كنە و پشكنین لەناو چپە شاراوەكانی ڕووداوەكانی كۆرمۆر و لاجاندا

كنە و پشكنین لەناو  چپە شاراوەكانی ڕووداوەكانی كۆرمۆر و لاجاندا

 

 

* ئەگەر هەردوو ڕووداوە كارەستبارەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی لێدانی ویستگەی گازی كۆرمۆر و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی بەمەبەست لە گوندی لاجان دروست كران و، پاشان هەوڵە تێكدەرەكان بۆ تەقاندنەوەی پاڵاوگەی لاناز و هێرشكردنە سەر دامەزراوە حكوومییەكانی قەزای خەبات، هەموویان پێكەوە لە ناو یەك دەقدا كۆ بكەینەوە، ئەوا «ڕۆناڵد بارت» گوتەنی ئەو دەقە هیچ واتایەكی نابێت ئەگەر نووسەرەكەی لێ دەرنەهێنرێت، یان «نووسەرەكەی نەمرێت»، بۆیە بەم ئاراستەیە ئەم نووسینە هەوڵ دەدات بكەرانی پشت ئەم ڕووداوانە لە ناو ئەو دەقە بێننە دەرەوە، كە ئەو كارەساتانەی لە چەند ڕۆژێكدا دروست كرد، بۆ ئەوەی بزانرێت خودی ئەو دەقەی دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ تەفسیر و شیكاری، ئەم ڕووداوانە چیمان پێ دەڵێت و دەیەوێت چ زەنگێكی مەترسیدار بە گوێی هەرێمی كوردستاندا بچەپێنێت.

تێكشكاندنی ئەو چینانەی كە میدیا و سۆشیال میدیا لەسەر ڕووداوەكان دروستی كردوون

1. هێرشكردنە سەر ویستگەی گازی كۆرمۆر، ئاستەنگ دروستكردن بۆ كارەبای 24 كاتژمێری

ئەو هێرشەی كە شەوی 27 لەسەر 28ی تشرینی دووەمی 2025 كرایە سەر ویستگەی گازی كۆرمۆر، كە هەتا ئێستاش لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ناوی بكەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە ئاشكرا نەكراون و تەنیا دەگوترێت یەك دوو گرووپی چەكداری لەیاسادەرچوو لە ناوچەی توزخورماتووەوە هێرشەكەیان ئەنجام داوە، ئامانجی سەرەكی لە پشت ئەم هێرشەی كۆرمۆر لێدانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و شكست پێهێنانی پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێرییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان كە بە یەكێك لە دەستكەوتە گەورە و مەزندە بۆ نەكراوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.

كەواتە تەفسیری ئەم ڕووداوە كە دەبێت بە دەقێك، پرسیاری ئەوەی لێ دەكرێت: «ئەو لایانەنانە كێن كە چێژ لەم دەقە وەردەگرن؟ هەروەها ئەو لایانانە كێن بەم دەقە ناڕەحەت دەبن و وەك كارەسات دەیخوێننەوە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە لەو خاڵەوە بەرجەستە دەبێت، كە سەرەتا لەوە گەڕێین چ گرووپ و لایەنێك ئەم كارە تیرۆریستییەیان ئەنجام داوە، بەڵكو بێینە سەر ئەو لایەنانە كێن ئەوانەی بەم كردەوە تیرۆریستییە دڵخۆشن و لەگەڵ ئامانجە سیاسییە حزبیەكانیاندا یەك دەگرێتەوە؟ كێن ئەو لایەنانەش كە ئەمە بە كارەسات و هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و تێكدانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان دەیخوێننەوە؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە گەڕانەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 11ی نوڤەمبەری 2025 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بەم جۆرە:

یەكەم: شكستپێهێنان بە كارەبای 24 كاتژمێری دروشمی شانازی پێكراوی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، ئەمەش زۆر ڕاشكاوانە لەسەر زاری سەرۆكی یەكێتی و ئەندامانی سەركردایەتییان وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەدەنگی بەرز شانازییان بەوەوە كردووە كە «گازی كۆرمۆر هی خۆیانە، گازەكە دەتەقێننەوە، نەوت ڕادەگرن، ڕێگە نادەن كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنرێت».

