توندوتیژی دژی ئافرەتان، تاوانێک دژی مرۆڤایەتی

توندوتیژی دژی ئافرەتان، تاوانێک دژی مرۆڤایەتی

 

توندوتیژی دژی ئافرەتان بابەتێکی شاراوەو ئاشکراو ئاڵۆزی سەردەمی کۆن و ئێستای بەشێکی گەورەی دەوڵەتانی جیهانە، بە کێشەیێکی گەورەی کۆمەلایەتی و تەندروستی و بەتاوانێکی قێزەون دەناسرێت لە سەر ئاستی جیهاندا ،بۆیە بۆ پێناسەکردنی ئەو بابەتە ناکرێ تەنها پشت بە لایەنە زانستییەکەیەوە ببەسترێت، بەلکو لایەنی جیاواز و شاراوە هەن بۆ پێناسەکردنی ئەو بابەتە، توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و کچان یەکێکە لە دیارترین و باوترین بابەت لە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهاندا کە رۆژانە بەشێوەیێکی بەردەوام لەهەر گۆشە و کوچەیێکی ئەم جیهانە ئافرەتان ڕووبەڕوویان دەبنەوە، جا توندوتیژی جەستەیی بێ، دەروونی بێت، ئابووری بێت، یاخود کۆمەلایەتی و سیاسی بێت، هەر بۆیەشە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1999وە 25ی نۆڤێمبەری هەموو ساڵێکی دیاری کرد بۆ بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهاندا، سەرەرای دیاری کردنی ئەو ڕۆژە کە ساڵانە بەچالاکی جۆراوجۆر ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت بەڵام نەبۆتە هۆکارێک کە توندوتیژی بنبڕ بکرێت یاخود نەمێنێ، نوێ کردنەوەی ئەو یادە ساڵانە بە مەڕاسیمی جۆراوجۆر دەرخەر و نیشاندەری ئەوەیە کە هێشتا لەسەر ئاستی جیهان توندوتیژی بە شێوەیێک لە شێوەکان بەرامبەر ئافرەتان بوونی هەیە، پێویستە کار بکرێت لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ئەو جۆرە توندوتیژیانە ڕیشە کێش بکرێن، تەنها بە دەرکردە یاساییەکان کەم نابێتەوە بەلکو پێویستی بە هوشیارکردنەوەی تەواوی تاکەکانی کۆمەلگەیە ،ئەو توندوتیژیانەی کە بەرانبەر بە ئافرەت دەکرێ هەندێکیان جەستەیین بە ئاسانی دەبینرێن بەڵام لە بەرامبەردا هەندێکیان نابینرێن، بەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی وا بەجێ دێلێ کە تەحەمول کردنی کارێکی ئێگجار قورسە وەک( جوێن دان و سووکایەتی پێکردن، درۆکردن،فرە ژنی و نەدانی خەرجی ونەفەقە،گوێ نەدان بەخواستەکانی ئافرەت، تۆمەت و بوختان هەڵبەستن، ئیرەیی بردنی زۆر و لێسەندنەوەی ئازادی، جوداکردن و لێسەندنەوەی منداڵ لە ئافرەت).
ئەگەر چی توندوتیژی بەشێوەیێک لە شێوەکان لە هەمو کۆمەلگەیێک و ژینگەیێک بوونی هەیە بەڵام لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە کە توندوتیژی بەرامبەر‌ ئەو ئافرەتانەی‌ ئاستی خوێندەواریان نزمە، یان خاوەنی داهاتی سەربەخۆ نین و بارودۆخی داراییان باش نییە، یان خاوەنی پێگەی کۆمەڵایەتی نزمترن لە پیاوان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بۆیە ساڵانە پێویستە لەو یاد و بۆنانەدا بەبیر خۆمان و خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێیانمان بێنینەوە کە توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سەردەمی نەفامی و قۆناغی وەحشیگەرییەوە بۆمان ماوەتەوە، ئەنجامدانی ئەو تاوانە لەلایەن هەر کەسێک و لەژێر هەر ناونیشان وپلە و پایەیێک دابێت نیشانەی لاوازی کەسێتی و نەخۆش بوونی دەروونی و نەبونی رەوشت لای کەسەکە دەگەیێنێت، هیچ ولات و کەلتوورێک نییە لە جیهاندا کە ئافرەتان لەوێدا ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبنەوە و بە تەواوی لە ئەمان دابن، لە هەر 3 ئافرەت یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر خێزان و قوتابخانە و رێکخراوە مەدەنییەکان و تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە ڕۆلی ئەرێنی خۆیان هەلبستن لە هوشیار کردنەوەی تاکەکان بەرامبەر ئەنجامنەدانی توندوتیژی لە پێناو بەدیهاتنی خێزانێکی تەندروست و کۆمەڵگەیێکی تەندروست و بەهێز، دەبێ هەر یەکێکمان هۆکارێک بین بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و بەدیهێنان وچەسپاندنی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان وکۆمەلگەی مرۆڤایەتی .

دەستەکانی مرۆڤ دروست نەکراوە تەنها بۆ لێدان و شەق وەشاندن ،هەندێک کات دەست بەخشینە و ئەبەخشێ، هەستەکان ئەگوازرێتەوە و ئارامی و ئاسودەیی دەبەخشێ، بۆیە چاوەکانی ئافرەت لە دەستی تۆیە بەڵام نەک بۆ توندوتیژی بەلکو بۆ یارمەتیدان و میهرەبانی.


نازەنین عەزیز
یاساناس و چالاکوان.

Top