سیاسەتە داگیرکاران و فاشیزمییەکانى بەغدایە دژى گەلى کورد
لە نێو هەموو ئەو پیلانگێرى و پەلاماردانانەدا ، خۆڕاگرى گەلى کورد ، ئینجا بوونى سەرۆک بارزانى وەک ئومێد و ئیرادەیەکى بەهێز بۆ پارێزگاریکردن لە دۆز و مافەکانى گەلى کورد لە ناوچەکەدا ، دوژمنان و فاشیزمەکانى تووشى بێ ئومێدى کردۆتەوە ، بەتایبەتى فاشیزمەکانى بەغدا ئەوانەى خەونى بەناوەندکردنەوەى عێراق دەبینن ، هەروەها هەموو ئەو فشارانەیان بۆ ئەوەیە شتێک بەناوى دەستوورى و فیدڕاڵى بوونى نەمێنێت ، ئەو دەسەڵاتى ئێستا گشت دامەزراوەکانى بۆ دژایەتیکردنى گەلى کورد بەکاردێنێت ، بۆیە زێهنیەتى سڕینەوە و ئەنفالکردن و لەناوبردنى کورد کۆتایی نەهاتووە ؛ رووداوەکانى دواى ڕیفراندۆمە مێژووییەکەى گەلى کورد بە ڕابەرایەتى سەرۆک بارزانى ، شەڕێکى دیموکراسى و ئاشتیانە بوو بۆ چەسپاندنى ئیرادەى نەتەوەى کورد ، پەیامێک بوو بۆ هەموو ئازادیخوازان دونیا ، پەیامێکیش بوو بۆ دوژمنان داگیرکەرانى کوردستان ، ڕەتکردتەوەى زێهینەتى برسیکردن و سزادانى بەکۆمەڵى خەڵکى کوردستان بوو ، ڕەتکردنەوەى بەردەوامیدان بوو بەسیاسەتى بە عەرەبکردن و ڕاگواستنى زۆرەملێ بوو ؛ ئەوەتا وێراى ئەوەى حکوومەتى کوردستان لە پێناو چەسپاندنى مافەرەواکانى خەڵکى کوردستان و بۆ ئەوەى عێراق ناچار بکات دەستبەردارى بڕینى مووچە و قووتى خەڵکى کوردستان بێت و بیانووى هەندێک گروپ و تاقمى فاشیزمى سیاسى و بەکرێگیراوى ناخۆى بێت داهات و نەوت رادەستى بەغدا کرد، بەڵام دەسەڵاتدارانى بەغدا نەک هەر پابەندى بەڵێنەکان و ڕێککەوتنەکان نەبوونە و نابن ، بەڵکو بەڕێگەى هەندێک جاش و بەکرێگیراو لە نێوخۆى کوردستان بەردەوام چەواشەکارى و عێراقچێتى دەکەن
بەسەرنجدان بە پەیوەندییەکانى کوردستان و عێراقى ناوەندگەڕا ، مەزهەبى و تایفى ، تادێت قوڵتر دەبنەوە ،چونکە دەسەڵاتدارانى بەغدا ئامادە نین ، پرسى کەرکووک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانى دیکە و ئینجا چارەسەرى پرسى نەوت و مووچە بکەن ، ئەوەش ئاماژەیە بە شکستى دەسەڵاتى عێراق ، ئەو فیدڕاڵى و دیموکراسى و دەستوور وهاوبەشیەى رۆژ بەرۆژ لە پاشەکشێ و شکست دایە و بەرەو ئاقارێکى مەترسیدارى و سیستەمێکى دیکتاتورى مەزهەب و قەیرانى قوڵ پەلکێش دەکرێت ؛ لەکاتێکدا لەماوەکانى رابردوو عێراق هەموو جۆرە کارتێک و چەکێکى بۆ دروستکردنى فشار لە سەر گەلى کورد تاقیکردەوە و لەهەمانکاتیشدا دەسەڵاتدارانى بەغدا هەردەم بەچاوى پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ گەلى کورد کردووە ؛ ئێستا دەسەڵاتدارانى بەغدا لە ژێر هەژموونى دەرەکى ، ناتوانن کۆنتڕۆڵى گروپ و میلیشیا تیرۆریستەکان بکەن ؛ ئەوەش وایکردووە بە ڕێگەى مووشەک و درۆن پەلامارى دامەزراوە ئابوورى و ژێرخانى وەزى کوردستان بدەن و کارەباى خەڵکى کوردستان ببڕن و دەست بۆ تێکدانى ئاسایشى نیشتیمانى و کۆمەڵایەتى کوردستان بکەن
لەنێو ئاڵۆزى و کێشە ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە و ململانێی قورسى جەمسەربەندییەکان دا ، بوونى سەرکردایەتییەکى ژیرانەى و دەوڵەتمەندارێکى دڵسۆز و خاوەن ئیرادەیەکى بەهێزى وەک مەسروور بارزانى ، گشت هەوڵە سیاسى ودیپلۆماسییەکانى لە نێو ئەو قەیرانە ئاڵۆزانەدا خستۆتەگەڕ لە پێناو پارێزگاریکردن لە شکۆ و مافەرەواکانى گەلى کورد و هەڵگرتنى ئەرک وبەرپرسیاریەتیی مێژووی و ڕووبەڕووبوونەوەیان ؛بەتایبەتى تێپەڕاندنى چەندین قەیرانى قورسى وەک ڤایرۆسى کۆڕۆنا ، دابەزینى نرخى نەوت ، بڕینى بودجە و مووچە و درۆن و مووشەکباران و دروستکردنى ئاستەنگ وئاڵنگارییەکى گەورە ، کارێکى ئاسان نەبوو ، بەڵام بە پشتیوانى خوا و خۆڕاگرى خەڵکێکى نیشتیمانپەوەر و پێشمەرگە و گشت هێزەکانى ناوخۆ و ئیرادەى پۆڵاینى سەرۆک بارزانى و سەرۆکى هەرێم ، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، رۆژ بەرۆژ سەختى وئاستەنگەکان تێدەپەڕن و شکۆى قەوارەى کوردستان بە پارێزراوى دەمێنێتەوە و خەونى گەڕاندنەوەى دیکتاتۆرى و داگیرکرکردنەوەى کوردستان هەرگیز ناهێتەدى ، بۆیە گەلى کورد لەم شەڕە ئیرادەیە و چەسپاندنى مافەرەواکانى سەرکەوتوو دەبێت و ئەرک وبەرپرسیاریەتى هەموو کوردێکى دڵسۆزە بەشدارى ئەو شەڕە مێژووییە بکەن کە هیچى کەمتر نییە لە شەڕى ڕووبەڕووبوونەوەى تۆپ و تانک و چەکى قورس, بەدڵنییاییەوە هەر گەلێک باوەرى بە ئازادى و سەربەستى هەبێت ، هەرگیز ناکەوێت و سەردەکەوێت .

رێبوار حەمەلاو شوانی