ئاهەنگی دەستپێكردنی 12هەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی 9/12/2025 لە شاری دهۆك,بە ئامادەبوونی (عەلی تەتەر) پارێزگاری دهۆك و (ئاریان سەلاحەدین) بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و (نیاز نووری) نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان و سینەماكاران,ئاهەنگی دەستپێكردنی 12هەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بەڕێوەچوو,كە ئەم فیستیڤاڵە 8 ڕۆژ دەخایەنێت.
12هەمین فیستێڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك لە بەرواری 9تاوەكو 16ی مانگی كانوونی یەكەم بەردەوام دەبێت,لە خولی ئەمساڵیدا 110فیلم و كاری سینەمایی بۆ فیستیڤاڵ نێردراوە و فیلمەكان لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەكانی فیستیڤاڵ,لە نێو فیلمە بەشداربووەكاندا 45فیلمی كوردی و 65فیلمی بیانی هەن كە لە 37 وڵاتی جیاوە بۆ فیستیڤاڵەكە نێردراوە,هەروەها ئەو كارانەی كە لەم فیستیڤاڵەدا بەشدارن لە فیلمی درێژ و بەڵگە فیلم و كورتە فیلم پێكدێن.
بڕیارە ڕێكەوتی 9/12/2025 و لە یەكەم ڕۆژی فیستیڤاڵ,فیلمی (My Uncle Jens) نمایش بكرێت, کە یەکەم فیلمی درێژی (بروا وەهابپوور)ە و ماوەكەی 98خولەكە،ئەم كارە سینەماییە فیلمێكی دراما و كۆمیدییە, باس لە گەنجێك دەكات كە لە دەروەی وڵات دەژێ و خەریكی پیشەی خۆیەتی وەكو مامۆستا,بەڵام لەناكاو بەرنامەی ژیانی دەگۆڕێت,ئەویش بەهۆی ئەوەی كە بێ ئامادەكاری و ئاگاداركردنەوە,مامی لە كوردستانەوە دەگاتە لای و ئەویش ناچار لە شووقە بچووكەكەیدا شوێنی بكاتەوە,ئەمەش دەبێتە دەستپێکی چیرۆکێك دەربارەی ئەرك، سنوورەکان و ژیان لە نێوان ناسنامەکاندا.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