ئەم ئامانجە كە وەك خۆی لە ئاكامی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر ویستگەی كۆرمۆر هاتە دی و كوردستان كرا بە تاریكستان، بێدەنگیی ئەو لایەنە و میدیاكانی وەك كاردانەوە و ناڕەزایی و سەركۆنەكردنی ئەم هێرشە لە سەرەتاوە، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ئەو پەندەی پەندەی دەڵێت: «بێدەنگبوون ئاماژەیە بۆ ڕازیبوون»، ڕاشكاوانەتر شێوازی كاردانەوە و مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیاكانی ئەو لایەنە، ئاماژەیەكی زۆر ڕاشكاوانە بوو، بەوەی كە ئەوەی ئەوان دەیانویست، ئەگەر بە دەستی خۆشیان نەكرابێت، بەڵام بە دڵی ئەوانە، كە ئەمەش جێگەی داخێكی زۆر گەورەیە كە بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی گەیشتبێتە ئەو ئاستەی خۆزگە بۆ ئەوە بخوازرێت نیشتمان لە چراخانەوە بكرێتەوە بە تاریكستان.

2. لە بەرانبەردا سەركەوتنی پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری و تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر و دانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی و كردنەوەی چەندین پردی گەورە و ڕێگەی ئۆتۆبانی نێوان شارەكان و مانۆڕی بێوێنەی شۆڤڵ و حەفارەكانیش، دروشمی شانازی پێكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و هەر لەژێر ئەم دروشمەدا خەڵكی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و دووسەد هەزار دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخشی.

ئاكامی هێنانی ئەم متمانە گەورەیەی دەنگدان بە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ دروستكردنی گۆڕانكاریی گەورە لە هاوكێشەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بەتایبەتی كە سەرۆك بارزانی لە ناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكەدا دەستی خستە سەر برینە سەختەكە و ئاماژەی بەوە كرد «پێویستە هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی یاسای ئێستای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەموار بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی غەدرێكی زۆر لە كورسییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات»، بێگومان ئەگەر لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەموار بكرێتەوە، ئەوا یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا بە هەمان شێوە هەموار دەكرێتەوە، هەر بۆیە وەك زۆربەی شرۆڤەكارانی سیاسی و سەربازییش ئاماژەی پێ دەكەن، دەبوو كارێك بكرێت بۆ ئەوەی گەشە و پێشكەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاستەنگی بۆ دروست بكرێت، بۆ ئەمەش باشترین ئامانج ئەو ئامانجەیە كە پڕۆژە نیشتمانی و ستراتیژییە سەركەوتووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێنە ئامانج و هێرشی تیرۆریستی بكرێتە سەریان.

3. لایەنی هەرە سەرنجڕاكێش وەك كاردانەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرانبەر ئەم كارە تیرۆریستییە، پیشاندانی تووڕەیی و ناڕەزایی نەبوو بەرانبەر بە بڕانی كارەبا و ئاستەنگ دروستكردن بۆ كاروباری ڕۆژانەیان، بەڵكو پیشاندانی تووڕەیی و بێزاری بوو بەرانبەر ئەو دەستە تیرۆریستییانەی كە ئەو كارە قێزەوەنەیان ئەنجام دا، لە هەمان كاتدا پیشاندانی تووڕەیی و بێزارییان بوو بەرانبەر ئەو لایەنە سیاسییەی كە چاوی بە ڕووناكیی كوردستان هەڵنایەت و بە ئاشكرا بانگەشە بۆ تێكدان و ئاستەنگ بۆ پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری لە سەرتاسەری كوردستان درووست دەكەن.

ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی خەڵكی كوردستان بەرانبەر تیرۆریستان و ئەوانەی ئامانجیانە ڕووناكیی كوردستان بكوژێننەوە، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە بەرزی سوپاسی ئەو هەڵوێستە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانی كرد، لەسەر ئاستی ڕای گشتیی كوردستان و لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان و لەسەر ئایدیۆلۆژیەتی حزبەكان، پشتگیرییەكی گەورەی پڕۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەرجەستە كرد و، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئەو هەڵوێستەی بەرجەستە كرد كە ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان دژی تیرۆیست و تێكدەرانە و پشتگیری لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە حكومەتی خۆیانە.

