سارا ئەحمەدیان بۆ گوڵان:ئافرەتانی كوردستان لە هونەری مۆسیقادا شوێنپەنجەیان دیارە

سارا ئەحمەدیان بۆ گوڵان:ئافرەتانی كوردستان لە هونەری مۆسیقادا شوێنپەنجەیان دیارە

سارا ئەحمەدیان یەكێك لە ئەندامە چالاكەكانی گرووپی مۆسیقای كوردانی كرماشان، بەردەوام كار و چالاكییەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجام دەدەن. ئەم گرووپە بەتایبەتی گرنگی بە گۆرانییە ڕەسەنەكانی ناوچەی كرماشان و تەواوی كوردستان دەدەن، و بەكارهێنانی ئامێرە مۆسیقاییە كوردییە ڕەسەنەكان تایبەتمەندییەكی جیاوازی پێ بەخشیون.

سارا بۆ ماوەی چەند ساڵێكە بە شێوەیەكی بەردەوام خەریكی كاری گۆرانی و مۆسیقایە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان. لە دەرفەتێكدا، چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد.

*سەرەڕای ئەو چەرمەسەری و كێشانەی هەن، ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چۆن سەركەوتوو بوون لە بواری هونەریدا؟

-ئافرەتان لە ڕۆژهەڵات زۆر زەحمەتیان كێشاوە لە بواری هونەردا، بەتایبەتی هونەری مۆسیقا، چ ئەوانەی تەمەنیان كەمە و چ ئەوانەی تەمەنیان زیاترە، چونكە ئەم هونەرە لە بوونیاندا هەیە و بەڕاستی لەسەر ئەم هەموو زەحمەتە دەبێت حەتمەن بگەنە ئەو شوێنەی كە شایستەیانە، هەروەها ئەو هەست و بەهای هونەرییانەی كە هەبووە، بە بڕوای من هیچ كەسێك جیاواز نییە، بێجگە لەوەی كە تێكۆشانێكی زۆریان هەبووە، ئەمەش بە هەموو كەسێك سەلمێندراوە كە ئافرەتە گەنجەكان لەم ساڵانەدا زۆر هەوڵ دەدەن هونەری مۆسیقای كوردی بپارێزن ووەك جاران ئافرەتانی هونەرمەند بەرەوپێش بچن.

سارا ئەحمەدیان بۆ گوڵان:ئافرەتانی كوردستان لە هونەری مۆسیقادا شوێنپەنجەیان دیارە

*گرووپە موزیكییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چ ڕۆڵێكیان لە پێشخستنی هونەری كوردیدا هەبووە؟

-گرووپەكانی وەك كامكاران و عەندەلیبییەكان، بەڕاستی بە نیشاندانی هونەرەكەیان بە هەموو جیهان، ڕێگەیان كردەوە بۆ كەسانی تر، تا درێژە بە كارەكانیان بدەن. ئەم مامۆستایانە نموونەن بۆ هەموو ژەنیارانی مۆسیقا، چ لەسەر هونەر و چ لەسەر ئەخلاقی هونەری، نموونەیان زۆرتر بێت كە جێگەی شانازین بۆ هەموو كورد و كوردستان.

*پێتوایە ئافرەتی كورد لە كام پارچەی كوردستان زیاتر توانیویانە شوێنێكی بەرچاو لە گۆرانی و موزیكدا بۆ خۆیان بكەنەوە؟

-ئافرەتان لە هەر چوار پارچەی كوردستان توانیویانە لە هونەری مۆسیقادا شوێنپەنجەیان دیار بێت و كارەكانی خۆیانیان بە باشترین شێوە بەرەوپێش بردووە. بەڵام لە ڕۆژهەڵات لەسەر ئەوەی كە پەیوەندییان لەگەڵ شارە گەورەكانی ئێراندا زۆرترە و لەبەر ئەوەی مامۆستای زۆر تایبەت لە ئێراندا هەیە، ئافرەتان بە پشتیوانی هونەری مۆسیقا لەلای ئەوان زیاتر خۆیان بەرەوپێش دەبەن و گەشە دەكەن.

سارا ئەحمەدیان بۆ گوڵان:ئافرەتانی كوردستان لە هونەری مۆسیقادا شوێنپەنجەیان دیارە

*ئەو هونەرەی ئێستا پێشكەش دەكرێت، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

-مۆسیقای كوردی تێكەڵ بە مۆسیقاكانی دیكە بووە. لە كارەكانماندا ئەگەر مۆسیقای كوردی پێشكەش كرابا، زیاتر لە مۆسیقای فۆلكلۆری یان سوننەتی یان مەقامییەوە نزیكتر بوو، بەڵام ئێستا لە مۆسیقای پاپەوە نزیكترە، ئەمەش بە بڕوای من لەبەر ئەوەیە كە لە نێو گەنجاندا حەزیان بە مۆسیقای پاپ زیاتر بووە، بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو مۆسیقا كوردییە ڕەسەنایەتیی خۆی بپارێزێت و جێگەی خۆی هەبێت.

*ئایا مۆسیقای فارسی كاریگەریی لەسەر مۆسیقای كوردی ڕۆژهەڵات هەبووە، یان بە پێچەوانەیە؟

-بەڵێ، بەڕاستی دەتوانین بڵێین كە هەردوو مۆسیقای فارسی و كلاسیكی ئێرانی كاریگەرییان بەسەر مۆسیقای كوردییەوە هەبووە، هەروەها مۆسیقای كوردیش بەسەر مۆسیقای ئێرانیدا، چونكە ئێمە دەبینین كە مەقامەكانی كوردی لە مۆسیقای ئێرانیدا ڕێگەیان كراوەتەوە و دەزگاكانی مۆسیقای ئێرانیش لە مۆسیقای كوردیشدا هەر وایە. لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین مۆسیقای كوردی زیاتر كاریگەریی بەسەر مۆسیقای ئێرانیدا هەبووە، چونكە ڕیشەی زیاتری هەیە و مامۆستا گەورەكانی لەم ڕێگەیەدا زەحمەتیان كێشاوە كە مۆسیقای كوردی بپارێزن.

*بۆ پێشخستنی هونەری كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێویستیتان بە چییە؟

-یەكەم شت ئەوەیە كە لە مامۆستا گەورەكانەوە بتوانین مۆسیقای كوردی فێر ببین، ئەوەش بەوەی كە ڕێگەی پەیوەندیكردن و هاتووچۆمان بەردەوام بێت بۆ هەرچوار پارچەی كوردستان، تا بتوانین ئەو هونەرە فێر بكەین. بەڕاستی من خۆم كاتێك كە دەچمە فێستیڤاڵەكانی كوردستان، گرووپەكانی تەواوی كوردستان دەبینم و لە هەموو كەسێك شتێك فێر دەبم، ئەوە لە ژیانی هونەریی مندا زۆر زۆر كاریگەریی هەبووە، دەبێت بە هاتووچۆی زیاتر هونەرمەندان یەكتری بناسن و كارەكانیان بە یەكتری نیشان بدەن.

Top