چیرۆكی سەركەوتنی دایكێكی زەحمەتكێش

چیرۆكی سەركەوتنی دایكێكی زەحمەتكێش

 

 

زۆرن ئەو كچانەی كە خوێندنیان لە بوارێكدا تەواو كردووە و بوونەتە خاوەن بڕوانامە، بەڵام لەلایەن خانەوادەكانی خۆیان، یان هاوسەریان ڕێگری لە دامەزران و كاركردنیان كراوە. ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی نەریتی (بە كوردستانیشەوە) زۆر باوە و بە یەكێك لە كۆسپە سەرەكییەكانی بەردەم سەربەخۆیی ئابووریی ئافرەتان دادەنرێت. یەكێك لەو خانمانەش كە هەمان چارەنووسی هەبووە، باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئافرەتێكی تەمەن 41 ساڵەی باڵا مامناوەندە و خۆی بە چیمەن دەناسێنێت. وەك خۆی باسی دەكات، دەرچووی ئامادەیی پەرستارییە و بە هۆی نەریتی كۆمەڵگە و ڕێگریی بنەماڵەكەی دانەمەزراوە و وەكو ئافرەتی ماڵەوە درێژەی بە ژیان داوە. دووانەیەكی كچی 12 ساڵانی هەیە، چیمەن بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی دەكات: «من دەرچووی ئامادەیی پەرستارییم، بەڵام بە هۆی نەریتی كۆمەڵگە، باوكم و براكانم نەیانهێشت دابمەزرێم و لە نەخۆشخانەیەك كار بكەم، كە هاوسەرگیریشم كرد، ئەویش ڕازی نەبوو لە نەخۆشخانە كار بكەم، بۆیە هەمیشە هەستم دەكرد، ماندووبوونم بەفیڕۆ چووە و بڕوانامەكەم سووتاوە. كاتێكیش هاوسەرگیریم كرد، سەرەتا وامدەزانی هاوسەرەكەم باشترین و پاكترین پیاوی سەر زەوییە، زۆرم خۆش دەویست و زۆر گوێڕایەڵی بووم. هەرچی ئەو بیگوتبا و بیویستبا نەمدەگوت نا، بەڵام وردە وردە خوە خراپەكانی بە دەردەكەوتن، كە دركیشم بەوە كرد، كار لە كار ترازا بوو، من بە دووانەكەم دووگیان بووم، ئیدی لەگەڵی ژیام، تا كچەكانم گەورە بوون و بەپێ دەڕۆیشتن، بەڵام هاوسەرەكەم ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبوو. زۆری بێ ڕێزی پێ دەكردم، ڕۆژانە بەشم جنێو و سووكایەتی و لێدان بوو، ناچار لای براكانم سكاڵام كرد، چونكە ئەوكات باوكم لە ژیاندا نەمابوو، داوام كرد جیا ببمەوە، براكانم زۆریان پێ باش بوو، لەو پیاوە خراپە جیا ببمەوە، بەڵام مەرجی ئەوەیان هەبوو كە نابێت منداڵەكانم بەخێو بكەم، زۆر هەوڵمدا بەڵام ئەوان ڕێگەیان نەدام، گوتیان تۆ جوان و جاحێڵی و قسەی خەڵك ڕەحم بە كەس ناكات، بێوەژنی بەو تەمەنەوە زۆر زەحمەتە، منیش بیرم كردەوە، ئەگەر كچەكانم بدەم بە باوكێكی ئاوا كە هەرگیز نەیزانیوە بەرپرسیارێتی و پارێزگاریكردن لە ژن و منداڵ چییە، ئەوا تا دەمرم، ویژدانم ئاسوودە نابێت و دڵم هەر لەلایان دەبێت، بۆیە بەو پەڕی بەرپرسیارێتی بڕیارمدا، ئەوەندە تەمەنەی ماومە، بیكەمە قوربانی بۆ كچەكانم و حیسابی مردوویەكیشم بۆ هاوسەرەكەم كرد، ئەگەرچی تائێستاش هەر خۆشم دەوێت، بۆیە جارێكی دیكە بیرم لە تەڵاق و جیابوونەوە نەكردەوە، هاوسەرەكەشم ئیستیغلالی وەزعەكەی كرد و زانی هەرچی بكات، من لێی جیانابمەوە، ئەوەی خراپ بوو بەرامبەر بە من دەیكرد، سووكایەتی و بێڕێزیی وای پێكردووم لە ڕووم نایەت بیگێڕمەوە، قسەی وای پێ دەگوتم، بە یەك گوللە هەبوو، خوا لێم هەڵناگرێت بۆ منداڵەكان بەو ڕاددەیە خراپ نەبوو، منیش لەبەر چاوی منداڵەكانم، چاوم هیچ كەسێكی نەدەدیت و بۆ ئەوان دەژیام. بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ داهاتێكم نەبوو وەزعی مەعیشەتمان زۆر خراپ بوو، منداڵەكانم بە كۆنە جلی خەڵك گەورە كرد، دواجار دەستم دایە خەیاتی و شەو و ڕۆژم خستنە سەر یەك تا ژیانێكی شەرەفمەندانەم بۆ خۆم و منداڵەكانم دروست كرد، ساڵانێك تێپەڕین و هاوسەرەكەم لە پڕ دیار نەما. لە نەخۆشخانە و بەندیخانەكانیش گەڕاین، نەماندۆزییەوە، دواجار گوتیان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر گیراوە و بە 15 ساڵ زیندانی حوكم دراوە. دوای دەستبەسەركردن و حوكمدانی هاوسەرەكەم، ڕۆژێك برا گەورەكەم هات و پارێزەرێكی لەگەڵدا بوو، پێی گوتم: تا ئێستا لەبەر خاتری منداڵەكان لە ڕەفتارە ناشیرینەكانی ئەو پیاوە بێدەنگ بووین، بەڵام بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین، دوای ئەو هەموو خراپەیەی بەرامبەر بە تۆی كرد، بچیتە بەر دەرگای زیندانەكان، ئیدی لێی جیابوومەوە، تەنانەت لەبەر باری دەروونی منداڵەكان گوتوومە باوكتان سەفەری كردووە و نەمگوتووە لە زیندانە، ئێستاش ئەو ڕۆژانە تەواو بوون كە باجی كۆمەڵگە و كەسوكار و هاوسەری خراپ بدەم، ئێستا بۆخۆم و منداڵەكانم دەژیم و جگە لە خەیاتی، لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلیش كاردەكەم و شوكر بۆ خوا خۆم و منداڵەكانم لە هیچمان كەم نییە و جگە لە خوای گەورە موحتاجی دەستی كەس نین».

 

چیرۆكی سەركەوتنی دایكێكی زەحمەتكێش
چیرۆكی سەركەوتنی دایكێكی زەحمەتكێش
Top