ئەم تەفسیرەی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر گازی كۆرمۆر وەك دەقێك خستیە بەردەم هەموو لایەك بە بكەرانی كارە تیرۆریستییەكە و بەوانەشی وایان خوێندەوە ئەگەر بەدەستی ئەوان نەبێت، بەدڵی ئەوانە، لە بەرانبەردا پشتگیریی خەڵكی كوردستان بۆ حكومەتی خۆیان وای كرد كە بكەرانی كارە تیرۆریستییەكە و ئەوانەشی بەو كارە دڵخۆش بوون، وەك نووسەری دەقێك هەوڵ بدەن لەبەر ڕۆشنایی بیروبۆچوونی خوێنەران لەسەر دەقەكە جارێكی دیكە دەستكاریی دەقەكەیان بكەن، بەڵام بەداخەوە ڕووداوێكی كارەستبارتریان لە گوندی لاجان و شارۆچكەی خەبات دروست كرد، كە تەفسیرەكەی بۆ دەقێكی هێندە ترسنۆك و شەرمنە، كە ئەنجامدەرانی كارەساتەكەی گوندی لاجان و شارۆچكەی خەبات، كاتێك ئەو دەقە دەخوێننەوە كە تەفسیری ئەو كارەساتە دروستی كردووە، بە ئاستێك شەرمەزاری بەردەمی گەلی كوردستان بوون، كە ناتوانن هیچ بەرگرییەك لە خۆیان بكەن.

دووەم: خوپیشاندانەكانی لاجان و ئاژاوەگێڕییەكانی خەبات هەوڵێك بوو بۆ پەردەپۆشكردنی كارە تیرۆریستییەكەی كۆرمۆر

دوابەدوای هێرشە تیرۆریستییەكەی وێستگەی كارەبای كۆرمۆر و گەڕانەوەی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ تەواوی كوردستان، تەنیا لە ماوەی 72 كاتژمێردا، لە ناكاو بە ناوی خۆپیشاندانەوە ڕێگە لە تانكەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنیی «پاڵاوگەی لاناز» گیرا و بە بیانووی ئەوەی خەڵكەكە داوای دامەزراندن لەو كۆمپانیایە دەكەن، ئاگر لەسەر ڕێگە سەرەكییەكان دروست بوو، تاقمێكی گێرەشوێنیش بە چەكی جۆراوجۆری وەك «بی كەی سی، ئاڕ پی جی، كلاشینكۆف و دەمانچە» خۆیان تێكەڵاوی خەڵكەكە كرد و هەوڵیان دا، ئاراستەی خۆپیشاندانەكە بقۆزنەوە و بیگۆڕن بۆ ئاژاوە و پاشاگەردانی و ئەمەش تەواوی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.

لەم ڕووداوەشدا با لەوە گەڕێین بكەر و ڕێكخەری ئەم ئاژاوەیە كام لایانانە بوون، بەڵام كەمئەزموونی و نەفەس كورتیی ئەو لایەنانەی لە پشت ڕێكخستنی ئەو كارەسات و ئاژاوەیەوە بوون، گەیشتە ئاستێك كە بینییان هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی پارێزگای هەولێر مامەڵەیەكی مەدەنییانە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەكەن، دەستیان كرد بە ناردنی خەڵكە ئاژاوەگێڕەكانی خۆیان بۆ ناو خۆپیشاندەران و دەستیان بە تەقەكردن لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش كرد، بەو ئامانجەی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش وەڵام بدەنەوە و تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن، بەڵام كە ئەمە ڕووی نەدا و بە لۆژیك مامەڵە لەگەڵ ئەم كارەساتە گەورەیە كرا، هەوڵیان دا بە ڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیا و گواستنەوەی دیمەنی دروستكراو ڕای گشتی بە لاڕێدا بەرن و بارودۆخەكە بتەقێننەوە، بەڵام كە لەم هەوڵەشیان سەركەوتوو نەبوون و لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا بارودۆخەكە ئاسایی بووەوە، قۆناغی دووەمی هەوڵە تێكدەرانەكەیان دەستی پێكرد، كە ئەویش گرتنی ڕێگە سەرەكییەكانی قەزای خەبات و هەڵكوتانە سەر دامەزراوە مەدەنییەكانی ئەو شارە و شكاندنی كامێراكانی تیژڕەویی چاودێری و تاڵانكردنی دووكانی كاسبكارانی قەزاكە بوو، بەڵام لەمەشدا سەركەوتوو نەبوون و توانرا بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ كەسێكی مەدەنی زیانی پێ بكەوێت.

