شکستی پیلانگێڕان و پەیامی یەکلاکەرەوەی لاجان: دواین بزمار لە تابووتی دەستە دەرەکییەکان
ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی لاجان، دەریانخست کە پیلانگێڕییەکە زۆر لەوە قوڵتر بوو، ئامانجەکە لێدان بوو لە یەکڕیزیی كۆمەڵایەتی و سیاسی ناوچەکە و دروستکردنی کەلێن لە نێوان چین و توێژەکاندا.
بەڵام هەڵوێستی وەفادارانە و بەکۆمەڵی خەڵکی لاجان بۆ پارتی، پەردەی لەسەر ئەو شانۆگەرییە لابرد.
ئەوان دەیانویست پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم عەشیرەتە تێکۆشەرە بۆ مەرامی سیاسی و تێکدەرانە بەکاربهێنن، بەڵام خەڵکەکە بە هەڵوێستەکانیان و هوشیاریان ئەو دەستانەیان لەت و پەت کرد، بەوپێیەی ئاماژە و شێوازی خۆپیشاندانەکان بە تەواوی ئاراستەکەیان ڕوون و ڕەوان بوو کە دەستی لە پشتە و مەرامی دیکەی هەیە، بە تایبەتیش دیمەنی سووتاندنی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت بە تەواوی دەرخەری ئەو ڕاستییانە بوون.
ئەنجامەکانی دواین هەڵبژاردنیش، لە گوندی (لاجان)، وەڵامێکی کەمەرشکێن و "نەخێر"ێکی گەورەیە بەڕووی هەموو ئەو پیلانە ئاڵۆزانەی کە بە دەستی دەرەکی و جێبەجێکاری ناوخۆیی داڕێژرابوون. کاتێک حزبێک هەموو دەنگەکانی ناوچەیەک بەدەست دەهێنێت، ئەوە پەیامێکە بەو مانایەی کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بە تەواوی وشیارن لەوەی کێ دۆستە و کێ دوژمن و ڕێگە نادەن هیچ کەسێک یاریی بە چارەنووسیانەوە بکات.
دەرەنجامەکان دواین بزمار بوون لە تابووتی پیلانگێڕان دا. ئەو کارتانەی کە ساڵانێک بوو هەوڵیان دەدا نمایشی پێوە بکەن و خۆیان وەک نوێنەری ناڕازییەکان دەربخەن، هەموویان سووتان. سووتانی ئەم کارتانە هێندە کاریگەر بوو کە بۆ لەمەودوا هیچ کەس و لایەنێک "جورئەت"ی ئەوە ناکات جارێکی تر بەناوی هەرکییەکان یان دانیشتوانی دڵسۆزی ناوچەکەوە قسە بکات یان هەوڵی بازرگانیکردن بە چارەنووسیانەوە بدات. ئەوەی ڕوویدا پاککردنەوەی مەیدانەکە بوو لەو دەنگە ساختانەی کە دەیانویست مێژووی پڕ سەروەری ناوچەکە لەکەدار بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆڵی ئەو میدیا ئاراستەکراوانەی کە بووبوونە بەشێک لەم پیلانە، جێگەی هەڵوەستە و شەرمەزارییە. هەمان ئەو کەناڵ و پەیجانەی کە پێش سێ مانگ، بە شانازی و خۆشحاڵیەوە دیمەنی ئاگرتێبەردان و سووتاندنی گەنجانی شارەکەیان لە سلێمانی دەگواستەوە و هانی توندوتیژییان دەدا، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵیان دا ژەهری دووبەرەکی بڕێژن و دیمەنەکە شێواو نیشان بدەن. بەڵام وشیاری خەڵک و دەرکەوتنی ڕاستییەکان وایکرد کە ئەوانیش "ڕیسەکەیان ببێتەوە بە خوری". خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی دانیشتوانی لاجان، زۆر لەوە وشیارترن کە بکەونە داوی میدیایەک کە نانی لەسەر خوێن و ئاژاوە بێت.
لە کۆتاییدا، وانەی سەرەکی لەم ڕووداوە ئەوەیە کە هیچ پیلانێکی دەرەکی، هەرچەندە بە وردی داڕێژرابێت و هەرچەندە میدیای چەواشەکار پشتیوانی لێ بکات، ناتوانێت بەرگەی ئیرادەی ڕاستەقینەی جەماوەر بگرێت.
ئەمە کۆتایی یارییەکە بوو بۆ ئەوانەی خەونیان بە لاوازکردنی پێگەی جەماوەریی ناوچەکەوە دەبینی؛ ئێستا ڕوون بووەوە کە ئەوان لە دەرەوەی بازنەی مێژوو و متمانەی خەڵکدان و دەبێت قبوڵی بکەن کە پڕۆژەکەیان بۆ هەتاهەتایە شکستی هێنا.

فرسەت سەید شکور