بڕیاری بارزانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دیاری دەكات
لە میانەی سێ ساڵی ڕابردوو لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانمان بۆ گفتوگۆكانی «بازنەی گفتوگۆ»ی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، میوانداریی چەندین سیاسەتمەداری باڵای لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی شیعە و سوننەی عێراقمان كردووە، بۆ ئەوەی بێنە هەولێر و بەشداریی گفتوگۆكانی بازنەی گفتوگۆ بكەن.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەموو ئەو بەڕێزانەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كاتێك پەیوەندیمان پێوە دەكردن و بانگهێشتمان بۆ دەناردن بۆ ئەوەی بێنە هەولێر لەوەڵامدا پێیان دەگوتین «چەند ڕۆژێك موڵەتمان بدەن هەتا ڕەزامەندیی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەمان وەردەگرین» دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی كە دەهاتن بۆ هەولێر لە كاتی پێشوازیكردنیان لە فڕۆكەخانە و دیدارە نافەرمییەكانی هۆتێلەكان، ڕاشكاوانە پێیان دەگوتین «ئێمە تەنیا بۆ بەشداریی ئەو گفتوگۆیە نەهاتووین بۆ ئێرە، بەڵكو هاتووین بۆ ئەوەی پەیامی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بە گشتی و پەیامی تایبەتیی حزبەكەی خۆمان بە ڕێگەی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە جەنابی سەرۆك بارزانی بگەیەنین»و، لەمەش زیاتر زۆر ڕاشكاوانە پێیان دەگوتین «هەندێك لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی كە ئاستەنگ بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان بەغدا و هەولێر دروست دەكەن، ئامانجیان ئەوەیە لەژێر ئەو گوشارانە سەرۆك بارزانی نەرمی بنوێنێت یان سازش لەسەر بەشێك لەمافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بكات»، بەڵام لۆژیك و بوێریی سەرۆك بارزانی لە پێداگریكردنی لەسەر پرسە نەتەوەی و نیشتمانییەكان سەلماندیان، كە هیچ گوشارێك ناتوانێت گۆڕانكاری بەسەر پرانسیپەكانی ئەودا بهێنێت و، لەمەش زیاتر بەشی هەرە زۆری سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی وەك «نوری مالیكی، هادی عامری، عەممار حەكیم، حەیدەر عەببادی ..هتد» گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ شەخسی سەرۆك بارزانی، نە عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینیت، نە هیچ حكومەت و پرۆسەیەكی سیاسی لە عێراقدا سەركەوتوو دەبێت.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر ئەم باكگراوەندە گرێ بدەینەوە بە یەكەم سەردانی نوری مالیكی بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە ئاراستەی سیاسەتی تازەی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ئەوەیە،كە دەیانەوێت و مەبەستیانە ئاراستەی سیاسەت و مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگۆڕن و، زەمینەیەكی تازە بێننە ئاراوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەی سەرۆك بارزانی بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق هەیەتی، ڕێككەوتنێكی تازەی لەگەڵ ئەنجام بدەن و، ئەو هەڵانە ڕاست بكەنەوە، كە پێشتر بۆ مەرامی سیاسی و گوشار خستە سەر كوردستان كردوویانە، لەمەش زیاتر مەبەستیان ئەو هەلە مێژووییە لەدەست نەدەن، كە دوای ئەم هەڵبژاردنانە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە هاتۆتە ئاراوە.
نوری مالیكی بەر لەوەی سەردانی هەولێر بكات و، دوو پەیامی نیەت پاكی بە گەلی كوردستان و عێراق ڕاگەیاند:
1- دیدارە ڕاشكاوانەكەی لەگەڵ تەلەفزیۆنی «شەمس» كە بە زمانی عەرەبی لەگەڵی ئەنجامدرا و، بەزمانی عەرەبییش بۆ هەموو گەلانی عێراق پەخشكرا زۆر زۆر گرنگ بوو، ئەمەش لەبەر ئەوەی قسەكردنی كەسایەتییەكی گرنگی وەك نوری مالیكی لەگەڵ كەناڵێكی كوردستانی كە بەزمانی عەرەبی بەرنامەكانی پەخش دەبێت، جیاوازە بە عەرەبی لەگەڵ كەناڵێكی كوردستانی قسە بكات و، پاشان قسەكانی بكرێن بە كوردی و بینەری عەرەبیی زمان لە پەیامەكانی بێ بەش بن و، لێرەدا هەڵوەستە لەسەر چەند لایەنێكی ئەو پەیامە دەكەین:
ا- ئەم دیمانەیە كە بەزمانی عەرەبی نوری مالیكی وەڵامی پرسیارەكانی كەناڵی «شەمس»ی دەدایەوە، پەیامێك بوو بۆ لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی عێراقی بەشێوەیەكی گشتی و لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، بەوەی پێگوتن لەم مینبەرە كوردستانییەوە بە زمانی عەرەبی ئاراستە و بەرنامەی تازەی كۆی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕادەگەیەنین.
