خوێندنی باڵا و توانا زانستییەکانی نەتەوە
ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سی و پێنجەمین ئەڵقەی "بازنەی گفتوگۆ" بە ناونیشانی "خوێندنی باڵا و توانا زانستییەکانی نەتەوە" بەڕێوەچوو.
لەم گفتوگۆیەدا کە بەڕێزان "د. عیسمەت محەمەد خالید، د. ئەمیر چالی، د. هیمداد حسێن، د. ئاری عادل، د. ماجید خەلیل، د. یاسین ساڵح، د. شنۆ ئەحمەد غەفور، د. ئیبراهیم حەمەڕەش، د. دڵشاد بریفکانی، د. نەهرۆ زاگرۆس، د. لەزگین عەبدی جەمیل بە (سکایپ)، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ: شڤان حەمدی، د. نەزاکەت حسێن، فەرهاد محەمەد" ئامادەبوون، لە دەستپێکدا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە لەسەر شاشە نمایش کرا کە بازنەی گفتوگۆ لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەی کردبوو، تێیدا ڕا و بۆچوونی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ دید و تێڕوانینی خۆیان لەسەر خوێندنی باڵا وەک هێزێکی نەرم بۆ هێزی زانستیی نەتەوە خستبووە ڕوو، پاشان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر گفتوگۆی جددی و ڕاشکاوانەی لەسەر کرا.
لەم گفتوگۆیەدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی کە پلەبەندیی زانکۆکانی کوردستان بە بەراورد بە ئاستی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان زۆر لە دواوەیە و توێژینەوەی زانکۆکان هێندەی بۆ بەدەستهێنان و بەرزکردنەوەی پلەی زانستی دەکرێن، هێندە بۆ ئەو مەبەستە نییە کە وەک نەخشەڕێگەیەک کێشەکانی کۆمەڵگەی خۆمانی پێ چارەسەر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەم گفتوگۆیەدا هەڵوەستە لەسەر ئەوە کرا کە کەرتی تایبەت وەک پێویست نەبووەتە هۆکارێک بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشە زانستییە جیاوازەکانی زانکۆکان، بۆ ئەوەی لە سێکتەرە جیاوازەکانی کەرتی تایبەت جێگەیان بۆ بکرێتەوە و ببنە خاوەنی کاری خۆیان.
سەبارەت بە بوونی زانکۆ ئەهلییەکان هاوشانی زانکۆ حکومییەکان، ئاماژە بەوە کرا کە زۆربوونی زانکۆکان بە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتەوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی حزبی و بەکارهێنانی زانست وەک بزنس بە مەبەستی قازانج، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە تێیدا ئاستی زانستی ڕەچاو نەکرێت و تەنیا ئامانج لە زانکۆ و بەرهەمهێنانی مەعریفە بووەتە بەدەستهێنانی بڕوانامە.
هەر لەم دیدارەدا کە نوێنەری زانکۆی کەرکوک وەک ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، زۆر بە ڕاشکاوی جەخت لەوە کرایەوە کە زانکۆی کەرکوک هەڕەشەی شوناسی لەسەرە و پێشتر سەرۆکی زانکۆکە کورد بوو، بەڵام لەدوای کارەساتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ گۆڕاوە بۆ عەرەب، ئەمەش سیمای کوردستانییانەی زانکۆکەی کاڵ کردووەتەوە.
جێگەی ئاماژەپێکردنە، ڕاپۆرتی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەکرێتەوە.
