ئیكۆناشناڵیزم، یان ناسیۆنالیزمی ژینگەیی
ئیكۆناشناڵیزم، یان ناسیۆنالیزمی ژینگەیی، زاراوەیەكی تا ڕاددەیەك نوێیە و هەستی نەتەوەیی و بایەخدان بە ژینگە پێكەوە دەبەستێتەوە و، ئەو بیرۆكەیە بەهێزتر دەكات كە پێی وایە سرووشت و دەرامەتە ژینگەییەكان و پاراستنیان، پایەیەكی بنەڕەتییە لە پێكهاتەی ناسنامە و مێژووی هەر گەل و شوێنێك.
بنەماكانی ئیكۆناشناڵیزم :
یەكەم: ژینگەی خۆماڵی و لە سنووری خۆدا.
دووەم: پەیوەندیی ڕۆحی و گیانی لەنێوان هاووڵاتی و ژینگە.
سێیەم: ژینگە و مرۆڤ بریتین لە یەك یەكەی تەواكاری بێ جوودایی.
چوارەم: هاوسەنگی لە نێوان شانازی بە ژینگەی خۆماڵی و بایەخدان بە ژینگەی جیهان.
پێنجەم: بەهێزكردنی سەرچاوە نێوخۆییەكان و، سنوورداركردنی پشتبەستن بە وزەی دەرەكی.
شەشەم: كەمكردنەوەی خاشاك و زیادكردنی دووبارە بەكارهێنانەوە.
سوودەكانی ئیكۆناشناڵیزم:
یەكەم: ئیكۆناشناڵیزم وەك ئامرازێكی جووڵاو و داینامیكی لە توانایدایە خزمەت بە بەرژەوەندیی ناوخۆیی بكات، لە ڕێگەی پشتگیری و هاندانی هاووڵاتیان لە دەستپێشخەرییە گشتییەكان و ناساندنی پاراستنی ژینگە وەك ئەركێكی نیشتمانی.
دووەم: گونجاندنی ئەزموون و داهێنان و هزرە جیهانییەكان و بڕگە و خاڵەكانی نێو ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ژینگە.
سێیەم: كەمكردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە و كاركردن بە بنەمای جیهانییانە، بیركردنەوە و خۆماڵییانە كاركردن لەپێناو داهێنانی ڕێگەچارەی ژینگەییانەی بەردەوام.
چوارەم: پاراستنی ئابووری و پیشەسازیی نێوخۆیی و كەمكردنەوەی هاوردەكردن و كاركردن لەسەر چەمكی ئابووریی سەوز و خودبژێوی.
پێنجەم: پارێزگاریكردن لە ژینگە و پێكهێنەرەكانی بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.
شەشەم: ڕەچاوكردنی سەروەریی نیشتمانی لە دۆزینەوە و كاراكردنی چارەسەرەكاندا.
حەوتەم: ڕزگاربوون لە كۆتوبەندی بەشێك لەو ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییانەی بۆ بەرژەوەندیی چەند وڵاتێك كاریان پێ دەكرێت.
ئیكۆناشناڵیزم لە ئەزموونی بەشێك لە وڵاتانی جیهاندا:
زۆرێك لە بزاڤە سیاسییەكانی جیهان لە ئەمڕۆدا لایان وایە كە پاراستنی دەرامەتە سرووشتی و ژینگەییەكانی هەر وڵاتێك، بەشێكی بنەڕەتییە لە ناسنامە و سەروەرییەكەی، هەر ئەمەشە وای كردووە كە زۆرێك لە پێشكەوتنە ژینگەییە لۆكاڵییەكان بێنە ئاراوە وەك نموونەی:
ئەمریكا: شانازییكردنی نیشتمانییانە بە جوانیی سرووشتی نیشتمانەوە، هۆكاری دامەزراندنی پاركە نیشتمانییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە.
ئایسلەندا: دەڕوانێتە بەكارهێنانی فراوانی وزەی بەرهەمهاتوو لە گەرمیی زەمینی، وەك شانازییەكی نیشتمانی بۆ پێشەنگبوون و سەربەخۆبوون لە بواری وزەدا.