ئەو تەفسیرەی بووەتە دەقێك بۆ ڕووداو و ئاژاوەگێڕییەكانی «لاجان و خەبات» ئەم دیمەنانەی پیشانی خەڵكی كوردستان و عێراق و جیهانیش دا:

1. هاوكات لەگەڵ ڕووماڵی چەواشەكارانەی هەندێك میدیا و سۆشیال میدیا لە كوردستان بەگشتی و كەناڵی هەشت و سۆشیال میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەناڵەكانی بەرەی مقاوەمەی شیعە كە پێیان دەگوترێت «لەیاسادەرچوو»، ڕاستەوخۆ ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەیان دەگواستنەوە كە بەتایبەتی لە كەناڵی هەشت و سۆشیال میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەگواسترانەوە و هێرشی زۆر توند و نامرۆڤانە دەكرایە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و هەولێر، وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان.

2. بەشداریی كارای كادرانی یەكێتی لەو دەڤەرە بە چەكی قورسەوە، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و هەڕەشەكردن لە تەقاندنەوەی پاڵاوگەی «لاناز» و هەروەها بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی سووتاندنی كامێراكانی چاودێری و سووتاندنی دامەزراوە مەدەنییەكانی قەزای خەبات و دزینی پارە و دیكۆمێنتەكانی ئەو دامەزراوانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر دووكانی كاسبكاران بۆ دزی و تاڵانكاری.

3. بە هەماهەنگیی ئاشكرای نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كەناڵەكانی بەرەی مقاوەمەی شیعە، یان ئەوانەی هاوسۆزییان لەگەڵ بەرەی مقاوەمە هەیە، بە دەیان مێزگردی تەلەفزیۆنییان لەسەر ڕووداوەكانی لاجان و خەبات ڕێك خستبوو، ئەو میوانانەی بانگ دەكران بۆ ئەم مێزگردانە لایەنێكی عەرەبی شیعەی وەلائی لەگەڵ كادێرێكی پێشكەوتووی یەكێتی ئامادە بوون، پێشەكیی بەرنامەكان بە جۆرێك دەهۆنرایەوە وەك ئەوەی هێزە چەكدارەكانی كوردستان بە تانك و هەمەر و زرێپۆشەوە هێرشی سەربازییان بۆ سەر گوندی لاجان ئەنجام داوە و خەڵكەكەیان ڕاگواستووە.

4. لە گواستنەوەی دیمەنی ئاژاوەگێڕییەكانی ناو قەزای خەباتدا سەرەتا لە میدیا و سۆشیال میدیای یەكێتییەوە بەوجۆرە وێنەی ئەو كارە تێكدەرانەیە كرا، كە جەماوەری قەزای خەبات لە پارتی ڕاپەڕیون و دامەزراوە حكوومییەكان دەسووتێنن و دەستخۆشییان لێ دەكرا، بە ئاستێكی زیاتر لەمە لە ناو میدیا و سۆشیال میدیای لایەنەكانی بەرەی مقاوەمەی شیعە بڵاو دەكرانەوە و زۆر بە توندی پێداگرییان لەوە دەكرد، ئێستا لەسەر شەقامەكانی هەولێر لاشەی كوژراوی خۆپیشاندەران كەڵەكە بوون.

