نزار محەمەد: بۆ بژێوی ژیان و هاوكاریكردنی باوكە كەمئەندامەكەم و دایكە نەخۆشەكەم كارم كرد

نزار محەمەد:  بۆ بژێوی ژیان و هاوكاریكردنی باوكە كەمئەندامەكەم و دایكە نەخۆشەكەم كارم كرد

 

 

نزار محەمەد خانمێكی چالاك و پڕ وزە و بە ئەزموونە لە ماڵەكەی خۆیدا كوارگ بەهەم دێنێت، هەر خۆشی ساخیان دەكاتەوە و بە بازاڕیان دەكات.

 نزار محەمەد لە دایكبووی قەلادزێیە و دانێشتووی ناحیەی ژاراوەیە، ساڵی 2021 كۆلێژی ئەندازیاری كشتوكاڵی تەواو كردووە، وەك خۆی باسی دەكات لە پێناو هاوكاری كردنی خێزانەكەی دەستی بەم كارە كردووە و لە ئێستادا خاوەنكاری خۆیەتی. لە دیدارێكدا ئەرك و ماندووبوون و شەونخونی كارەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«لە دوای ئەوی كە زانكۆم تەواو كرد بۆ بژێوی ژیان و هاوكاری كردنی باوكە كەمئەندامەكەم و دایكە نەخۆشەكەم كە ساڵانێكە بە دەست نەخۆشی درێژخایەن دەناڵێنێت كارم كرد، لە ناوچەیەكی بچووك كە دەرفەتی كار بۆ كوڕ بوونی نییە چ بگات بە كچ.

بەڵام من كۆڵم نەدا و ڕادەستی بارودۆخی ناوچەكە نەبووم، دستم بەرد بۆ بەرهەم هینانی قارچك كە یەكەم وەجبەم تێچووەكەی ٥٠٠ هەزار دینار بوو ئەویشم قەرز كردبوو، توانیم هەموو پێداویستییەكانی بەرهەم هێنانی قارچك دابینن بكەم، بەڵام زۆرجار كە ئیشێك تاقیدەكەیتەوە لە سەرەتادا لەلایەن دەوروبەر قبوڵ ناكریت، بۆیە منیش ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوومەوە، بەتایبەت لەلایەن خیزانەكەم كە گوایە دەستم داوەتە ئیشێك كە هیچ ئەنجامێكی نییە، بەڵام دوای (٤٠) ڕۆژ لە دوای ئەو ناخۆشی سەرزەنشتكردنانە كاتێك دەرگای ژووری كوارگەكانم كردەوە دیمەنێكی ناوازەم بینی، بینیم كوارگەكانم گەشەیان كردووە، ئەوە بۆ من وەكو موعجیزە وابوو، كوارگەكان لەناو كیسە بچووكەكان هاتبوونە دەرەوە ئەوەندە دڵم پێیان خۆش بوو چەندین كاتژمێر لایان دەمامەوە و سەیرم دەكردن، بەڵام ناخۆشییەكان جارێكی دیكە دەستیان پێكرد، بەرهەمێكی جوانم هەبوو بەڵام نەمدەزانی لەكوێ ساخیان بكەمەوە».

نزار محەمەد لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «بڕیارمدا بەرهەمەكانم ببەم بۆ سەوزە فرۆش و ماركێتەكان تاوەكو بۆم بفرۆشنەوە، بەڵام قبۆڵیان نەكرد، چونكە بەرهەمێكی تازە و نەناسراو بوو لای خەڵكیش خوازراو نەبوو.

سەرەتا بەهۆی ساخ نەبوونەوەی كوارگەكانم زەرەرێكی زۆرم كرد، ناچار بە دراوسێ و خزم و كەسەكانم بەخشی، ماركێتێك بە نرخێكی زۆر كەم لێی وەرگرتم منیش خوشكم و هاوڕێكانم دەنارد تا كورگەكان بكڕنەوە تاوەكو ماركێتەكە كوارگی زیاترم لێوەربگرێت، سەرەتا كڕیاری زۆركەم بوو زۆرجار كوارگەكانم بەهۆی مانەوە تێكدەچوون، بەو شێوەیە بەردوام بووم تا وردە وردە شارەزا بووم و لە چەند فێستیڤاڵ و پیشانگایەك بەشدار بووم و بەرهەمەكەی خۆم بە خەڵك ناساند، هەنگاو بە هەنگاو لۆگۆی تایبەتم دروست كرد و توانیم سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی بچووكی بەرهەمهێنانی كوارگ بكەم كە لە ماڵەوە دایان ناوە، ئێستا خۆم بەرپرسم لە فرۆشتنی كوارگ، سپاون، كا، كیسەی ئامادە، هەروەها كۆرسی تایبەتم هەیە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت وردەكاری شارەزای ئەو بەرهەمە ناوازەیە بن، جگە لەوە من لە توانامدایە بە هەموو شیوازەكان كوارگ بەرهەم بهێنم بە ڕەنگی جیاوازیش، بەڵام بەهۆی ئەوی تەنیام لەم ڕێگایەدا و بەبێ هاوكاری هیچ لایەنێك كارەكەم زۆر بە هێواشی دەڕوات».

ئەو خاوەنكارە سەبارەت بە ئامانجی لە كارەكەیدا گوتی: «ئامانجم دابینكردنی سەرچاوەی خۆراكە بۆ ناوخۆی كوردستان هەروەها دابینكردنی هەلی كارە بۆ كچان و كوڕانی ناوچەكەم، كە بەهۆی بارودۆخی ئێستای كوردستان و ناوچەكە بێكارن، ئەوان دەتوانن لە ماڵەكەی خۆیان هەم خۆراك هەم سەرچاوەی بژێوی ژیان بەرهەم بهێنن».

 

نزار محەمەد:  بۆ بژێوی ژیان و هاوكاریكردنی باوكە كەمئەندامەكەم و دایكە نەخۆشەكەم كارم كرد
نزار محەمەد:  بۆ بژێوی ژیان و هاوكاریكردنی باوكە كەمئەندامەكەم و دایكە نەخۆشەكەم كارم كرد
Top