هەنگاریا: ئیكۆناشناڵیزم ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە سیاسەتەكانی «پارتی فیدس» لە وڵاتی هەنگاریا، بۆیە سەرۆك وەزیران «ڤیكتۆر ئۆربان» لە ڕوانگەی ئیكۆناشناڵیزمەوە ئەم كارانەی لای خوارەوەی ئەنجام داوە:
یەكەم: هاندانی خەڵك بۆ ڕوانین لە پاراستنی ژینگە وەك پایەیەكی سەرەكیی سەروەریی نیشتمانی.
دووەم: پابەندكردنی كابینەی حكومەت بە ناسینی پاراستنی ژینگە وەك پابەندییەكی باڵای نیشتمانی.
سێیەم: پەیوەستكردنی چەمكی پاراستنی ژینگە بە ناسنامەی نیشتمانییەوە لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا.
چوارەم: كۆنتڕۆڵكردنی كۆمپانیا فرەڕەگەزەكانی نێو هەنگاریا و، پێشخستنی كۆمپانیا لۆكاڵییەكان.
پێنجەم: پشتگیریكردنی بەرهەمی كشتوكاڵیی نێوخۆیی و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی خۆراك لە دەرەوە.
شەشەم: سەربەخۆبوون لە بواری وزە و وەبەرهێنان لە سەرچاوەكانی وزەی نوێبوەوەی وەك خۆر و با.
هندستان: هیندستانیش ئیكۆناشناڵیزمی وەك دەستپێشخەرییەك بەكار هێناوە بۆ پاراستنی سرووشت و ژینگە، بۆ هێشتنەوەی پێگەی خۆی لەسەر گۆڕەپانی جیهانیدا لە ڕێگەی:
یەكەم: وەبەرهێنان لە بواری وزەی نوێبووەوە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیریی ئابووری.
دووەم: جەختكردنەوە لەسەر دابونەریت و سیستم و ڕەفتاری هۆزەكان وەك چارەسەری خۆماڵییانە بۆ گرفتە ژینگەییەكان.
سێیەم: ڕووكردنە كشتوكاڵكردنی ئۆرگانی و، بەكارهێنانی پەینی سرووشتی و، زیندووكردنەوەی ڕێكارە كۆنەكانی وەك كارێز، بۆ پارێزگاریكردن لە ئاو.
نەرویج: ئیكۆناشناڵیزم پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە وڵاتی نەرویج لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی:
• سوودوەرگرتن لە سامانی نەوت بۆ دەستخستنی سەرچاوەكانی وزەی نوێبووەوە.
• پابەندبوون بە بنەمای پاراستنی دەرامەتە سرووشتییەكان بۆ نەوەكانی داهاتوو.
• ئاسانكاریی دارایی بۆ هاندانی هاووڵاتیان بۆ كاركردن بە ئۆتۆمۆبێلی كارەبایی.
• پارێزگاریكردن لە فرەچەشنیی بایۆڵۆجی.
• بنیادنانی زۆرێك لە پاركی نیشتمانی و پارێزراوە سروشتییەكان و ناوچە كەناراوییەكان.
ئالنگارییەكانی پێش ئیكۆناشناڵیزم:
یەكەم: لەوانەیە پەیوەستكردنی ژینگەپارێزی بە ناسنامەیەكی نیشتمانییەوە، ببێتە مایەی دابڕان لە بەشێك لە خەڵك و ئەزموون و پێشكەوتنی جیهانی.
دووەم: لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی هاوكاریی نێودەوڵەتیی لە بواری ژینگەپارێزیدا.
سێیەم: لەوانەیە ببێتە هۆی تێكدانی پەیوەندیی نێوان وڵاتان، بەهۆی ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی تایبەتەوە.
ئایندەی ئیكۆناشناڵیزم
پێشبینی دەكرێت كە ئیكۆناشناڵیزم زیاتر گەشە بكات لە ئایندەدا بەهۆی:
یەكەم: داهێنان لە بواری وزە نوێبووەوەكان و زیاتر بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا.
دووەم: بەشداریكردنی كارای گەنجان لە ڕێگەی تۆڕەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
سێیەم: سەرهەڵدانی شۆڕشێكی كەلتووری بۆ گیڕانەوە و زیندووكردنەوەی دابونەریت و كەلەپووری خۆماڵی لەلایەن گەلانەوە.
چوارەم: هاتنەئارای سیستمێكی بەڕێوەبردنی ژینگەیی لە ڕێگەی پپكەوە كاراكردنی تەكنۆڵۆژیای نوێ و كەلتووری دێرین و تواناكانی گەنجان.

عهبدولرهحمان سدیق