5. كاتێك بۆیان دەركەوت حكومەت و هەرێمی كورستان كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكەیان كردووە و ڕێگە نادەن سەر بكێشێت بۆ ئاژاوە، كادرانی یەكێتیی نیشتمانی پەیوەندییان بە سەرانی حەشدی شەعبییەوە كرد كە هەوڵ بدەن هاوكارییان بكەن بۆ ئەوەی هێرش بكرێتە سەر هەولێر، ئەم لێدوانانە زۆر بە ڕاشكاوانە لە كەناڵی «عەهد» نزیك لە فەسائیلی ئەهلی هەق و كەناڵی «سابرین نیوز» نزیك لە گرووپە چەكدارە لەیاسادەرچووەكان بڵاو كراونەتەوە، بەڵام دەركەوت هێزەكانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان پەندیان لە داستانەكانی «پردێ و مەحموودیە و سحێلا»ی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر وەرگرتووە و هەستیان كردووە هێرشكردنە سەر هەولێر پاروی ئەوان نییە و قەپ لەو پاروە بگرن، پێی دەخنكێن.

لە ناو ئەم دیمەنە تێكدەرانانەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بە لۆژیكانە ڕیسەكەی یەكێتی و هاوپەیمانەكانی لە بەرەی مقاوەمە كردەوە بە خوری و، لە هەڵمەتێكی شێرئاسادا هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی كوردستان هەموو ئەو ئاژاوەگێڕانەیان دەستگیر كرد كە بەداخەوە هەموویان كادری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون و یەكێكیان كە ئێستا ددانپێدانانەی لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە بڵاو كراوەتەوە، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە. لەمەش خراپتر تەنیا لەبەر ئەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناو هەولێری پایتەخت دروست بكرێت، ئەو حزبە موڵەتی بە كادرەكانی خۆی داوە لەو ئاژاوەگێڕییەدا هەرچی دەدزن بۆ خۆیان بێت، هەر وەك ئەو كەسەی 30 هەزار دۆلارەكەی قاسەی فەرمانگەی كارتی نیشتمانیی قەزای خەباتی دزیوە و دوای ئەوەی پارەكەی داوە بە ئۆتۆمبیلێك و ئاشكرا بووە، هەروەها ئەوی دیكەشیان كە بە زێڕی دزراوی ماڵانەوە و بە زێڕەكەوە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كرا.

سێیەم: چپەی ناو تەفسیری دەقە نووسراوەكان

بیرمەندنی گەورەی فەرەنسی میشێل فۆكۆ لە كتێبی «سیستمی گوتار»دا، فێرمان دەكات چۆن گوێ بۆ چپەی ئەو وتارانە بگرین كە دەنگی بەرزی گوتارەكان ڕێگرن لەوەی گوێمان لێی بێت، هەروەها لە كتێبی «ئەركیۆلۆژیای مەعریفە» فێرمان دەكات، چۆن تەفسیری دیكۆمێنتە نووسراوەكان دووبارە بێنینەوە گۆ و گوێیان لێ بگرین، كە چۆن دیكۆمێنتە بێدەنگكراوەكان ڕاستیی ڕووداوەكانمان بۆ دەگێڕێنەوە.

بۆیە كاتێك بەم میتۆدە بەیاننامە شەرمنانەكەی مەڵبەندی 3ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پینەكردنی لێدوانی ددانپێدانانی كادرەكانیان بەو كارە شەڕانگێزییانە دەخوێنینەوە، دەگەینە ئەو ئاكامەی كە ئەو بەیاننامەیە و ئەو لێدوانانەشی بەرپرسەكانیان لە میدیاكان لەسەر ئەم ڕووداوانە دەیدەن، هەمووی لە پێناوی ئەوەیە گوێمان لەو چپانە نەبێت كە ئێستا لە ددانپێدانانی ئاژاوەگێڕان بە تاوانەكانیان بە دەنگی بەرز پێمان دەڵێت. هەروەها هەوڵێك بۆ دروستكردنی چینێك و پەردەیەك لەسەر ئەو دیكۆمێنتەی كە لە ناو ئاژاوەگێڕییە هاتووەتە دەرەوە و دەیەوێت وەك خۆی بە دەنگی بەرز ڕاستییەكانمان بۆ بگێڕێتەوە.

