خالید بادی نووسەر و ڕووناكبیر لە دهۆك: تواناسازی نەتەوەیی لە ڕێگەی خوێندنی باڵاوە پێویستە كوالێتی زانستی و پراكتیكی بەرز بكرێتەوە و مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی بپارێزرێت و لە پڕۆگرامەكاندا جێگیر بكرێت

خالید بادی  نووسەر و ڕووناكبیر لە دهۆك:  تواناسازی نەتەوەیی لە ڕێگەی خوێندنی باڵاوە پێویستە كوالێتی زانستی و پراكتیكی بەرز بكرێتەوە و مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی بپارێزرێت و  لە پڕۆگرامەكاندا جێگیر بكرێت

 

بایەخی خوێندن و پەروەردە وەك پایەیەكی سەرەكی بۆ مانەوە و پێشكەوتنی گەلان، لە قسەیەكی گشتی و جیهانیدا، بە شێوەیەكی زۆر كاریگەر دەردەكەوێت. لە یەكێك لە زانكۆكانی باشووری ئەفریقا، لەسەر تابلۆیەكی گەورە لەسەر دیوارێكدا بە عەرەبی نووسرابوو: «هدم الأمم والشعوب لا یحتاج إلی قنابل أو صواریخ بل یحتاج إلی سوء التعلیم والتربیة»، واتە (ڕووخاندنی گەلان و نەتەوەكان پێویستی بە بۆمب و مووشەك نییە، بەڵكو پێویستی بە خراپی خوێندن و پەروەردە هەیە). ئەمە ڕاستییەكە دەریدەخات كە ئەگەر بمانەوێت نەتەوەیەك نەهێڵین، یان دواكەوتووی بكەین و تووشی جاهیلییەتی بكەین، تەنیا پێویستە گرنگی بە خراپیی زانست و زانیاری بدەین، یان بەرەو نەزانی و دواكەوتن بیانبەین.

زانست بە شێوەیەكی گشتی، توانا زانستییەكانی نەتەوە دیاری دەكات و كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر جیاوازیی كۆمەڵگەكان هەیە. ئەم پرسیارە گرنگە پرسیاری كاریگەریی ڕاستەقینەی زانست، چی لە لایەنی تیۆرییەوە بێت، یان لە لایەنی پڕاكتیكییەوە، كاری لەسەر دەكرێت. هەرێمی كوردستانیش لەم قۆناغەدا دەبێت بەردەوام ئەم پرسیارە بكات، واتە جێگە و پێگەی خوێندنی باڵا و كاریگەرییەكانی لەسەر گەشەپێدانی كۆمەڵگە چەندە؟ هیوادارین ئەو پڕۆگرام و پەیڕەوانەی لە زانكۆكان، یان ناوەندەكانی خوێندنی باڵادا جێبەجێ دەكرێن، ببنە هۆی بەرزكردنەوەی كوالێتی زانستی و كوالێتی ئەو كەسانەی لە كۆمەڵگەدا دروست دەكرێن.

لە قۆناغی ئێستای ژیاندا، دەبێت گۆڕانكاری لە پڕۆگرام و پەیڕەوەكانی خوێندن بكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەكانی نەتەوەدا بگونجێت. بەداخەوە گەلی كورد بە درێژایی مێژوو لەژێر كاریگەریی ڕاستەوخۆی دوژمنانیدا بووە، كە هەمیشە هەوڵیان داوە كوالێتی خوێندن نەهێڵن، یان سیستەمەكە تێك بدەن و بیخەنە ژێر كاریگەریی خۆیانەوە. نموونەی ئەوەش لە ڕابردوودا دروستكردنی پڕۆگرامێك بووە كە لەگەڵ بیروبۆچوون و ئامانجەكانی گەلی كورددا گونجاو نەبووە. لە ئێستادا ئەو پڕۆگرامانەی جێبەجێ دەكرێن، دەبێت دوو ئەركی سەرەكییان هەبێت، یەكەم: دیاریكردنی كەسایەتیی كورد و مێژووی گەلی كورد.

دووەم: دیاریكردنی نەهامەتی و دەردەسەرییەكانی گەلی كورد بۆ نەوەكانی داهاتوو.

ئەم پڕۆسەیە كاریگەری لەسەر هوشیاری نەتەوەیی دادەنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەی داهاتوو، كە نەتەوەی كوردن سوود لە ئەزموونی ڕابردوو وەرگرن نەك زیان.

دەبێت گۆڕانكارییەكان و تیۆرەكان، یان ئەو دەردەسەرییانەی بەسەر گەلی كورددا هاتوون، بخرێنە ناو پڕۆگرام و پەیڕەوی خوێندنەوە. بۆ ئەوەی گەلەكەمان و نەتەوەكەمان لەم نەوەیەی داهاتوودا سوود وەربگرن و بزانن كە ئەوەی ئێستا بەدەستیان گەیشتووە، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و شۆڕشەكان بووە، یان بەرهەمی ماندووبوون و قوربانیی باوباپیرانمان بووە.

لە دوماهیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، كە تواناسازی نەتەوەیی لە ڕێگەی خوێندنی باڵاوە پڕۆسەیەكی دوولایەنەیە، لە لایەكەوە پێویستە كوالێتی زانستی و پراكتیكی بەرز بكرێتەوە بۆ ئەوەی خوێندكاران بۆ بازاڕی كار و پێشكەوتنی ژیان ئامادە بكرێن، لە لایەكی دیكەوە پێویستە مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی بپارێزرێت و لە پڕۆگرامەكاندا جێگیر بكرێت. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین نەوەیەكی بەتوانا، هوشیار و خاوەن ویژدانی نەتەوەیی بۆ داهاتوو پەروەردە بكەین، كە بتوانێت لەسەر بناغەی قوربانییەكانی ڕابردوو، داهاتوویەكی گەشاوە بۆ نەتەوەكەی بنیاد بنێت.

 

Top