ئەڤین شا بۆ گوڵان:پێویستە هونەرمەندانی كورد پابەند بن بە ناسنامە و فەرهەنگی ڕەسەنی كوردییەوە

ئەڤین شا بۆ گوڵان:پێویستە هونەرمەندانی كورد پابەند بن بە ناسنامە و فەرهەنگی ڕەسەنی كوردییەوە

ئەڤین شا لە باكووری كوردستان لە شاری مووش و لە گوندی «زەنگۆك» لەدایك بووە، لە تەمەنی چواردە ساڵیدا ناچار بوو گوندەكەی جێبهێڵێت. لە زۆربەی شارەكانی توركیا ژیاوە و لە ساڵی 2001 چووەتە شاری ئیستەنبوڵ و حەڤدە ساڵ تەمەنی لەوێ بەسەر بردووە. ماوەی سێ ساڵیشە لەگەڵ خێزانەكەی لە ئەمریكا ژیان بەسەر دەبات. گوڵان چەند پرسیارێكی تایبەت بە ڕەوشی هونەری ئاراستەی ئەڤین كرد.

*دەستپێكی ژیانی هونەریت چۆن بوو؟

-لە منداڵیمەوە گۆرانییە كوردییە ڕەسەنەكان سەرنجیان ڕادەكێشام، زۆر حەزم دەكرد ببمە هونەرمەند و هەمیشە خەیاڵم دەكرد كە هەزاران كەس لە بەردەممدا كۆ بوونەتەوە و گوێم لێ دەگرن. ئەم حەز و داواكارییەم بەردەوام گەشەی دەكرد و گەورە دەبوو. بەدوای خەیاڵەكەم كەوتم و چوومە شاری ئیستەنبوڵ. لە ساڵی 2007 قوتابخانەم تەواو كرد، لەو كاتەوە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ گۆرانی كوردی دەڵێم، ئەم نۆ ساڵەشە لەسەر دەنگبێژی كار دەكەم. لە چەندین كەناڵی تەلەڤزیۆن و لە فیلمە سینەماییەكان، زنجیرەفیلم، فیلمی بەڵگەنامەیی و كورتەفیلمەكاندا مۆسیقام دروست كردووە و وەك هونەرمەندێكی كورد بەشداری زۆر ئاهەنگ و كۆنسێرت بووم.

ئەڤین شا بۆ گوڵان:پێویستە هونەرمەندانی كورد پابەند بن بە ناسنامە و فەرهەنگی ڕەسەنی كوردییەوە

*بەرهەمەكانت لەسەر چ بنەمایەك هەڵدەبژێری؟

-بەر لە ئەنجامدانی هەر پرۆژەیەكی هونەری بە وردی لەسەر گشت لایەنەكانی كار دەكەم، بەتایبەتی لەسەر تێكست و ئاوازەكەی، لە گشت لایەنەكانی دەكۆڵمەوە بۆ ئەوەی بتوانم بە باشترین شێوە پێشكەشی بكەم، ئامانجی سەرەكیی من ئەوەیە لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە خزمەتی گەلەكەم بكەم لە هەر شوێنێكی دنیا بێت، ئێمەی هونەرمەندانی كورد لە دەرەوە هەرچەندە لە وڵاتیش دوورین، بەڵام توانا و ئیمكانیاتمان هەیە خزمەتی هونەری كوردی بكەین، بۆیە من كارەكان بە وردی هەڵدەسەنگێنم و ئامانجی سەرەكیم ئەوەیە تەنیا خزمەت بە هونەری كوردی بكەم و، دەمەوێت كارێك پێشكەش بكەم لە ئاستی قوربانییەكانی میللەتەكەمدا بێت، چونكە میللەتی كورد شایستەی ئەوەیە كاری جوانی پێشكەش بكەی.

*بوونی ئافرەت لە نێو هونەری كۆمەڵایەتیدا چۆن دەبینن؟

-ئەمڕۆ ئافرەتی كورد لە نێو كۆمەڵگەدا ناتوانێت هونەرەكەی بە شێوەیەكی سەربەخۆ پێشكەش بكات، هەمیشە ئاستەنگ دێتە پێشی، ئەگەر هەندێك ڕێگەی لێ بكرێتەوە، هونەرەكەی بە ڕەهایی ئازاد پێشكەش دەكات. كاتێك ئافرەتی كورد سەركەوتوو بێت كە پەروەردەیەكی باشیش بە منداڵەكەی دەدات و باوك و برا و هاوسەر و هاوڕێكانیشی پێی سەربڵند دەبن و بەرەو پێش دەچن. من كاتێك هونەرمەندێكی ئافرەت بە سەركەوتوویی دەبینم، زۆر دڵخۆش دەبم، باوەڕم بەهێزتر دەبێتەوە. ئەگەر ئافرەتەكانمان بە شێوەیەكی ئازاد گۆرانییەكانیان بڵێن و هونەرەكەیان پێشكەش بكەن، جیهان خۆشتر دەبێت.

*هونەرمەندە كوردەكان توانیویانە فۆلكلۆر بپارێزن؟

-كۆمەڵگەی كوردی هەمیشە لە ڕووی ئابووری و لە ڕووی كەلتوور و هونەرەوە سەركوت كراوە، نەیتوانیوە خۆی بە شێوەیەكی سەربەست لە نێو ژیاندا نیشان بدات، لەبەر ئەو هۆكارە كلتوور و فۆلكلۆری كوردی هەرچەند چووبێت، زیاتر وون كراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فۆلكلۆری كوردی لەنێو كۆمەڵگەدا هێدی هێدی وون ببێت. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی فۆلكلۆری كوردی بەلاوازی بمێنێتەوە. ئێستا زۆر كەس كە لەسەر هونەر و فۆلكلۆری كوردی كار دەكەن، مۆسیقاژەنن، گۆرانیبێژن، دەنگبێژن، دەردەكەون و هونەرەكەیان پێشكەشی گەل دەكەن. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت كە فۆلكلۆری كوردی لەژێر مەترسییەكی گەورەدایە، كلتوور و فۆلكلۆر، زمان و ژیان هەمووی پێكەوە گرێدراون و پەیوەندییان بە یەكەوە هەیە.

*لە نێوان نوێگەرایی لە هونەر و پاراستنی فۆلكلۆر كامیان هەڵدەبژێری؟

-بۆچوونی من پشتگیری لە گرێدانی نێوان ڕەسەنایەتی و نوێگەری دەكات، لە ڕوانگەیەكەوە ئێمە پابەندین بە ناسنامە و فەرهەنگی خۆمان و لە ڕوانگەیەكی دیكەرەوە ناكرێت بێبەش بین لە تواناكانی سەردەم بۆ گەشەپێدان. نوێگەری كاتێك دەچێتە خزمەت هونەری كوردی و مۆسیقا بەشێوەیەكی كاریگەر گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان دەوڵەمەند دەكات، پێویستە ئەم گۆڕانكارییە لە چوارچێوەی كاری ئەكادیمی و هونەری باڵادا بێت، بۆ ئەوەی فۆلكلۆر لە ناو دڵی نەوەی نوێدا بمێنێتەوە و لەگەڵ ئاستی جیهانیدا بڕۆین.

Top