بەداخەوە ئەو دیكۆمێنتەی لە ناو گێژاوی ئەم شەڕەنگێزییە هاتووەتە دەرەوە و پەردەی لەسەر هەڵماڵراوە، پێمان دەڵێت: «گوتاری سیاسیی ئێستای بەشێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ گوتاری ئەو گرووپ و لایەنانە هاوئاوازە كە چاویان بە سەقامگیری و ئاسایشی كوردستان و مانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت»، لەمەش زیاتر ئەو ئامادەباشییەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامیی كوردستان و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان هاوپەیمان و دەست لە ناو دەستن و لەم پێناوە هەرچییان پێ بكرێت، درێغی ناكەن.

چوارەم: سەركەوتنی هێزی لۆژیك و دەركەوتنی پرشنگی خۆر

هاوكات لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دران، ڕۆژی 3ی كانوونی یەكەمی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی ڕێوڕەسمی كردنەوەی گەورەترین كونسووڵخانەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو و، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە لە سەرانسەری هەموو پارێزگاكانی عێراقدا هەرێمی كوردستان و هەولێری پایتەخت متمانەپێكراوترین و سەقامگیرترین ناوچەن و شایەنی ئەوەیە كە گەورەترین كونسووڵخانەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان لەم پایتەختەدا بكرێتەوە.

پەیام و دیدگای واشنتۆن لەسەر زاری مایكڵ ڕێگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كە بە ئاشكرا بە گەلی كوردستان و عێراقییەكان و تەواوی جیهانی ڕاگەیاند، ئەم خاڵە سەرەكییانە بوو:

1. هەرێمی كوردستانێكی بەهێز لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا، كۆڵەگەی سەرەكیی سیاسەتی داهاتووی ئەمریكایە بەرانبەر دەوڵەتی عێراق.

2. دەبێت هەرێمی كوردستان دەروازەی سەرەكی بێت بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی ئەمریكا بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق.

3. دەبێت هەرێمی كوردستان هاوكارێكی ڕاستەقینە بێت بۆ كۆتاییهێنان بە گرووپ و میلیشیای چەكداری لە یاسادەرچوو لە تەواوی عێراقدا.

4. دەبێت حكومەتی عێراق بە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندن كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.

لە هەمان كاتدا دیدگای هەولێر بۆ سیاسەتەكانی ئیدارەی ترەمپ كە لەسەر زاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی كوردستانەوە لە مەراسیمەكە خرانەڕوو بریتی بوون لە:

1. دۆستایەتیی ئاستبەرزی نێوان هەولێر و واشنتۆن بەرهەمی سێ دەیە زیاتری پێكەوە كاركردن و متمانە دروستبوونە لە نێوان هەردوولادا.

2. لە ئێستادا كە بەرەو پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق نزیك دەبینەوە، هەرێمی كوردستان هیوا دەخوازێت كە ئەمریكا ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت لە جێبەجێكردنی دەستوور و بونیادنەوەی وڵاتێكدا كە پێكهاتەكان بتوانن بە خۆشگوزەرانی تیایدا بژین، لەمەش زیاتر ئومێدەوارین مارك ساڤایا كە نوێنەری تایبەتیی سەرۆك ترەمپە بۆ عێراق، ڕۆڵی خۆی لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بگێڕێت.

3. هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە سیاسەتەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و پشتگیری لە پرانسیپی «ئاشتی بە ڕێگەی هێز» دەكات و دەیەوێت پەرەپێدان لەسەر بنەمای «بڕوابوون بە بازرگانی، نەك شەڕ و كێشە» زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و كوردستان زیاتر ئاوەدان بكرێتەوە.

ئەم هاوئاهەنگی و هاریكارییە ئاست بەرزەی لە نێوان ئیدارەی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان بە كردنەوەی گەورەترین كونسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر خۆی نمایش كرد، بە گەیشتنی مارك ساڤایا وەك نوێنەری تایبەتی سەرۆك ترەمپ بۆ عێراق، دەكەوێتە واری كردارییەوە و ناوی لێ نراوە «سیستمی تازەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ بەپێستی ناوچەكە»، بێگومان ئەوەی نوێنەری تایبەتی سەرۆك ترەمپ لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت بۆ ئێرە، سیستمێكی تازە دەبێت و پڕ بە پێستی ئەو عێراقە دەبێت كە ترەمپ ئومێدی بۆ دەخوازێت.

Top