لە دوای مردنی,ناوی لە ڕێرەوی ئەستێرە بەناوبانگەكانی هۆڵیوود دانرا
لە دوای كۆچی دواییدا,ئەكتەری دیاری سینەمای ئەمریكی (چادویك بۆسمان)ناوی چووە ڕێرەوی ئەستێرە بەناوبانگەكان لە هۆڵیوود.
لە مەراسیمێكی تایبەتدا بە ئامادەبوونی خانەوادەو كۆمەڵێك سینەماكار و هاوڕێیانی,ناوی چادویك بۆسمان پاڵەوانی فیملی(Black Panther)لە ڕێرەوی ئەستێرە دیارەكانی هۆڵیوود دانرا,بەم هۆیەوە (سیمۆن لیدوارد بۆسمان)هاوژینی ئەم هونەرمەندە خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم ڕێزلێنانە دەربڕی و ئاماژەی پێدا كە ئەمە لە یاد و بیرەوەری دۆستانی دەمێنێتەوە,هەروەها گوتی:چادویك بە سەربەرزی ژیا و ئەو هونەرەی كە پێشكەشی كرد دەبێتە سەرچاوەو ئیلهام بەخش بۆ نەوەكانی دواتر.
هەروەها خانمە هونەرمەند و سینەماكار (ڤیولا دەیڤس) هاوڕێی چادویك بۆسمان كە ئامادەی مەراسیمەكە بوو,لە گوتارەكەیدا لەكاتی ناوهێنانی بۆسمان نەیتوانی ووشەی “مردن/ڕۆیشت” بۆ هاوپیشەكەی بەكار بهێنێت,بەو پێیەی كە زۆر هاوڕی بووەو ئێستاش هەست بە بوونی دەكات,وە پێش مردنی چادویك بۆسمان دوایین كاری سینەمایی لەگەڵدا ئەنجامدا كە لە فیملی (ma rainey's black bottom)هەردووكیان پاڵەوانی نێو فیلمەكە بوون,هەروەها (ڕیان كوگلەر) دەرهێنەری فیلمی سینەمایی(black panther)ئامادەی مەراسیمەكەبوو,كە ئەم كارە سینەماییە فیلمێكی مارڤڵە و زیاتر ناوی ئەم هونەرمەندەی بە جیهان ناساند و وەكو ئەستێرەی هۆڵیوود دەركەوت.
چادویك ئارۆن بۆسمان لە ساڵی 1976 لە ئەمریكا لەدایكبووە,ساڵی 2000 كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە زانكۆی هوارد لە واشنتۆن بەشی دەرهێنان تەواو دەكات,ئەگەرچی لە سەرەتادا خولیای كاری دەرهێنانی هەبووە لە بواری سینەمادا,بەڵام وەكو دەستپێكێك بۆ ناسینی ئەكتەرەكان سەرەتا وەكو ئەكتەر هاتە نێو بواری فیلمی سینەمایی و كاری تەلەڤزیۆنی,دوای بەشداریكردنی لە چەندین فیلم و كاری سەركەوتوو,ساڵی 2020 بە نەخۆشی شێرپەنجەی قۆڵۆن لە تەمەنی 43 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