ب- دیسان كە هەر بەزمانی عەرەبی وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە مەرجەكانی سەرۆك بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دایەوە و، زۆر راشكاوانە گوتی «جێبەجێكردنی دەستوور سیمایەكی شارستانییە، هەتا دەستوور جێ بەجێ نەكرێت، عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت»، سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەرۆك بارزانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا جەختی لەسەر كردۆتەوە، مالیكی زۆر بوێرانە گوتی «ئەم یاسایەی ئێستا زوڵم لە مافی دەنگدەران دەكات و، زوڵمی لە مافی ئێمەش وەك «دەوڵەتی یاسا» كردووە و،كورسیەكانی ئێمە ئەوەندە نین كە ئێستا بەدەستمان هێناوە، بۆیە دەبێت هەر دوای پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو هەموو هەوڵێك بخەینەگەر بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێك هەموار بكرێتەوە، زوڵم لە مافی دەنگدەران نەكات»، لە تەوەرێكی دیكەی ئەم دیمانەیە و، سەبارەت بە دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بۆ یەكەمین جار مالیكی ڕاستییەكی ئاشكرا كرد و گوتی «ئێمە لە ساڵانی 2007 و 2008 لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی ڕێككەوتین و ناردمان بۆ پەرلەمان لەوێ ئاستەنگیان بۆ دروستكرد و ڕێگەیان نەدا ئەو یاسایە تێپەڕبكرێت».
ج- ئەو بەشەی ئەم دیدارە كە تایبەت بوو بەوەڵامەكانی مالیكی سەبارەت بە شێوازی چارەسەركردنی كێشەكانی هەبوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كەناڵی «كوردستان» بە وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی پەخشی كردەوە، ئەمەش بۆ ئەوە بوو هەموو خەڵكی كوردستان زۆر باش لەوە تێبگەن لەم دیدارە مێژووییەدا، سەرۆك بارزانی لەسەر چ بنەمایەك كۆبوونەوە لەگەڵ نوری مالیكی وەك كەسایەتی و كاریزمایەكی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دەكات، بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی «فیدڕاڵی، پەرلەمانی، دیموكراتی، فرەیی» كە ئەمەش دەبێتە نەخشەڕێگەی دروشمی «هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان» كە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریی هەڵبژاردنەكانی پێكرد و زیاتر لەیەك ملیۆن دەنگی بەدەست هێنا.
2- لە دیدارەكەی لەگەڵ كەناڵی «شەمس» نوری مالیكی گوتی «خۆم كاندید نەكردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەگەر داوام لێ بكرێت ڕەتی ناكەمەوە» بەڵام هەر ڕۆژێك دوای ئەم دیدارە دروست لە ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2025، كاتێك نوری مالیكی بەرەو هەولێر بۆ دیداری سەرۆك بارزانی بەڕێكەوت، بەر لەوەی بگاتە هەولێر، مەكتەبی سیاسیی حزبی دەعوای ئیسلامی بە كۆی دەنگ نوری مالیكیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید كرد، ئەم سناریۆیەی نوری مالیكی و حزبی دەعوا ئەوە پێی گوتین «ئەگەر سەرۆك بارزانی بڕیار لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بدات، ئەوا پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق پێویستی بە كۆبوونەوەی شاندەكانی دانوستاندن نابێت».
لەدوای كۆتایهاتنی ئەم كۆبوونەوە لووتكەیەی نێوان «بارزانی و مالیكی» گوتاری سیاسیی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەروو هەموویانەوە، هاوپەیمانی «بونیادنەوە و گەشەپێدان» كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق سەرۆكایەتیی دەكات، گۆڕانكاریی بەرچاوی بەسەر هاتووە و، ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە ڕاشكاوانە لە كەناڵەكانەوە ڕایانگەیاند» ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریان دا نوری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیران ئەوا هاوپەیمانیی بودنیانەوە و گەشەپێدانیش پشتگیریی مالیكی دەكەن.»
ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی لووتكەی نێوان «بارزانی و مالیكی» و گرێدانی ئەم لووتكەیە بەشێوەیەكی ئەرێنی، زۆر ڕاشكاوانە ئەو قەناعەتەی خستەڕوو، كە دووبارە ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دوورخستنەوەی وڵات لە شەڕ و گەندەڵكاری، پێویستیی بە هیمەت و بڕیاری دامەزرێنەری نەخشەڕێگەی ئەو سیستمە سیاسییە هەیە، كە سەرۆك بارزانی یەكێكە لە دامەزرێنەرە سەرەكییەكانی ئەو سیستمە و لە ساڵی 1992 ەوە كاری لەسەر دەكات و، لە ساڵی 2004 كردیە بەشێك لە یاسای كاتی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و، لەساڵی 2005 لەناو دەستووری عێراقدا چەسپاندنی، كە ئەویش بونیادنانەوەی حكومڕانییەكی تەندروستە لەسەر بنەمای «هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان»، كە دەبێتە بناغەیەكی پتەو بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵیی ڕاستەقینە.
