د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئامانجی بازنەی گفتوگۆ ئەوەیە هەموومان بە كۆی جیاوازییەكانمانەوە پێكەوە بیر بكەینەوە و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزینەوە

د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئامانجی بازنەی گفتوگۆ ئەوەیە هەموومان بە كۆی جیاوازییەكانمانەوە پێكەوە بیر بكەینەوە و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزینەوە

 

 

د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرپەرشتیاری «بازنەی گفتوگۆ»یە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ» دا (خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە)، لە پەیڤێكدا زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بۆچی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بیری لەوە كردەوە ئۆرگانێكی سەربەخۆ بە ناوی «بازنەی گفتوگۆ» دابمەزرێنت.

 

لە دەستپێكی پەیڤەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردوەوە كە بازنەی گفتوگۆ لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنیدا هەتا ئێستا 35 گفتوگۆی ڕاشكاوانەی لەسەر پرسە گرنگەكانی تایبەت بە كێشەی خاك و نیشتمان و خواست و داواكردنی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی شایستە لەلایەن حكومەتەوە بۆ هاووڵاتیان بەڕێوە بردووە، ئەم گفتوگۆیانەش جیا لەوەی مانگانە لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو كراونەتەوە، لە هەمان كاتدا هەر شەش مانگ جارێك ئەم گفتوگۆیانە لە دووتوێی دوو كتێبی قەوارە گەورەدا بە هەردوو زمانی «كوردی و عەرەبی» چاپ دەكەین و لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا دوای ڕێزلێنان لە بەشداربووانی گفتوگۆكان، بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەكرێن.

لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدا و سەبارەت بە كەمبوونەوەی ژینگەی گفتوگۆی ساخڵەم و تەندروست لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن گوتی: «بە داخەوە ئێستا لە كوردستاندا پانتایی و بیاڤی گفتوگۆ وەك پێویست نییە، ئەم ململانێ سیاسییەی لە نێو حزبەكانی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت، بەداخەوە وەك پێویست دەرفەتی بۆ گفتوگۆیەكی ئارام و زانستییانە نەهێشتووەتەوە، بۆیە وەك بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی پارتی كوردستان، بە پێویستمان زانی بیر لە دامەزراندنی ئۆرگانێكی سەربەخۆ بەناوی بازنەی گفتۆگۆ بكەینەوە، بۆ ئەوەی لە ناو ئەم پلاتفۆرمە كراوەیەدا، پانتاییەك فەراهەم بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین بیر بكەینەوە، لە فەراهەمكردنی ئەم پلاتفۆرمەشدا نەمانوویست بە تەنیا خۆمان وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بیر بكەینەوە و بابەت و گرفتەكان شەنوكەو بكەین، بەڵكو ویستمان بەرانبەرەكانیشمان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە، بە جیاوازیی دید و تێڕوانین و ئایدیۆلۆژیەتی جیاوازیان، پێكەوە گفتۆگۆی ڕاشكاوانە بكەین و، پێكەوە بیربكەینەوە بۆ ئەوەی میكانیزمی جیاواز، پێشنیاری دروست، بەرهەم بهێنین و پێشكەشی حكومەت و دامەزراوە شەرعییەكانی ئەم نیشتمانەی بكەین و هاوكار و ڕاوێژپێدەریان بین لە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەی خۆماندا».

سەبارەت بە هەڵوەستەكردن لەسەر كۆی كێشەكانی «سیاسی، ئابووری، حوكمڕانی، ئالنگاری لەسەر ئاسایشی نیشتمانی»، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە «هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵێك بواردا هەنگاوی مەزنی بۆ پێشەوە هەڵگرتووە، بەڵام لە هەمانكاتدا گرفت و ئاریشەی قووڵیشمان لە كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی هەرێمیماندا هەیە، بڕوامان بەوەیە كۆی كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، ئەم بڕوایەمان لە دروشمەوە كردووەتە بڕیار، ئێستا بەرهەمی 35 گفتوگۆی ڕاشكاوانە و پێنج كتێبی قەوارە گەورەمان پێشكەشی كتێبخانەی كوردستان كردووە و كتێبی شەشەمیش كاری تێدا دەكرێت و دوای كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی بازنەی گفتوگۆ، ئەویش دەبێتە كتێبی شەشەم و پێشكەشی دەكەین، ئەم پرسە گرنگەی ئەمڕۆ گفتوگۆی لەسەر دەكەین، پرسی «خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە»یە، بابەتێكی زۆر گرنگە و قسەی زۆر و دید و تێڕوانینی جیاواز لەخۆی دەگرێت، بۆیە داواتان لێ دەكەین، لەبەر ئەوەی ئێوەی بەڕێز هەریەكەتان ڕۆڵی كاریگەرتان لە كایەكانی ئەم سێكتەرە گرنگەی خوێندنی باڵادا هەیە، هەرچی هەیە لە بارەی كێشە و گرفتەكانی ئەم سێكتەرەوە هەمووی بە ڕوونی و ڕاشكاوی و زوڵاڵی بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی بتوانین وێنەی ڕاست و ڕاشكاوی ئەم پرە و گرفتەكان چۆنن، وەك خۆی بیانخەینە ڕوو و ڕاستیی ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە بخەینە بەردەستی خوێنەران و حكومەت و دامەزراوە شەرعی و پەیوەندیدارەكانی خۆمان».

لە دوایین پەیڤیدا كە دوای تەواوبوونی ئەم گفتوگۆیە پێشكەشی ئامادەبووانی كرد، هەڵوەستەی لەسەر دوو خاڵی گرنگ كردەوە و لەسەر ئەم دووخاڵە گرنگە گوتی: «لەم گفتوگۆیەدا بەڕێز د.عیسمەت محەمەد خالید وەزیری پەروەردە لە كابینەی حەوتەم و دامەزرێنەر و سەرۆكی زانكۆی دهۆك، دەستی خستە سەر ئیشكالییەتی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەوەی پێویستە ئەم دوو وەزارەتە بدرێنە خەڵكانی تەكنوكرات و پسپۆڕ و لە ململانێی سیاسیی بهێنرێنە دەرەوە، بۆیە ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگ بوو، گرنگە ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ ئەم پرسە زۆر بە جددی گەنگەشە بكەن و زەمینەی بۆ ساز بكەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی بۆ ڕێك بخەن، هەروەها د.شنۆ محەمەد غەفوور كە وەك نوێنەری زانكۆی كەركووك لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵمان بەشدار بوو، زۆر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستان پێداگری لەسەر خوێندنی وانەی كوردۆلۆژی لە كۆلیژەكانی زانكۆی كەركووك بكاتەوە، لەسەر ئەم پرسەش بێگومان وەك هەموو لایەك ئاگادارن، هەر لە ساڵی 1970وە و لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی ئاداری نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حكومەتی عێراق، هەروەها لە دوای ساڵی 2005 و پەسەندكردنی دەستووری عێراق، كوردۆلۆژی وانەیەك بووە و دەبێت لە كۆلێژەكاندا بخوێنرێت، بۆیە ئەگەر ئێستا لە زانكۆی كەركووك ئەمە فەرامۆش كراوە، زۆر گرنگە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان پێداگریی لەسەر بكاتەوە.

 

Top